کانونی یەکەم 07, 2019

ئایا دەتوانرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناو ەڕاست چارەسەری کێشەی کەم ئاوی بکرێت

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا لەو شوێنانەی دونیان کە گەورەترین پێویستی ئاویان هەیە، بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان نزیکەی (١٧) وڵاتی ئەو ناوچەیە لەخوار هێڵی هەژاریی ئاوەوەن و، کەمی ئاو لەداهاتوودا هەڕەشەی گەورە دەبێ لەسەریان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (سی‌ئێن‌ئێن) ئاو لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، باکوری ئەفەریقا بەخێرایترین کات کەم دەکات و دیارنامێنێت، زۆربەی وڵاتەکانی ئەو ناوچەیە لەڕووی پێویستیەکانی ئاوەوە پێویستیان بەدۆزینەوەی ڕێگا چارە یان جێگرەوەی سەرچاوە سروشتیەکان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی ئەو ناوچانە لەبەردەم دۆخێکدان کەپێی دەوترێ ئاسایشی ئاو، کە بەهۆی کەم بوونی ئاوی پێویستەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی مرۆیی دەبێ.
لەکاتێکدا ناوچەکە شوێنی ژیانی (٦%) ی دانیشتوانی جیهانە بەڵام تەنها بەشی ی(١%)ی سەرچاوەی ئاوی پاکیان هەیە بۆ خواردنەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و باکوری ئەفەریقا پێویستە ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر لەبەردەم پەیداکردنی سەرچاوەی ئاو و، داواکارییەکان لەسەر بەکارهێنانی ئاو.

ڕووبەڕووبونەوەی کەم ئاوی:
لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا کێشەی کەم ئاوی پرسێکی تازە نیە بەڵکو بۆ نزیکەی سەدان ساڵە ئەو کێشەیە هەر بوونی هەبوە، بەڵام ئەمڕۆکە کە ڕێژەی دانیشتوان بەرزتربۆتەوە لەچاو جاران و پیشەسازی و ئابوریش پێشکەوتوتربوە بۆیە ئەو کێشەیەی کەم ئاویش زیاتر لەجاران بابەتێکی هەستیارە و هەستی پێدەکرێ وە بگرە وەکو هەڕەشەیەکی گەورەیە بەسەر ئەو ناوچەیەوە. لەهۆکارەکانی دیکەی کەم ئاوی گۆڕانی کەش و هەوا و، وشکەڕۆبونی ناوچەکان و کەمی باران بارینن کە نەتوانراوە وەکو پێویست ئاو بەڕێژەیەکی پێویست دەستبکەوێت.
لەساڵی (٢٠١٤) ەدا ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لەنەتەوە یەکگرتوەکان ڕاپۆرتێکیان ئامادەکردوە تیایدا دەرکەوتوە کە نزیکەی (١٣) وڵات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا لەخوار هێڵی ئاوی پێویستەوە بوون، ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە خوار هێڵی هەبوونی ئاوی پێویستەوە ئەوانەن کە ساڵانە ئەو ئاوەی لەسەرچاوەکانیان بەشێوەی سروشتی دەستیان دەکەوێ لەخوار (٥٠٠ مەترس سێ جا) یە بۆ هەر کەسێک، واتە بەشی ئەو کەسە بۆ هەموو پێویستیەکانی لەخواردنەوە و خۆراک و پێداویستیەکانی دیکەیشی، هەندێک لەوڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی ئەو ئاوەی بەکاری دێنن زیاترە لەو ئاوەی کەدەتوانن بەدەستی بهێنن.

بەکارهێنانی نەگونجاو:
بەکارهێنانی ئاو بەڕێگای نەگونجاو کاتێک ڕوودەدات کە لەو شوێنانە ئاوی ڕووبارەکان و ئاوی ژێرزەوی تێدا بەکاردەهێنرێ، بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاوەوە کاتێک لەو ناوچانەی زۆر دەڕۆنە خوارێ بەزەویدا بۆ دەرهێنانی ئاو زیان بەبەرگی (ئیکۆسیستەم) دەگەێنرێ و ئەوەش کاریگەری خراپی دەبێ لەسەر بەرهەمە ئابورییەکان و بەربومەکانی ژیانی خێزانەکان.
کاتێک چینەکانی زەوی بۆ دەرهێنانی ئاو دەشێوێندرێ ئەوا هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی خۆی، لەحاڵەتێکدا کە چەند ساڵێک لەسەریەک بارانی پێویست و بەهێز ببارێت ئنجا ئەو بەرگانە بۆ چینەکانی زەوی دروستدەبنەوە و، ڕێژەی ئاو لەزەویدا ڕێکدەخرێتەوە و بەپیتی بۆ بەربومە کشتوکاڵیەکان دەگەڕێتەوە.
شیاوی باسکردنە، کەم ئاوی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی خۆراک و کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا، نەتەوە یەکگرتوەکان ساڵانە ڕاپۆرت لەسەر پرسی ئاو لەو ناوچانەدا سازدەکات و هۆشداری دەداتە حکومەتەکانی ئەو ناوچانە کە ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی کەم ئاوی بگرنەبەر.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەکانی ئاوی لە تورکیا و لە ئێرانەوە دێن، بەشێکی زۆری زەویە کشتوکاڵیەکانی عێراق لەو ساڵدا بەهۆی بەرنەدانەوەی ئاوی پێویست لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ عێراق ڕاگیراون و وشکەڕۆ بوون، بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر بێکاربون و زیانی گەورەی ئابوریش بەوڵات دەگات.
ئێستا بەشێک لەوڵاتان پشتیان بەڕێگای (دیسالینەیشن) بەستوە کە لەئاوی دەریایەکان خۆی لەئاو جیادەکەنەوە و بۆ پیداویستیەکانی ڕۆژانە بەکاری دێنن، ڕەنگە ئەو شێوەیە لەداهاتوودا لەگەڵ کەمتربونەوەی ئاو لەسەرچاوە سروشتیەکان زیاتر پشتی پێ ببەسترێ، ئەگەرچی ئەو ڕێگایە لەڕووی تێچوەوە خەرجی زۆری دەوێ بۆ جێبەجێکردنی بەڵام دەکرێ تەنها جێگرەوەبێ بۆ بەدەستهێنانی ئاو لەو وڵاتانەی کەسەرچاوەی دیکەی ئاویان نیە.
هەروەها ڕێکارێکی دیکەی پەیداکردنی ئاو، خاوێنکردنەوەی ئاوی بەفێڕۆچوە، ئەو ڕێکارە لەڕووی تێچوەوە هەرزانترە لە (دیسالینەیشن) بۆیە دەکرێ وڵاتانی هەژاریش پشت بەو ڕێگایە ببەستن بۆ پەیداکردنی ئاو بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان.
ئاوی پاک گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤەکان، بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی نەگونجاوەوە ساڵانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا بایی (٢١ ملیار دۆلار) زیانی ئابوری لەسەر ئەو وڵاتانە دەوەستێت، لەحاڵەتی بەکارهێنانی ئاوی پیسخەرجیەکانی بواری تەندروستی بەرزدەبنەوە و، بەرهەمیش کەمدەبێ بەهۆی نەخۆش کەوتنەوەی خەڵکی.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی تاوەکو ساڵی (٢٠٤٠) ئەگەر ئەو بارودۆخەی کەم ئاوی بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا توشی گەورەترین فشاری کەم ئاوی دەبن

]

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 19 تەمموز 2018 08:32
© 2017 Hawler