ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەمرۆ، تره‌مپ و پوتین له‌ وڵاتی فینله‌ندا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن

به‌پێی هه‌واڵه‌كانی جیهانی، ئەمرۆ دووشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2018، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هاوتا رووسیه‌كه‌ی فلادمیر پوتین له‌ شاری هیڵسنكی پایته‌ختی وڵاتی فینله‌ندا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكاش رایگەیاند" : 12 به‌رپرسی هه‌واڵگری ڕووسی ده‌ستیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا وه‌رداوه".‌
 
به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كان كۆبوونه‌وه‌كه‌ 4 سەعات ده‌خایه‌نی و شانده‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ لووتكه‌كه‌ به‌ شێك ده‌بێت له‌ جۆن كیڵی سه‌رۆكی كارمه‌ندانی كۆشكی سپی و ساره‌ سانده‌رز وته‌بێژی كۆشكی سپی و جۆن بۆلتون ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا و خانمی یه‌كه‌می وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا میلانیا تره‌مپ.
چاوەڕوان دەکرێت لەکۆبوونەوەکەدا، دەستێوەردانی رووسیا لەھەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی ناتۆ لەگەڵ رووسیا، قەیرانی سوریا بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەبن.
ھەرچەندە لەساڵی رابردوودا دووجار تره‌مپ و پوتین لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی ئۆپیک لە ڤێتنام و کۆبوونەوەی لووتکەی جی 20، لەئەڵمانیا لەنزیکەوە یەکتریان بینی و کۆبوونەوەی کورتیان ئەنجامدا، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەبێت و یەکەم کۆبوونەوەیە بە فەرمی لەنێوان تره‌مپ و پوتین، لەگەڵ بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا.
لە كاتێكدایە كە ئەمریكا له‌ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا بڵاویكردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت: 12 به‌رپرسی هه‌واڵگری رووسی به‌هۆی ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا، تۆمه‌تباركراون.
له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ده‌سته‌ی دادوه‌ری دادگای ناوچه‌ی واشنتۆن دی سی 12 به‌رپرسی هه‌واڵگری رووسی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردوه‌، كه‌ له‌ كاتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2016 به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر نامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكرات و ئه‌و زانیارییانه‌یان بڵاویش كردۆته‌وه.‌
له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ داهاتووه‌، ده‌سته‌ی دادوه‌ری ئه‌و به‌رپرسه‌ رووسیانه‌ به‌ 11 تۆمه‌تی جیای وه‌ك گه‌له‌كۆمه‌كی له‌سه‌ر ئه‌مریكا به‌ هێرشی سایبه‌ر، دزینی ناسنامه‌، سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌، ده‌ستگه‌یشتن به‌ زانیارییه‌كانی كۆمپانیا و وه‌زاره‌ت و رێساكانی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌ی نایاسایی و گه‌له‌كۆمه‌كی له‌ حكوومه‌تی ئه‌مریكا، تۆمه‌تباركردووه.‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: " كێ دەیزانی دیداری ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە دیداری سەرانی ناتۆ ئاسانتر دەبێت؟". ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەنووسێكدا لەبارەی دیداری لەگەڵ پوتین گوتی "راستیتان دەوێ، ڕەنگە پوتین لە هەموویان ئاسانتر بێت، كێ دەیزانی وای لێ دێت؟"."
ترەمپ دووبارە بەڵێنی دا كە ڕێگە بەیەكێتیی ئەورووپا نادات ئەمریكا بەكاربێنێتەوە، پێشتریش ئاماژەی دابوو كە یەكێتی ئەورووپا بەگوێرەی پێویست یارمەتی و هاوكاری ناتۆ ناكات، بەڵكو بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە سوود لە بازرگانییەكانی ئەمریكا وەردەگرێت.
هەریەکە لە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و هاوتا ئەمریکییەکەی مایک پۆمیۆ لە هیڵسنکی پایتەختی فینلەندا رۆژی هەینی کۆبونەوە، كە هەردوو وەزیری دەرەوە باسیان لەو دیدارە کردووە کە لەنێوان هەردوو سەرکردەی وڵات ئەنجام دەدرێت و هەروەها باسیان لە باشترکردنی پەیوەندییەکانیان کردووە". ئەوەش دوای ئەوەدێت کە بریارە ١٦ی ئەم مانگە هەریەکە لە ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی روسیای فیدڕاڵ و دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا یەکەمین دیداری تایبەتی فەرمیان ئەنجام بدەن.
تره‌مپ و پوتین له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێك و پێشهاتی جۆراوجۆر له‌سه‌ر به‌رنامه‌ نێوده‌وله‌تییه‌كان ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك ده‌ستێوه‌ردانی رووسیا له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2016ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناتۆ له‌گه‌ڵ رووسیا و قه‌یرانی سووریا و كێشه‌ی رووسیا له‌گه‌ل ئۆكرانیا و پرسی پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ جیهان.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا پەرەپێدان و دروستکردنی چەکی نوێ بە کارێکی گرنگ دادەنێت، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و دەڵێت نابێت ڕوسیا دەستەوەستان بێت بەرانبەر ئەمریکا.
سێرگی لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی روسی ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ دا سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی تایبەت بە سیستمی بەرگری موشەکی ھەڵەبووە و سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکردبوو کە وڵاتەکەی پێویستی بە پاراستنی ئاسایش ھەیە.
وه‌زیر ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مریكا له‌سه‌ر زاری به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ گواستییه‌وه‌ كه‌ رووسیا له‌ رێگه‌ی توڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و رێگه‌ی دیكه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامه‌ بۆ درووستكردنی دووبه‌ره‌كیی له‌ نێوان هاوڵاتییانی ئه‌مریكا.
كریستین نێڵسن وتیشی: ئه‌مكاره‌ی رووسیا به‌تایبه‌تیی و دیاریكراویی سیاسه‌توانان و ستراتیژییه‌تی سیاسیی ئه‌مریكای نه‌كردووه‌ته‌ ئامانج، به‌ڵكو زۆرێك بوار و لایه‌نی دیكه‌ی گرتووه‌ته‌وه.‌
هه‌ڵبه‌ت نێڵسن ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌: به‌ڵگه‌ و شایه‌تێك له‌به‌ر ده‌ست نییه‌ پیشانی بدات رووسیا به‌ جیددییه‌تی پێشوو كه‌ ده‌ستوه‌ردانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2016 كرد، ئه‌مجاره‌ش هه‌مان كار بكات و نیازی هه‌بێت له‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵیشدا ده‌ستوه‌ردان بكات.
ئه‌م لێدوانانه‌ی خاتوو نێڵسن رۆژێك دوای ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا 12 ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای رووسیای به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ هێرشی سایبه‌رییان كردووه‌ته‌ سه‌ر پێگه‌ ئینته‌رنێتییه‌كانی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی حزبی دیموكراتی ئه‌مریكا و ئیمێڵه‌كانی ئه‌وانیان هاك كردووه‌.
سیرگی لاڤرۆڤ، ڕاشیگەیاند، لەو کاتەوە ڕوسیا دەستیکردوە بە پەرەپێدانی سیستمی بەرگری موشەکی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەختیکردووەتەوە، لەو رێگەیەوە ھەوڵدەدەن وڵاتەکەیان بپارێزن و نیازیان نییە ھێرش بکەنە سەر ھیچ وڵاتێک.
جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك تره‌مپ و پوتین به‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی نێوانیان داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش به‌ چواره‌م كۆبوونه‌وه‌ داده‌نرێت له‌ نێوان ئه‌مریكا و رووسیا كه‌ له‌ وڵاتی فینله‌ندا ئه‌نجامدرابێت.
پێشتر له‌ ساڵه‌كانی 1975 سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جیراڵد فۆرد له‌گه‌ڵ لیونید بریجنیڤ سه‌رۆكی رووسیا له‌ هیڵسنكی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام دابوو و هه‌روه‌ها دوای 15 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كێشه‌ و پرس و كه‌نداوی فارس جارێكی تر هه‌ردوو سه‌رۆكی وڵاتی رووسیا و ئه‌مریكای كۆكرده‌وه‌ و له‌ نێوان جورج ده‌بلیو بۆش و میخایل غورباتشوف دواجار له‌ ساڵی 1997، بین كلینتۆن سەرۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ بۆریس یلتسین سه‌رۆكی رووسیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام دابوو

 

لوقمان مستەفا ـ هه‌ولێر
.