ئەیلول 21, 2019

بەریتانیا و، فەرەنسا و، ئەڵمان و، ڕووسیا و، چین مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێراندا دەپارێزن

وڵاتانی ئەوروپا داوایان لەئەمەریکا کردبوو کە کۆمپانیایەکانیان مافی مانەوەیان هەبێ لەبازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ئەمەریکا ڕازی نەبوە و دەیەوێ سزایەکانی سەر ئێران بەفشارەوە بچەسپێنرێنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) تەنها لەهەندێک حاڵەتی تایبەتدا مافی بواردن دیاریدەکرێ، دەنا هیچ کۆمپانیا و وڵاتێک نابوێردرێت لەگێڕانەوەی سزایەکانی سەر ئێران، وە ئەمەریکا داوای لەوڵاتان و کۆمپانیایەکان کردوە کە پێش گێڕانەوەی سزایەکان مامەڵەکانیان سەکبکەن و دواتر ڕایانبگرن.
(مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێکەوە لەگەڵ (ستیڤن منوچین) وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەنامەیەکدا بۆ هاوتا ئەوروپاییەکانیان لەبارەی دەرفەت پێدان بەمانەوەی کۆمپانیایەکان لەبازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێراندا ئاماژەیان بەوەداوە کە دەیانەوێ فشارەکانی سەر ئێران توند و بەهێزبن بۆیە لەهەندێ حالەتدا دەکرێ کاتی زیاتر بدرێ بۆ کشاندنەوە و، کۆتایهێنان بەمامەڵەکان بەڵام دەرفەت بۆ بواردنی هیچ وڵاتێک یان کۆمپانیایەک دیاریناکرێ.
(دۆناڵد ترەمپ) لەمانگی (ئایار)ی ڕابردوودا فەرمانی سەپاندنەوەی سزایەکانی سەر ئێرانیدا و لەڕێکەوتنەکە هاتەدەرێ.
بەریتانیا و، فەرەنسا و، ئەڵمان و، ڕووسیا و، چین کە پێنج لایەنی دیکەی ڕێکەوتنەکەی ساڵی (٢٠١٥) ی پەیوەست بەبەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بوون، ئەوان هێشتا بەبەڵێنداریەوە لەنێو ڕیکەوتنەکەدا ماون و دەیانەوێ ئەگەر بتوانن درێژە بەڕێکەوتنەکە پێبدەن.
ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاندوە کاردەکەن بۆ دانانی چەند ڕێوشوێنێک لەدژی کاریگەرییەکانی سزایەکان، هێشتا دیارنیە ڕێکارەکانیان چین و چۆن دەتوانن مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێراندا بپارێزن.
بەشێک لەکۆمپانیا ئەوروپیەکان لەنێویاندا (پیجۆ) و (تۆتاڵ) لەدوای داوایەکانی ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا پچڕاندوە تاوەکو لەمەترسیەکانی سەر بازرگانیەکانیان خۆبپارێزن.
بۆچی ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی هاتەدەرێ:
ڕێکەوتنەکە کە دەسکەوتێکی سیاسەتی دەرەوەی (باراک ئۆباما) ی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکایە لەپێناو سنوردارکردنی چالاکیە ئەتۆمیەکەی ئێران ئەنجامدراوە، بەسودی جیهان بەگشتی باسی لێوەدەکرێ، وە لەبەرانبەر ئەو ڕێکەوتنەشدا ئێرانیش قازانجی کردوە و سزا ئابورییەکانی لەسەر سوککراون.
(ئۆباما) و هاوپەیمانەکانی لەئەوروپا سوربوون کەوا دەشێ ڕێگری لەئێران بکرێ لەگەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی و، ئەوەش وادەکات جیهان بەسەلامەتتریبمێنێتەوە.
بەڵام (ترەمپ) گوتی، ئەو ڕێکەوتنە یەکێکە لەخراپترین ڕێکەوتنەکان و هەرگیز نەدەبوو بکرایە. لەڕێکەوتنەکەدا باسی موشەکە بالیستیەکیەکان و هەڵسوکەوتەکانی ئێران لەناوچەکەدا تاوتوێ نەکراوە، وە لەماوەی ڕابردوودا ئێران دەستێوەردانەکانی لەناوچەکەدا زیاترکردوە و ئەو ڕێکەوتنە نەبۆتەهۆی ئەوەی کە پێش بەجموجۆڵە شەڕانیەکانی ئێران بگرێ.
بۆ جێگرەوەی ئەو ڕێکەوتنە، (پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (١٢) داواکاری بۆ ڕێکەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا دیاری کردون و، لەنێویاندا کۆتایهێنان بەپیتاندنی یۆرانیۆم و، گەشەپێدانی موشەکە بالیستیکیەکانیش هەن، ئێرانیش لەبەرنبەردا سزایەکانی ئەمەریکای لەسەر هەڵدەگیرێن، هەڵبەتە ئەو داوایە نوێیانە بۆ ڕێکەوتنێکی تازە جارێ ئێران لەگەڵیدا نیە.
ئەگەرەکان بۆ ئەوەن کە ئەمەریکا سزایەکانی جێگیردەکاتەوە لەسەر ئێران، لە (٦ی ئابی ٢٠١٨) ەدا قۆناغی یەکەمی سزایەکان دەچەسپێنرێنەوە کە سێکتەری ئۆتۆمبیل و، بازرگانی زێڕ و، کانزایەکانی دیکە دەگرێتەوە. سزایەکانی دیکەی کە دەمێننەوە لە (٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) ەدا دەچەسپێنرێن، لەو قۆناغەشدا سزایەکان لەسەر سێکتەری وزە و، گواستنەوەی وزە و، گواستنەوە بانکیەکان جێگیردەکرێنەوە.

وڵاتانی ئەوروپا داوای چی دەکەن:
هەندێک لەوڵاتانی ئەوروپا ئەوانەی بازرگانیەکان گێڕاوەتەوە ئێران داوادەکەن کە گەرەنتی بواردنیان پێبدرێ و سزایەکان ئەوان نەگرنەوە.
لەماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا کە سزایەکان لەسەر ئێران سوککراون بەشێك لەکۆمپانیا ئەوروپاییەکان مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێراندا ڕێکخستۆتەوە و لەئاستێکی بەرزدابوون.
لەمانگی رابردوودا وەزیرەکان لەوڵاتانی بەریتانیا و، فەرەنسا و، ئەڵمان نامەیەکیان بۆ وەزیرەکانی دەرەوە و، گەنجینەی ئەمەریکا ناردبوو هۆشداریان دابوو کە لەئەگەری گرتنەبەری ڕێکارەکانی ئەمەریکا لەدژی ئێران لەوانەیە ئەو وڵاتانە نەتوانن پابەندی بەڵێنداریان بەڕێکەوتنەوەکەبن، بۆیە داوای بواردنی کۆمپانیاکانیان لەسزایەکانی ئەمەریکا دەکەن.
شیاوی باسکردنە، گێڕانەوەی سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر ئابوری ئێران و، زۆربەی وڵاتان دەبێ کە هاوبەشی بازرگانی ئێرانن لەوانە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هیندستان و چین و وڵاتانی ئەوروپا زیان دەکەن.
لەساڵی (٢٠١٧) ەدا ئەوروپا بایی (١٠،٨ ملیار یۆرۆ) کەلوپەل و پێداویستی هەناردەی ئێران کردوە، وە بایی (١٠،١ ملیار یۆر) ش لەئێرانەوە کەلوپەلی هاوردە کردوە.
چین گەورەترین مامەڵەی بازرگانی هەبوە لەگەڵ ئێراندا، کە لەساڵی (٢٠١٧)ەدا بایی زیاتر لە (١٥ ملیار یۆرۆ) مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەبوە، وە هیندستان مامەڵە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئێراندا بایی نزیکەی (٨،٥ ملیار یۆرۆ) و، کۆریای باشور بایی(٦،٢ ملیار یۆرۆ) و، تورکیاش بایی نزیکەی (٦،١ ملیار یۆرۆ) مامەڵەی بازرگانیان هەبوە.
هەموو ئەو وڵاتانە و بەشێک لەوڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەکەونە بەر ڕێگریکردن لەدرێژەدان بەمامەڵە بازرگانیەکان لەگەڵ ئێراندا لەکاتی هەڵدانەوەی سزایەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، چین و هیندستان زیانی گەورەیان پێدەگات چونکە لەو ماوەیەی کەسزایەکانی ئێران سوککراببون نیوەی نەوتی ئێران هەناردەی ئەو دوو وڵاتە کراوە.
وڵاتانی ئەوروپا لەبوارەکانی کەرتی دەرمان و، تەندروستی و، ئۆتۆمبیل و، وزە و، بانکدا ڕێکەوتنی بازرگانیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەگەرچی هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە بازرگانیەکان بەڵام ئەمەریکا ڕازی نیە و دەیەوێ فشارەکان لەسەر ئێران توند و بەهێزبن، شارەزاییان لەو باوەڕەدان ئەگەر ئەمەریکا دەرفەتی بواردن بۆ بەشێک لەبازرگانیەکان نەهێڵێتەوە ئەوا ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران هیچ بایەخێکی نامێنێت چونکە ئەو وڵاتانەی کە هێشتا پابەندی ڕێکەوتنەکەن ناتوان لەچوارچێوەی ڕێکەوتنەکەدا پابەندی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان لەگەڵ ئێراندابن.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler