ئەیلول 20, 2019

ئەمەریکا دەستی نا بە ڕووی ئەورووپاوە

لەوەتی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران و وڵاتانی زلهێز کشاوەتەوە، بە هەموو کۆمپانیا بیانیەکانی ناو ئێرانی ڕاگەیاندووە ئەگەر لە ئێران نەکشێنەوە گەمارۆیان دەخاتە سەر و سزایان دەدات؛ جا بۆیە یەکیەتیی ئەرووپا، بە تایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا، داواان لە ئەمەریکا کردبوو بەشکەم لە کۆمپانیاکانی ئەوان ببوورێت و لێ بگەڕێت لە ئێراندا کاری خۆیان بکەن، بەڵام ئەمەریکا ڕازی نەبووە و دەستی ناوە بە ڕوویانەوە و لێیان ناگەڕێ لەو ئێرانە قازانجی خۆیان بکەن.

برۆنۆ لۆمر وەزیری ئابووریی فەرەنسا ئەو هەینیەی ڕابردوو (١٣/٧/٢٠١٨) لە چاوپێکەتنێکی ڕۆژنامەی فیگارۆدا گوتبووی: "بەو دواییە وەڵامی ستیڤ منۆچین، وەزیری داراییی ئەمەریکام بۆ هاتەوە؛ دەڵێ ئەمەریکا بە هیچ کلۆجێک ڕازی نابێ و کۆمپانیاکانی ئەورووپا دەبێ لە ئێران بکشێنەوە."

برۆنۆ لۆمر دەڵێ کەوابێ یەکیەتیی ئەرووپا دەبێ خەمێک لە خۆی بخوات و لێ نەگەڕێ ئەمەریکا ئاوا بازرگانییان لێ تك بدات.
وەزیری ئابووریی فەرەنسا دەڵێ: "ئەو بەهارە بە نامە داوام لە وەزیریی داراییی ئەمەریکا کردبوو لەو کۆمپانیا ئەورووپاییانە گەڕێ کەوا بە گوێرەی یاساوڕێسای نێودەوڵەتی چوونەتە ئێران و لەوێ وەبەرهێنان دەکەن؛ یان هەر هیچ نەبێ دەرفەتێکی وایان بداتێ خۆیان کۆ بکەنەوە با زەرەری زۆریان لێ نەکەوێ."
هەواڵگەی فەرەنسا دەڵێ وەڵامە نەرێنیەکەی وەزیری داراییی ئەمەریکا هیچ سەیر نیە؛ برۆنۆ لۆمر وەزیری ئابووریی فەرەنسا دەڵێ زۆر ئیشێکی بەلاشە یەکیەتیی ئەرووپا داوای دەرفەت لە ئەمەریکا بکات و چاوەڕوان بێ ئەمەریکا لە کۆمپانیاکانی ناو ئێرانیان خۆش ببێت؛ دەبێ خۆی خەمێک لە خۆی بخوات ئەگینا ئەمەریکا هەر ئیشی خۆی دەکات.
لۆمر لە چاوپێکەوتنەکەی فیگارۆدا دەڵێ: "یەکیەتیی ئەورووپا دەبێ ڕێگایەکی وەها بۆ خۆی بدۆزێتەوە نەکەوێتە بەر مەقەستی ئەمەریکا؛ گۆڕەپانێکی تازە بۆ ئاڵوگۆڕی پارە و دراو دابمەزرێنێت و، ئیتر چاوی لە دەستی ئەمەریکا نەبێت. ئێمە هەقی خۆمانە بازرگانی بکەین و، ئەمەریکا بۆی نیە دەست بخاتە کاروباری ئێمەوە."
دیارە یێکەوتی ٤/٦/٢٠١٨ـی زایینی، وەزیری ئابووری و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا، هەرشەشەکەیان لە دووتوێی نامەیەکدا بە ئەمەریکایان ڕاگەیاندبوو هەرسێ وڵاتەکەیان ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران و وڵاتانی پێنج‌کۆیەکیان پێ باشە و لێی پاشگەز نابنەوە؛ داوایشیان کردبوو بەشکەم ئەمەریکا هەقی بەسەر کۆمپانیاکانی ئەوانەوە نەبێ و لێ بگەڕێ بۆ خۆیان لە ئێراندا کار بکەن.
فەرەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا داوایشیان کردبوو ئەمەریکا لە گەڕی تازەی گەمارۆدانەوەی ئێراندا، لەو کۆمپانیا ئەرووپاییانە ببوورێ کەوا لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و وزە و ترۆمبێل و بانک و، گواستنەوەی ئاسمانی و ژێرخانی ئێراندا کار دەکەن.
بەرلەوەی ئەمەریکا بە نەرێ وەڵامی نامەکەی ئەو سێ وڵاتە ئەورووپاییە بداتەوە، ژان‌ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو کە زەحمەتە ئەمەریکا بە دەم داواکاریەکەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیاوە بێت و، بازرگانیەکەیان هەر لێ تێک دەدات.
سەرچاوە: دەنگی فەرەنسا

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler