ئەیلول 20, 2019

ئەمریکا رەتیکردووەتەوە فەتحوڵا گولەن رادەستی تورکیا بکاتەوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەتیکردووەتەوە فەتحوڵا گولەن رادەستی تورکیا بکاتەوە، لەبەرانبەر ئازادکردنی قەشەیەکی ئەمریکیدا کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەتورکیا دەستگیرکراوە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە داوایکردووە ناوی نەهێنرێت ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسێکی تورکیا ئازادکردنی ئاندریو برەنسن قەشەی ئەمریکی بەستووەتەوە بە رادەستکردنی فەتحوڵا گولەنەوە، گرژی کەوتووەتە نێوان پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆنەوە.
جەختیشیکردووەتەوە، ناکرێت ئازادکردنی قەشە ئەمریکییەکە ببەسترێتەوە بە دۆسیەی فەتحوڵا گولەنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کردبوو کار بکات بۆ ئازادکردنی قەشە ئەمریکییەکە کە لەدوای کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی ٢٠١٦ی تورکیا دەستگیرکراوە.
بەرپرسانی تورکیا قەشە ئەمریکییەکەیان تۆمەتبارکردووە بە کارکردن لە بەرژەوەندی فەتحوڵا گولەن، بەڵام قەشە ئەمریکییەکە تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.

© 2017 Hawler