ئەیلول 21, 2019

وەزارەتی دەرەوەی توركیا: كشانەوەی یەپەگە لە مەنبەج ڕاست نیە

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لە كشانەوەی یەپەگە دەكەن بە تەواوەتی لە منبەج، ئاشكراشی دەكات تاوەكو ئێستا مەنبەج لە ژێر كۆنتڕۆڵی یەپەگەدایە.
دوێنێ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی توركیا، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و لەوێدا دوپاتی دەكاتەوە كە یەپەگە لە مەنبەج ماون.
لە بەیاننامەكەدا هاتوە: "كشانەوەی یەپەگە بە تەواوەتی لە مەنبەج درۆیە و شتی وا نییە، بەڵام رەنگە لە هەندێك شوێن پاشەكشەیان كردبێت، بەڵام بە تەواوەتی نەكشاونەتەوە. گفتوگۆی توركیا لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەمریكا بەردەوامە، بۆیە درۆیە گەر بڵێن یەپەگە كشاوەتەوە".
لە لایەكی ترەوە مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (CNN)ـی توركی، ئاماژەی دا لەگەڵ ئەمریكا گفتوگۆیان لەبارەی رادەستكردنەوەی فەتحوڵڵا گولەنیش كردوە بە توركیا و، دوپاتیان كردوەتەوە كە ئەو بەڵگانەی ناردویانە بۆ وەزارەتی دادی ئەمریكا، دەیسەلمێنێت كە گولەن لە پشت هەوڵی كودەتایەكەی 15ی تەمووز بوە.
دوپاتیشی كردەوە كە تاوەكو گفتوگۆ لەبارەی مەنبەجەوە لەگەڵ ئەمریكا بەردەوامی هەیە.

© 2017 Hawler