ئاب 08, 2020

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ پاراستنی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێراندایە

ماوەیەکە بەتایبەتی لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و هەڕەشەکانی دانانەوەی سزایەکان لەسەر ئێران، سەرکردەکانی هەردوو لا دەستیان بەهەڕەشە لەیەکتری کردوە. ئایا هەڕەشەکان یەکتری پەلکێشدەکەن بەرەو جەنگێکی دیکە لەناوچەکەدا یان تەنها لەچوارچێوەی شەڕی سایکۆلۆژی و بازرگانی دەمێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) لەنێو بەرزبونەوەی گرژیەکان لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا، هەریەکە لە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا و، (حەسەن ڕوحانی) سەرۆککۆماری ئێران دەستیان بەهەڕەشەی شەڕانی لەیەکتری کردوە، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران بەشێوەی هەڕەشەی جیاجیا بەبەردەوامی لەبەریەکدان.
(ترەمپ) لەتویتێکدا هەڕەشەی لەئێران کردوە کە وەکو چەند وڵاتی دیکە لەمێژوودا باجی کردارەکانی دەدات، وە (ڕوحانی) یش وەڵامی داوەتەوە کە شەڕ لەگەڵ ئێراندا شەڕە لەگەڵ دایکی هەموو شەڕەکاندا، وە ئاشتیش بەهەمان شێوە ئاشتیە لەگەڵ دایکی هەموو ئاشتیەکاندا.
چی هاندەری ئەو گرژیانەیە:
لەمانگی ئایاردا ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران هاتەدەرێ و پلانی هەیە سزایەکانی بگێڕێتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، واشنتن ئێستا ئامادەکاری چەسپاندنەوەی سزایەکان دەکات لەسەر ئێران،ئەوە وێڕای ئەوەی لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکە ( ڕووسیا و، بەریتانیا و، فەرەنسا و، چین و ئەڵمان) ناڕازین لەسەر ئەو بڕیارەی ئەمەریکا.
ئەمەریکا بەتەنها لەسەر شێوەی ڕێکەوتنەکە ناڕازی نیە بەڵکو چالاکیەکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیری لەو ناوچەیەدا خاڵێکی دیکەی جەوهەریە بەلای ئەمەریکاوە کەدەبێ پێش بەئێران بگیرێت.
بەلای ئەمەریکاوە ڕێکەوتنی ئەتۆمی دەستی ئێرانی بەهێزکردوە لەسیاسەتی ناوچەیدا، وە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئێران بەسەدان سەرباز و هەزاران خۆبەخشی ڕەوانەی سووریاکردوە بۆ بەرگریکردن لەکەوتنی ڕژێمی سووریا، هەروەها وجودی سەربازی لەناوچەکەدا گەورەترکردوە.
وڵاتانی کەنداو ئێران تاوانباردەکەن بەپاڵپشتیکردن لەحوسیەکانی یەمەن لەڕێی ناردنی هاریکاری دارایی و چەک و تەقەمەنی بۆیان، ئەگەرچی ئێران ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە بەڵام عەرەبستان کە هاوپەیمانی ستراتیژی و گرنگی ئەمەریکایە ئەو هۆشداریانەی لەسەر ئێران بەبەردەوامی دوپاتکردۆتەوە.
هەڕەشە یان هەنگاوی کردەیی:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگی‌ئەمەریکا) بەرپرسانی ئیدارەی (ترەمپ) ڕایانگەیاندوە کە هەواڵی ناخۆش هەن لەبارەی ئێرانەوە، (جۆن بۆڵتن) ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەڵێ، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆکدا لەبارەی ئێرانەوە قسەیان کردوە، سەرۆکی ئەمەریکا پێی گوتوە ئەگەر ئێران هەرشتێکی خراپ بکات ئەوا باجەکەی دەدات هەروەکو ئەو وڵاتانەی کە پێشتر باجەکەیان داوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە سەرۆکی هەردوو وڵات لەژێر گوشاری ناوخۆیدان لەبارەی سیاسەتەکانی دەرەوەیان، ڕوحانی زیاتر گوشاری ئابوری ناوخۆیشی لەسەرە.
هەندێک لەشارەزایان لەو باوەڕەدان کەگوشارەکانی هەردوو سەرۆک بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی خۆماڵین، وە دووریش نیە گوشارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران وەکو کۆریای باکوری لێبێت و دواجار کێشەکانیان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆکردن.
هەر لەبارەی گرژیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە، (باربارا سلاڤین) بەڕێوەبەری گشتی لەئەنجومەنی ئەتلانتیک بۆ داهاتوی ئێران گوتی، هیچ ئەگەرێکی راستەقینە نابینێت کە (ترەمپ) بیەوێت هەڕەشەکانی بگوازێتەوە بۆ شەڕی چەکداری، بەڵام ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەمەریکا پێشتر سزای ئابوری لەسەر ئێران داناوە و، وە دانانەوەی سزا ئابوریەکان دەبێتەهۆی لەنێوبردنی ئابوری ئێران و سەرەنجام خەڵکە ئاساییەکەی زیانی گەورەی پێدەگات.
