ئەیلول 21, 2019

دۆناڵد ترەمپ لە لەندەن دادەبەزێت

(دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دوای ئەوەی لە لوتکەی ناتۆ ئامادە دەبێت ڕۆژی پێنجشەممە بەسەردانێک دەگاتە (لەندەن)ی پایتەختی بەریتانیا.

سەردانی (ترەمپ) بۆ بەریتانیا لەکاتێکدایە کە (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چەند گۆڕانکارییەکی لە کابینەکەیدا کردوە بەهۆی ناکۆکیەکانی پرسی (برێگزیت) ەوە و، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی بەریتانیاش ئامادەکاریان کردوە بۆ سازدانی چالاکی و خۆپیشاندانی جۆراوجۆر لەدژی سەردانەکەی (ترەمپ) بۆ بەریتانیا و سیاسەتەکانی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) لەدوای بەجێهێشتنی لوتکەی ناتۆ دوای نێوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممەی (١٢ی تەمموز)، (دۆناڵد ترەمپ) ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەگەڵ (مێلانیا) ی خێزانی دەگەنە (لەندەن).
لەلایەن (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە پێشوازی لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکرێ، پاشان لە(بلاک تای) بۆ نانی ئێوارێ لە کۆشکی (بلێنهام) لە ئۆکسفۆردشێر ئامادەدەبن کە شوێنی لەدایکبونی (وێنستن چێرچڵ) سەرکردەی دیاری پێشوی بەریتانیایە.
لەڕۆژی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا لە دوای نیوەڕۆی هەینی سەردانی (شاژنە ئێلیزابێس) ی شاژنی بەریتانیا لە (ویندسۆر) دەکەن و، وە کۆتایی گەشتەکەیشی دەباتە سکۆتلاند و پلانی هەیە کۆتایی هەفتەکە لەوێ بەسەربەرێت کە شوێنی لەدایکبونی دایکیەتی.
سەردانەکەی لەکاتێکی نالەباردایە:
(ترەمپ) پێش جوڵانی لەواشنتن بۆ ئەوروپا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی، ئێستا لەبەریتانیا زۆر شت دەگوزەرێن و، لەبەریتانیا ئاژاوەیە. هەروەها گوتیشی ئەو کاتە کاتێکی سەرنجڕاکێش دەبێ لە بەریتانیا و، هەروەها لە ناتۆش.
لەبەریتانیا ڕەوشی گۆڕانکارییەکان بەهۆی پرسی برێگزیتەوە هەن و، هەروەها لەناتۆش ناڕەزاییەکان لەبارەی زیادکردنی بەشە بودجەی بەرگری وڵاتانی ناتۆ لەئارادان کە ئەمەریکا لەو باوەڕەدایە بارە قورسەکە لەسەر شانی ئەوە و ئەوانی دیکە بودجەی تەواوەتی بۆ بەرگری لەناو ناتۆدا دانانێن، بۆیە بەلای (ترەمپ) ەوە گەشتەکەی سەرنجڕاکێشە.
بەهۆی پرسی جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا و نەخشەڕێگا تازەکەی سەرۆکوەزیران بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا بەشێک لەبەرپرسە باڵاکانی کابینەکەی (مەی) و هەروەها لەناو پارتەکەیشیدا دەستیان لەکارەکانیان کێشایەوە و دەڵێن (مەی) دەستی زۆر شل کردوە و نیوە جیابونەوە ئەنجامدەدات، لەناو ئەوانەی دەستیان لەکارەکانیان کێشاوەتەوە (دەیڤد داڤیس) وەزیری برێگزیت و، (بۆریس جۆنسن) وەزیری دەرەوە هەن.
(ترەمپ) پەرۆشی ڕۆیشتنی (جۆنسن) یەتی و دەڵێ ئێمە دۆستایەتیمان خۆش بوە، هەموو دەمێک حەزم بە جۆنسن هاتوە.
سەرۆک (ترەمپ) لەڕابردوودا هەستی خۆی بۆ دەرچونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا نیشانداوە و پشتگیری جیابونەوەی خێرا دەکات.
خۆپیشاندانی بەرفراون:
لەبەریتانیا خۆپیشاندان و چالاکی جۆراجۆری بەرفراون لەدژی سەردانەکەی (ترەمپ) بەڕیوەدەچن، ئەو خۆپیشاندانانە لەسەر سیاسەتەکانی ئیدارەی کۆشکی سپین لەبارەی قەدەغەکردنی گەشتی بەشێک لەوڵاتانی مسڵمانان بۆ ئەمەریکا و، لەدژی جیاکردنەوەی منداڵە مەکسیکیەکان لەخێزانەکانیان و، لەدژی تاریفەکانی هەناردەی ستیل و فافۆن و، هەروەها لەدژی سیاسەتەکانی ترەمپ بەرانبەر بەبەهاکان لەئەوروپا بەگشتی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی (دەیلی‌مەیل)، چل و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا چاوەڕێدەکرا پێشوازیەکی گەرم لەلایەن هاوپەیمان و دۆستەکەی لێبکرێ و کەمترین ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لەدژی ئەنجامبدرێن بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکاوە چالاکی جۆراوجۆر لەدژی بەڕێوەدەچن.
چاوەڕێدەکرێ زیاتر لە (٥٠ هەزار) کەس خۆپیشاندان و چالاکی جۆراوجۆر لەشوێنی جۆراوجۆری پایتەختی بەریتانیا لەدژی (ترەمپ) ئەنجمابدەن. هەروەها لەشارەکانی دیکەش هەر لەباکورەوە تا باشوری بەریتانیا چالاکی و گردبونەوەی ناڕەزایی ئەنجامبدرێن.
باڵۆنی (ترەمپ) ی منداڵ کە درێژییەکەی شەش مەترە و بەرگێکی پرتەقاڵی لەبەردایە بەئاسمانی لەندەندا بەرزدەکرێتەوە، ئەگەرچی لەسەرەتاوە (سادق خان) ی شارەداری لەندەن ڕازی نەبوو بەهەڵدانی بەڵام دواتر ڕێگایدا کە باڵۆنەکە بەرزبکرێتەوە، بەشێک لەسیاسیەکان و، خەڵکی دیاری بەریتانیا بەرزکردنەوەی ئەو باڵۆنە وەکو سوکایەتی بە (ترەمپ) تەماشادەکەن و لەو باوەڕەدان کاریگەری خراپی دەبێ لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا.
بەپێی وێبسایتی خۆپیشاندەران لەهەموو لایەکانی بەریتانیاوە بەسەدان هەزار کەس گردبونەوە و ناڕەزایی لەدژی هاتنی (ترەمپ) سازدەکەن و نزیکەی (٥٢) چالاکی جۆراوجۆر سازدەکرێن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ نوستن شەو لە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی دەمێنێتەوە و لەکاتی حەوانەوەیشیدا لەنزیک باڵوێزخانەکە خۆپیشاندان بەڕێوەدەچن و مارشی (با ترەمپ بەئاگایی بمێنێتەوە) دەڵێنەوە و، بەدەنگەدەنگەکانیان ناهێڵن بخەوێت.
شیاوی گوتنە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سەرۆک (ترەمپ) لە (١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٧) ەدا سەردانی بەریتانیا دەکات، بەڵام بەهۆی ناڕازییەکانی ئەندام پەرلەمانەکان لەسیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی (ترەمپ) و، هەروەها کۆکردنەوەی ئیمزای نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە (پێتیشن)دا لەدژی هاتنی سەرۆکی ئەمەریکا بۆیە سەردانە فەرمیەکەی هەڵوەشێندرایەوە و، تا ئێستا ئەنجامنەدراوە.
هۆکاری ساردییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی سەرۆک (ترەمپ) بەتایبەتی لەکاتی هێرشە تیرۆیستیەکانی سەربەریتانیا ئەو ڕەخنەی لەسیاسەتی بەریتانیا لەدژی توندڕەوەکان و مسڵمانەکان گرتبوو.
سەردانەکەی (ترەمپ) بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانەوە پێویستی بەئامادەکاری باش هەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی (دەیلی‌مەیل) نزیکەی (١٠ هەزار) پۆلیس دەخرێنە ئامادەباشیەوە و، تێچوی حیسابی ئەو سێ ڕۆژەی سەرۆکی ئەمەریکا لەبەریتانیا نزیکەی (٣٠ ملیۆن پاوەند) دەبێ

 

و: خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler