ئەیلول 21, 2019

چاوپێکەوتن لەگەڵ(مادلین ئۆلبرایت)‏ ‏"ئەو گەشبینــــەم زۆر دڵەراوکێم هەیە"‏

سازدانی:  کریستۆف شویەرمان 

وەرگێرانی : ساسان عەونی

 

 

ئەم بابەتە بەزمانی ئەڵمانی لە چاپی ژمارە (28)ی رۆژی 7/7/2018 (دێرشبیگل)ی ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە و لە رۆژی 11/7/2018 لە ‏چاپی ئینگلیزی (شبیگل ئۆنلاین) بڵاوکراوەتەوە‎.‎

گوتی ماوەیێکی درێژە لەکارکردن وەستاوم. ئەو لە تەمەنی 81 ساڵیدا دەتوانێت تەماشای رابردویێکی پیشەییانەی سەرکەوتوو لە بواری ‏دیپلۆماسی و چەندین کتێبی چاپکراو و کۆمپانیایەکی گەشە کردووی راوێژکاری بکات. ‏
بەڵام (مادلین ئۆلبرایت) لەو جۆرە کەسانە نییە لە خانەنشین بوون وون ببێت. ئەو تا ئێستاش خانمە گەورەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، ‏ئەو کارەی کە وەک نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەستی پێکرد و دواتریش لە سەردەمی سەرۆک (بیل کلینتۆن) دا بووە وەزیری ‏دەرەوە.‏
ئۆلبرایت لە سەردەمی کارکردنیدا گرنگی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشکەوتنی روسیای دوای داڕمانییەکێی سۆڤیەت و بەرنامەی ئەتۆمی ‏کۆریای باکور دەدا، ئەو بابەتانەی کە تا ئێستاش هەروا گرنگ ماون.‏
تا ئەمڕۆ چاودێرێکی بە سەلیقەی رووداوەکانی جیهانە و دیدگایێکی سەرتاپاگیری پەرەسەندنەکان و ئاراستەکانی هەیە. ئەو بابەتە هەرە ‏گرنگەی کە لە ئێستادا ئۆلبرایت پێیەوە سەرقاڵە (دۆناڵد ترمپ)ی سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکایە، کە زیانێکی گەورەی لە ‏پەیوەندیەکانی نێوان ئەتڵەسی داوە و سیستەمی سیاسی رۆژئاوای کردۆتە ئامانج، ئەو سیستەمە سیاسیەی کە ئۆلبرایت هاوکاری ‏دروستکردنی بووە.‏
لە ناوەڕاستی تەمووزدا، ئۆلبرایت، دوا کتێبی بە زمانی ئەڵمانی چاپکرا کە ناونیشانەکەی (فاشیزم، ئاگادار کردنەوەیەک)یە.‏
لە نوسینگەی خۆی لە واشنتۆنی پایتەخت پێشوازی لە میوانان دەکات. لە گۆشەیەکی ئۆفیسەکەی بوکەڵەیەکییاری هەیە کە پڕ لە ‏شۆکۆلاتەیە و دیاری قوتابیەکانێتی لە زانکۆی جۆرج تاون.‏
ئۆلبرایت پەنجە بۆ وێنەیەکی چوارچێوەکراوی سەر دیوارەکەی بەردەمی درێژ دەکات کە لە لیستی ئەو ناوانە وەرگیراوە کە لەسەر (ئێس ئێس ‏ئەمریکا) سەفەریان کردووە. (ئێس ئێس ئەمریکا) ناوی ئەو کەشتیە بوو کە ئۆلبرایت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئەوروپاوە بۆ ‏ئەمریکا سەفەری پێ کرد.‏
ئۆلبرایت: دەتوانی لێرە ناوم ببینی (ماری کۆربیلۆڤا) تەمەن 11 ساڵ، کۆربیلۆڤا ناوی پێش شووکردنم بوو، لە رۆژی 11ی نۆڤەمبەری ‏‏1948 لەسەر پشتی (ئێس ئێس ئەمریکا) لەگەڵ هەر سێ خوشک و دایک و باوکم هاتین بۆ ئەمریکا. لە تەنیشت وێنەی سەرنشینانی ‏کەشتیەکە کە ناوی منی تێدایە، دەتوانی ئەو دەسەڵات پێدانەم ببینی کە سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا (بیل کلینتۆن) پێی بەخشیبووم، ‏لەگەڵ میدالیای ئازادی کە سەرۆکی پێشوو (باراک ئۆباما) پێشکەشی کردووم، ئەمەیە چیرۆکی ژیانم.‏
دێرشبیگل: تۆ لە (پراگ) لە دایک بوویت، لەکاتی جەنگی جیهانی دووەم لە دەستی نازیەکان بەرەو (لەندەن) هەڵهاتیت، دواتر لە دەستی ‏کۆمۆنیستەکان بەرەو ئەمریکا هەڵهاتیت. ئەم تاقیکردنەوانە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی داهاتووت دانا؟ چۆن تۆیان دروست کرد؟
ئۆلبرایت: من جیاوازیەکە لەو کاروبارە جیهانیانە دەبینم کە ویلایەتەیەکگرتووەکان بەشداریان تێدا دەکاتیان کاتێ بەشداریان تێدا ‏ناکات. کۆنگرەی (میونشن) لە ساڵی 1938 ئەڵقەییەکلاکەرەوە بوو، رێککەوتنێک بوو لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیەکان لەگەڵ ئەڵمان و ‏ئیتاڵیەکان بەبێ چیکۆسلۆڤاکیا و بەبێ ویلایەتەیەکگرتووەکان، ئەم رێککەوتنە دەسەڵاتی بە (هیتلەر) دا کە بەشێک لە چیکۆسلۆڤاکیا ‏ببات. بەڵام کاتێ ئەمریکا هاتە ناو، ئەوە گۆڕانکاریەکانی دروست کرد. لە دوای ساڵی 1945و لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنانەی کە لەکاتی ‏شەڕ کرابوون، ئەوروپا بۆ دوو کەرت دابەش کرا و ئەو وڵاتەی کە لێَی لە دایک ببووم بۆ ماوەی 40 ساڵ کەوتە پشت پەردەی ئاسنینەوە. بۆیە ‏لە حاڵەتی مندا دەتوانم بڵێم لەو کاتانەی ویلایەتەیەکگرتوەکان نایێتە ناو کێشەکان شتی خراپ روو دەدات. بۆیە دەبێت ویلایەتە ‏یەکگرتووەکان بەردەوام بەشێک بێت.‏
دێرشبیگل: کە ئەمڕۆ تاماشای حاڵی رۆژئاوا دەکەیت، ئایا گەشبینییا رەشبین؟
ئۆلبرایت: ئەو گەشبینەم زۆر دڵەراوکێم هەیە.‏
دێرشبیگل: لە کتێبەکەت نیگەرانی گەڕانەوەی کەشی نێو دەوڵەتیت باس کردووە بۆ هەمان کەشی کە ساڵانی 1920 و 1930 بەربڵاو بوو، ‏لەوە مەبەستتان چییە؟
ئۆلبرایت: کاتێ ئەم کتێبەم نووسی، بڕیارم دا شتێک بکەم مێژوویی بێت نەوەک سۆزداری. لە نێوان ئەوسا و ئێستادا لایەنی لێکچووی ‏سەرنج راکێش هەیە کە پەیوەندی بە دابەش بوونەکانی ناو کۆمەڵگا هەیە، لە لایەنی ئابووریەوە هەستکردن بە بونی براوە و دۆڕاو هەیە، ‏هەندێ سیاسەتکاریش سوود لەو دابەشبوونانە وەردەگرن، لە جیاتی ئەوەی لە خاڵی هاوبەش بگەڕێن، هەموو توانایان دەخەنە کار بۆ ‏زیادکردنی دابەشکاریەکان. من بڕوام بە نیشتیمان پەروەری هەیە، بەڵام لە نەتەوەپەرستی نیگەرانم. هەموومان لە هەندێ بواردا سوودی ‏زۆرمان لە جیهانگیری وەرگرتووە، بەڵام ئەویش وەک شیرێکی دوو تیخە، چونکە خەڵک هەست بە لەدەست دانی ناسنامە و ئینتیما دەکەن.‏
دێرشبیگل: ناونیشانی کتێبەکەت (فاشیزم، ئاگادارکردنەوەیەک)ە، ئایا ئەمە هەندێ جێی نیگەرانی نییە ؟ ئایا بەڕاستی مەترسی ‏گەڕانەوە بۆ فاشیەت هەیە؟
ئۆلبرایت: گریمانەی وا هەیە کە جێی دڵەڕاوکێ بێت. بەڵام بەدیاریکراوی ئەوەم روونکردۆتەوە من وا بیر ناکەمەوە کە سەرۆک دۆنالد ترەمپ ‏کەسێکی فاشیستە، ئەو کەسێکە رێز لە دامەزراوە دیموکراتیەکانی وەک میدیای ئازاد ناگرێت و بە ناوی (دوژمنانی گەل) ناو زەندیان ‏دەکات. لە کۆتایی کتێبەکەمدا دەڵێم" ئەگەر خەڵک وا بیر دەکەنەوە من هەست بە دڵەراوکێ دەکەم، ئەوە لەبەر ئەو کاتانەیە کە ئێستا ‏تێیدا دەژین".‏
دێرشبیگل: زۆربەی ئەمریکیەکان ئەو بڕوایەیان هەیە کە دۆناڵد ترمپ کارێکی باش ناکات. تەنهایەک لەسەر سێی دەنگدەران هێزی ‏دەنگدەرانی ئەون. ئایا هەڵسەنگاندنی زیاد لە پێویستت بۆ هێزی پۆپۆلیستەکان نەکردووە؟
ئۆلبرایت: باشترە هەڵسەنگاندنی زیاد لە پێویست بکەیت نەک گریمانەی ئەوەی هەموو شت باشە و لە راستیشدا باش نەبێت. راستی ئەوەیە ‏رێژەی ئەوانەی رەزامەندن لە ترەمپ روو لە زیاد بوونن نەوەک کەمبوونەوە. سیاسەتکارە کۆمارییەکان دەترسن بەرامبەری بوەستنەوە. هەفتە ‏لەدوای هەفتە سروشتی گفتوگۆی سیاسی دەگۆڕێت، دەبێت بە بایەخەوە ئاگاداری ئەو بابەتەبین، بڕوام وایە باشترین نموونە هێنانەوە لە ‏کتێبەکە ئەوەیە کە مۆسۆلینی دەڵێت: (ئەگەر هەر جارەی تەنهایەک پەڕەمووچ لە مریشک بکەیەتەوە کەس هەستی پێ ناکات).‏
دێرشبیگل: ئایا پێت وایە کە دیموکراسی وەک ئایدیایەکی مەزن خەریکە بچووک دەبێتەوە؟
ئۆلبریت: نەخێر. راستە ئێستا هەندێ لە نیشانەکانی فاشستی دەبینم بەڵام مەرج نیە هەمان ئەو فاشستیە بێت کە لە سەدەی بیستەم ‏شایەدحاڵی بووین. رایخی سێیەم سەر لەنوێ دیار ناکەوێتەوە. ڕیشەی دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ گریکە کۆنەکان و بە درێژایی مێژووش رێگای ‏جۆراوجۆر بۆ جێبەجێ کردنی دیموکراسی هەبوون، لە کۆتاییدا دیموکراتی لیبرالی بردیەوە و بڵاوبووەوە. لێک تێگەیشتن و چارەسەریی ‏ناوەڕاست، ووشەیێکی باشە و توخمی سەرەکی دیموکراسیە. بەڵام هەندێ لەو سەرکردانە هەن کار لەسەر کەڵەکەبوونی دابەشکاریەکانی ناو ‏کۆمەڵگا دەکەن بۆ بەرژەوەندی تایبەتیان. بەم رەفتارانەیان ئەو رێگایە دەڕمێنن کە بۆ دۆزینەوەی دیدگای هاوبەش پێویستن.‏
دیڕشبیگل: بۆچی زۆری خەڵک بڕوایان بە حکومەتە هەڵبژێردراوەکانیان نیە؟
ئۆلبرایت: هەمیشە ئەو ئەرگیومێنتە هەیە کە ئایا چی لەپێشەوە دێت، پێشکەوتنی سیاسییاخود گەشەکردنی ئابووری. چونکە خەڵک ‏دەیانەوێت دەنگ بە نوێنەرانیان بدەن و دەشیانەوێت نان بخۆن، پوختەی قسە ئەوەیە کە دیموکراسی پێویستە جێبەجێ ببێت. ئەو هەستەش ‏هەیە لە هەندێ شوێن دیموکراسی نەیتوانیوە بەشێوەیێکی کاریگەر ئەو دابەشبوونە گەورەیەی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان چارەسەر بکات. ‏هاوڵاتیان کاریان دەوێت، سیستەمی تەندروستی کارکردن و خوێندنیان دەوێت. پێدەچێ پۆپۆلیستەکان چارەسەری ئاسان بۆ ئەم پرسانە ‏پێشکەش بکەن و دەڵێن " وەڵامیئاسانمان پێیە" ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا هەموومان دەیبینین.‏
دێرشبیگل: حزبی ئێوە، حزبی دیموکرات هەوڵ دەدات کار لەگەڵ سیاسەتکاری وەک دوناڵد ترەمپ بکات ئەوە بۆچی؟
ئۆلبرایت: وای دەبینم ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیەی کە دەبوو پارێزگاری لە کۆمەڵگامان بکات شکاوە. هاوڵاتیان واز لە بەشێکی مافە تاکە ‏کەسیەکانیان دەهێنن لە پێناو ئەوەی دەوڵەت پارێزگاریان لێبکات و خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکات. ئەوەی بەدرێژایی ئەو ساڵانە روویداوە ‏ئەوەیە کە هەردوولا لەو گرێبەستەی لە نێوانیانە بەڕۆلێ خۆیان هەڵنەستاون. دەوڵەت هاوڵاتیانی پشتگوێ خستووە و هاوڵاتیانیش باج نادەن ‏و حەز دەکەن پۆپۆلیستەکان سەرنجیان رابکێشن. بڕوام وایە دەبێ بزانین ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیە بگێڕینەوە بۆ جۆرێک لە گرێبەستی ‏راستەقینە کە هەردوو لایەن بزانن چیان لە ئەستۆیە و دەبێ چی بکەن.‏
دێرشبیگل: وەک وەزیری دەرەوەی ئیدارەی کلینتۆن، لە نزیکەوە سیستەمێکی فاشیستت بینی کاتێ لە ساڵی 2000 چووی بۆ کۆریای ‏باکور و باوکی (کیم چۆنگ ئون)ت بینی و بۆ ماوەی 12 کاتژمێر گفتوگۆتان کرد. لە پیۆنگیانگ چ فێربوویت؟
ئۆلبرایت: باشە، لە پێش هەموو شتێک بە ئاشکرایی دەلێم ئێمە زۆرمان لەبارەی ئەو رژێمە نەدەزانی. من بەردەوام دووبارەم کردۆتەوە کە ‏بنەماڵەی (کیم) یەکێکن لە فاشیستەکان. توانیبوویان ئەو چیرۆکە بە شێوەیێکی باش پەرە پێبدەن کە ئەوان بەردەوام لەلایەن هەمووانەوە ‏لە جیهان هێرشیان دەکرێتە سەر، هەر لەم سۆنگەیەشەوە توانیان کە پروپاگەندە بەکاربێنن بۆ دابڕان و برسی کردنی تەواوی میللەتیان و لە ‏هەمان کاتدا مەزنکردنی خۆیان. (کیم جۆنگ ئێڵ) زیرەک بوو وە کەسایەتیەکی سەرنج راکێشی هەبوو. چەند لایەنێکی هەمەرەنگی تێدا ‏بوو وەک ئارەزووی بۆ بوون بە دەرهێنەری سینەما، ئەو هەموو شتێکی لە بارەی ئەو کەسانە دەزانی کە خەڵاتی ئۆسکاریان بردبووەوە.‏
دێرشبیگل: (کیم جۆنگ ئیل) دەیەویست چاوی بە سەرۆک کلینتۆن بکەوێت. بۆچی ئەمە رووی نەدا، بە پێچەوانەوەی ئەو دیدارەی ترەمپ و ‏کیم؟
ئۆلبرایت: لەو کاتەدا سەرۆک کلینتۆن زۆر بە قوڵی چووبووە ناو پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوو، کات ‏تەواو بوو. بەڵام ئێمە بە درێژایی دوو ماوەی سەرۆکایەتی لە نێوان 1993 تا 2000 مامەڵەمان لەگەڵ کۆریای باکوور دەکرد. پیۆنگیانگ ‏هەڕەشەی دەرچوونی لە رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکرد، دواتریش هەر لێی دەرچوو. ئێمە دانوستانمان لەسەر ‏چوارچێوەی رێککەوتنێک دەکرد بۆ رەفتارمان لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی کۆریای باکور، کەناڵی پەیوەندی کراوەمان لە ئاستی جۆراوجۆر ‏هەبوو لەگەڵیان. سەرۆک (کلینتۆن) دەیگوت لە قۆناغێکدا سەردانی پیونگیانگ دەکات.‏
دێرشبیگل: لەکۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، کیم جۆنگ ئۆن بەڵێنیدا کەبەرنامە ئەتۆمیەکەی رابگرێت، پێت وایە کۆریای باکور ‏جێی متمانەیە؟
ئۆلبرایت: پێویستە سیستەمێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە هەبێت، هەرچیەک بێت. دەبێت دەست نیشانی (داماڵینی چەکی ئەتۆمی) بکەین ‏و ئەو بنەمایانە دەست نیشان بکەین کە بۆ لێکۆلێنەوە پێویستن. لەبەر ئەم هۆیەش شێت بوونە ئەگەر سەرۆک ترەمپ رێکەوتنی ئەتۆمی ‏لەگەڵ ئێران بدڕێنێتکە پرۆسێسێکی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی زۆر توندی تێدایە.‏
دێرشبیگل: هیچ دەرفەتێکی رزگاربوونی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەبینی؟
ئۆلبرایت: هیوادارم رزگاری بێت. روونم کردەوە کە لایەنگری ئەو رێکەوتنە بووم لەو کاتەوەی کە دانوستانی لەبارەوە دەکرا. هەرچەند دەزانم ‏ناکرێت بەیەک جار مامڵە لەگەڵ هەموو شتەکان بەیەکەوە بکەین.‏
دێرشبیگل: هەرچەندە نەبووەتە رێگر لەبەردەم فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێت وایە ترەمپ راستە کە دەڵێت ‏ئێمەی ئەوروپی ساویلکەین لەو بابەتانەی کە پەیوەستە بە نیازەکانی ئێرانەوە؟
ئۆلبرایت: ناڵیم ساویلکەییە. ئێران چڕنوکەکانی لە زۆر ئاراستەدا چەقاندووە، هەر لە حەماسی فەلەستین، لە حزب اللەی لوبنان، بۆ ‏یەمەن. هەندێ ترس هەن پاساویان هەیە، بەڵام کیشانەوەمان لەو رێکەوتنە مامەڵەکان زەحمەتتر و ئاڵۆزتر دەکات.‏
دێرشبیگل: کێشەی نێوان ئیدارەی ترەمپ و ئەوروپا تەنها رێککەوتنەکەی ئێران نیە. ترەمپ شەڕی ئابووری دژییەکێتی ئەوروپا ‏بەرپاکردووە، وا قسە دەربارەی هاوپەیمانان دەکات وەک ئەوەی دوژمن بن. پێناچێت شتێک هەبێت توڕەییەکەی دابمرکێنێتەوە، ئایا کۆتایی ‏دیپلۆماسیەت دەبینی؟
ئۆلبرایت: نا، بڕوام وانیە، ئێمە هەموومان دەوڵەتی دیموکراتین لەو رۆژ و هەفتانەی دواییدا هەندێ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ‏ئەنجوومەنی پیران هەنگاویان ناوە بۆ سنووردارکردنی ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆک کە پەیوەنددارن بە هەندێ لە سیاسەتە بازرگانیەکان. تا ئێستا ‏بنەمای پێداهاتنەوە و هاوسەنگیمان هەیە. ئەوەی دڵگرانم دەکات کە خەڵک بەهۆی ئەو مللانێیانە چەواشە دەکرێن و دوور دەخرێنەوە لە ‏هەوڵی چارەسەری گرفتە بنەڕەتیەکان.‏
‏دێرشبیگل: ترەمپ بەردەوام و بەشێوەیێکی رێکخراو هێرش دەکاتە سەر ئەڵمانیا و حکومەتی ئەڵمانیا. لەکۆبوونەوەی حەوت وڵاتە ‏پیشەسازیەگەورەکەی جیهان لە کەنەدا، گووترا کە ستاربرستەکەی(جۆرێکە لە نوقڵ) خستە سەر مێزی مێرکل و گووتی هەرگیز مەڵێ ‏هیچی پێ نەداوین. چ ستراتیژێک باشە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پیاوێکی وا؟
ئۆلبرایت: بە دڵنیاییەوە پەیوەندیە کەسیەکانی نێوان سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکان جیاوازی تێدایە، بەڵام سیاسەتی دەرەوە ناکرێت لەسەر ‏بنەمای کەسیی دابڕێژرێت. تەنانەت لەکاتی شەڕی سارددا هەندێ کەس قسەیان لەبارەی ئەوڕاستیە دەکرد کە گرنگە لەسەر هەندێ ئاست ‏جۆرێک لەپەیوەندی لەگەڵیەکێتی سۆڤیەت هەبێت. جیهان لەبارێکی ئاڵۆزدایە، بەڵام پێم وایە هەندێ میکانیزم هەنیارمەتی بەهێزبوونی ‏کۆمەڵێکی هەمەچەشنی گفتوگۆ دەدات لەسەر ئاستی تەکنیکی و دیبلۆماسیدا.‏
دێرشبیگل: بەڵام پێت وایە چ لەگەڵ سەرۆکێک دەکرێت کە بە رقەوە تەماشای دامەزراوە نێو دەوڵەتیەکانی وەک ناتۆ و رێکخراوەی بازرگانی ‏نێودەوڵەتی دەکات؟
ئۆلبرایت: زۆر کەس پێیان وایە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند بەشێک پێک دێت کە چوار ساڵە، بەڵام وانیە. 70 ساڵمان لەپەیوەندی ‏باش لەگەڵ ئەوروپا هەیە، کە هەموو کات لەیەک ناچێت. زۆر بەرزی و نشێوی تێدابووە، ئەمەش ئەو رێگەیەیە کە تەماشای ئیدارەی ‏ئێستای پێ بکرێت. لەژێر ئیدارەی ئەم سەرۆکە، پەیوندیەکانی نێوان ئەتڵەسی بە ماوەیێکی زەحمەت دا دەڕوات. بەڵام من وای نابینم کە ‏دەستبەرداربین. بەردەوام دەبێت‎.‎
دێرشبیگل: سەرۆک ترەمپ داوای پابەندبوون و هاوبەشی زیاتر لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمەی بەرامبەر ‏‏(ڤلادیمیر پۆتین)ی سەرۆکی روسیا نیە. ئایا ناترسیت کە ناتۆ گرنگی خۆی لە ئاسایشی ئەوروپا لە دەست بدات؟
ئۆلبرایت: سەرەڕای ئەو جەدەلەی لەم دواییە هەبوو، بەڵام ناتۆ وەک بەهێزترین و کاریگەترین دامەزراوەی هەمەلایەنەی جیهان دەمێنێتەوە. ‏هەر ئەندامێکی ئەم هاوپەیمانیە رەزامەندیان لەسەر ئەوە داوە کە بەلای کەم دوو لە سەدی کۆی داهاتی گشتییان بۆ تێچووەکانی بەرگری ‏سەرف بکەن. بۆ هاندانی بەرگریکردن لەم ستاندارە، سەرۆک ترەمپ هەمان ئەو بابەتانە دەڵێتەوە کە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا و ‏سەرکردەکانی ناتۆ گوتویانەتەوە‎.‎‏ بابەتێکی وا سەرنج راکێشیش دەربارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکایان سەرۆکی حکومەتەکانی ئەوروپا ‏لەگەڵ سەرۆکی روسیا لە ئارادا نیە. لەگەڵ ئەمەش کارێکی وزە بەخش دەبێت ئەگەر سەرکردەکان لە هەردوو لای ئەتڵەسی داکۆکی لەسەر ‏پابەندبونیان بە هاوبەشیەکی پڕ هاوکاری و بەرهەم بکەنەوە‎.‎‏ بەهێزی هەر هاوپەیمانیەک لە بەهێزی پەیوەندی و بڕوای نێوان ئەندامانی ئەو ‏هاوپەیمانیەوە سەرچاوە دەگرێت‎.‎
دێرشبیگل: لەزۆر لاوە ئاسایش و سەقامگیری ئەوروپا رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، لە لایەن روسیا، لە لایەن کۆچبەران، لە لایەن جەنگی ‏سوریا و زۆر شتی تر. ئایا ناتۆ چ رۆڵێکی لەم سیناریۆیە هەیە؟
ئۆڵبرایت: بڕوامەندی ناتۆ هەوڵ دەدات کە بەرگری لە دەوڵەتانی ئەندام بکات لە هەڕەشەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و نوێ و کۆن‎.‎‏ بۆیە ‏هاوپەیمانی ناتۆ رۆڵێکی ئاشکرای لە پاراستنی ئەندامانی هەیە لە هەر دوژمنکاریەکی روسیا بەرامبەریان و لە خۆگرتنی ئەو هەڕەشانەی ‏کە لەلایەن هێرشە ئەلکترۆنیەکان و تیرۆری نێودەوڵەتیەوە بۆیان دروست دەبێت. بەڵام وەک هاوپەیمانیەکی سەربازی، ناتۆ، بابەتە سیاسیە ‏مەدەنیەکانی وەک کۆچکردن، پێشێل ناکات کە دەبێ جێی بایەخی حکومەتە نیشتمانیەکان و یەکێتی ئەوروپا بێت‎.‎
دێرشبیگل: ئایا پێت وایە کە پەیوەندی نێوان ترەمپ و پۆتین هەڕەشە لە سەر ئەوروپا دروست دەکات؟
ئۆلبرایت: پێشبینی دەکەم لەکاتی کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە برۆکسل (12ی تەمموزی 2018 بەڕێوەچوو)، کات هەبێت کە سەرۆک ترەمپ ‏و سەرکردەکانی ناتۆ گفتوگۆ دەربارەی ئاراستەیەکی هەماهەنگی کراو بکەن سەبارەت بابەتە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بەڕوسیا. هیوادارم ‏رەزامەند بن لەسەر بەردەامی پشتگیریان بۆ سەروەری ئۆکرانیا و دانانی کۆتاییەکی دانوستان لەسەرکراو بۆ جەنگی سوریا و رکابەریکردنی ‏دەست تێخستن لە هەڵبژاردنە دیموکراتیەکان کە روسیا سەرپەرشتی دەکات‎.‎
دێرشبیگل: تۆ هاوڕێیی وەزیری پێشووی ئەڵمانیا (یوشکا فیشەر)یت، ئەو دەڵێ کە ناتوانین لەوە زیاتر هاوپەیمانی نێو ئەتلەسی گەرەنتی ‏بکرێت. راوێژکاری ئەڵمانیا (ئەنجێلا مێرکل) دەڵێت چیتر ناتوانین ئیعتماد لەسەر ئەمریکا بکەین. ئایا ئەمانە ئاماژەنین کە پەیوەندی نێوان ‏ئەتلەسی روو لە داڕمانە؟
ئۆلبرایت: خراپترین شت لە ئێستادا خۆبەدەستەوەدانە، ئایا وانیە؟یۆشکا فیشەریەکێکە لە ئازیزترین هاوڕێکانم و زۆر پێی سەرسامم. ‏ئاگادارکردنەوەی لەم شێوەیە زەرەرمەند نیە، رێک وەک حاڵەتی کتێبەکەی من، چونکە بە پێویستی دەزانم کە خەڵک ئاگاداری پچڕانەکان و ‏ئەو بابەتانەبن کەڕوودەدات. یەکێتی ئەوروپا پرسی ناوخۆیی هەیە، بۆ نمونە مەجەر و پۆلەندا چۆن رەفتار دەکەن و ئەو هەیکەلیەتە چیە کە ‏دەبێت بەکاری بێنن. زۆر لە ئەوروپیەکان هەستیان بە ناڕەحەتی کرد کاتێ ئۆباما گوتی ئێمە لەمەودوا جەخت لەسەر ئاسیا دەکەین، ‏دەمەوێت بەڕێکی ئەوە بڵێم کە ویلایەتەیەکگرتووەکان هێزێکییەکلایەنە نیە، ئێمە هێزێکی دوولایەنەین هێزی (ئەتلەسی) و (ئۆقیانوسی ‏ئارام) ین‎.‎
دێرشبیگل: ئایا هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەیت کە ترمپ سەرکۆنەی نزیکترین هاوپەیمانیەکانی دەکات وەک سەرۆک وەزیرانی کەنەدا (جۆستن ‏ترۆدۆ)، کە بە ناڕاست و لاواز وەسفی کرد؟
ئۆلبرایت: ئەمەیارمەتیدەر نیە. زۆر بەمە خەمناک بووم. هەرگیز رەفتارێکی لەم شێوەیەم لە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا نەبینیوە. جارێک ‏لە کۆنگرەیەک بەشداربووم کە وەزیری دەرەوەی ئەوسای کەنەدا (لۆید ئەکسۆرسی) بەڕێوەی دەبرد. میدالێکم بە سنگەوە بوو ئەو چڵەدارەیە ‏کە ئاڵای کەنەدایە. لای من کەنداییەکان باشترین هاوڵاتی نێودەوڵەتین. ئەوان بەشداربوونە لە کردارەکانی ئاشتی پارێزی و کارێکی زۆر ‏گەوریان لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە، لە دژی (مین)ی سەر زەوی جەنگاون، ئەوان ناوازەن، باشترین هاوپەیمانن. 300 میل سنورمان ‏بەیەکەوە هەیە هیوادارم کە چارەسەرێک بدۆزێنەوە‎.‎
دێرشبیگل: رەوشەکە رۆژ لەدوای رۆژ زەحمەت و ئاڵۆزتر دەبێت بەڵام تۆ ترساو و بێ هیوانیت‎.‎
ئۆلبرایت: جیهان لە ناڕێکی دایە، بەڵام لەدیدگای زانایێکی سیاسەت ئەم کاتە زۆر سەرنج راکێشە بۆ بایەخدان. دامەزراوەکانی رۆژئاوا رێک ‏وەک ئەو کەسانەن کە تەمەنیان گەیشتۆتە 70 ساڵ، هەندێک نوێبوونەوەیان پێویستە، لەوانەیە کاتەکە ئێستا بێت. ئەوەی پێویستمانە ‏باشترین عەقڵەکانن بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەری گرفتەکانی سەدەی بیست و یەکەم‎.‎
دێرشبیگل: بەڵام ئایا کاتمان بەدەستەوە ماوە، لەو کاتەدا کە هاوپەیمانی نێو ئەتلەسی زەرەرمەندە و چین بەهێز دەبێت؟
ئۆلبرایت: بڕوام وایە، تەنها هەموو بایەخی ئێمەی پێویستە‎.‎
دێرشبیگل: ئایا ترەمپ لە ساڵی 2020 هەڵدەبژێردرێتەوە؟
ئۆلبرایت: تەنها ئومێدی خۆم دەزانم. ئەو بابەتە نازانم.‏

 
دواترین دەستکاریکردن لەسەر هەینی, 20 تەمموز 2018 08:49
© 2017 Hawler