(سلاڤین) گوتیشی، سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەی بەڕوونی گوتوە کە نایەوێ هێزی ئەمەریکایی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێ، هەتا لەگەڵ ئەوەش نیە هێزی لەسووریایش هەبێ، بۆیە ڕەوانەکردنی هێز لەدژی ئێران بە ئەگەرێک نابینێ.
بێجگە لە ئیسرائیل و عەرەبستان هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە پاڵپشتی لەشەڕی ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا ناکەن، وە کۆمەڵگای نیودەوڵەتیش لەدژی ئەوەیە و، بەپێچەوانەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ پاراستنی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێراندایە.
بەشێک لەشارەزایان هۆشداری ئەوە دەدەن ئەگەر بێتو ئەمەریکا لەدژی ئێران شەڕ هەلگیرسێنێ ئەوا ئێرانیش کێشە دروستدەکات، لەو بارەیەوە (جۆشوا پۆڵاک) بەپرسی باڵای کۆمەڵگای توێژینەوە بۆ دیراساتی نێودەوڵەتی لە کالیفۆرنیا گوتی، ئێران موشەکی بالیستیکی کورت و مام ناوەند مەودای هەن کە کڵاوەی شەڕ هەڵدەگرن و، ژمارەیە موشەکی دژە کەشتی قەدەغەکراویشی هەن. ئەگەر بێتو پەلاماری ئێران بدرێ ئەویش بژاردەی وەڵامدانەوەی دەبێ لەنێویشیاندا داخستنی گەرووی هورمز کە خاڵێکی ستراتیژی گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەش کاریگەری خراپی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە. هەروەها گوتیشی ئێران وڵاتێکە سپۆنسەری تیرۆریستی دەکات و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا دەخاتە مەترسیەوە، بێجگە لەوەش هاککەریشی هەن کە پێشتر شاڵاوی ئەلکترۆنیان بۆ سەر ئارامکۆ لە عەرەبستان ئەنجامداوە.
شیاوی باسکردنە، ئەمەریکا گوشارەکانی لەسەر ئێران زیادکردوە، بەڵام وادەردەکەوێ هەنگاوی یەکەمی ئەمەریکا دانانەوەی سزا ئابورییەکان بێ و لەو ڕێگایەوە بیەوێ ئابوری ئێران بخات.
ئیدارەی (ترەمپ) لەماوەی ڕابردوودا وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئاگادارکردۆتەوە کە مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێراندا ڕابگرن، وە داوای بواردنی وڵاتانی ئەوروپایشی قبوڵنەکردوە هەتا درێژە بە مامەڵە بازرگانیەکانیان بدەن لەدوای گێڕانەوەی سزا ئابورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (دەنگی‌ئەمەریکا) ئیدارەی (ترەمپ) وادەردەکەوێ بەڵێنی جیدی لە کڕیارەکانی نەوتی ئێران دەستنەکەوتبێ هەتا ئاستی کڕینی نەوت لەگەڵ ئێراندا کەمبکەنەوە و دواتر کۆتایی پێبنن.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پابەندی ڕاگرتنی مامەڵەکان لەگەڵ ئێران نابێ، لەو بارەیەوە (مەولود چاوشئۆغلۆ) وەزیری دەرەوەی تورکیا لەڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دا ئاماژەی بەوەداوە، تورکیا بەبەرپرسانی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە لەدژی سزادانانەوەی سەر ئێرانن و هیچ ناچارنین کەپابەندی جێبەجێکردنی بن.
تورکیا پشت بەهاوردەی وزە لەوڵاتانی دەرەوە دەبەستێ و ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانە. لەچوار مانگی یەکەمی ئەو ساڵدا تورکیا نزیکەی (٣ ملیۆن تەن) نەوتی خاوی لەئێرانەوە هاوردە کردوە و، بۆیە بۆ تورکیا نەوتی ئێران گرنگی خۆی هەیە.
لەو بارەیەوە (چاوشئۆغلۆ) گوتی، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆبونەوەیان کردوە و بەکراوەیی پێیان ڕاگەیاندون کە تورکیا نەوت و گازی لە ئازەربایجان و، ئێران و، ڕووسیا و عێراق دەستدەکەوێ ئەگەر نەتوانن لەئێران نەوت بکڕن کەواتە دەتوانن لەکوێ داواکارییەکانیان پڕبکەنەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە ئەمەریکا بەلایەوە گرنگ نیە کێ حوکمڕانی ئێران دەکات بۆیە شەڕ لەگەڵ ئێران ئەگەرێکی جیدی نیە، بەڵکو ئەمەریکازیاتر بەلای ئەوەدایە هەوڵەکانی ئێران لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕابگرێ و گوشارە ناوچەییەکانی ئێران کەمبکاتەوە. ئەمەریکا زیاتر بەلای ئەو ئەگەرەدایە کە ڕێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ ئێراندا ئەنجامبدا و بەڕێکەوتنی ئیدارەی پێشوتر ڕازی نیە

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler