تشرینی دووەم 14, 2019

کابینەی حکوومەتەکەی (مەی) نەخشەڕێگای جیابوونەوەیان پەسەند کرد

کابینەکەی (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەتێکڕایی ڕازیبون کە جیابونەوەی بەریتانیا لەکاتی خۆیدا ڕوودەدات و لەسەر کڵێشەی نەخشەڕێگایەک بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا ڕێکەوتن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) بەریتانیا لەوادەی خۆیدا کە بڕیاری لەسەردراوە لەیەکیەتی ئەوروپا جیابونەوەکەی ئەنجامدەدا و، لە کاتژمێر (١١) ی شەوی ڕۆژی هەینی (٢٩ ی ئازاری ٢٠١٩) بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا دێتەدەرێ.
هەتا ئێستا بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا لەسەر سێ پرسی سەرەکی ڕێکەوتون، یەکەمیان ئەو بڕە پارەیەی کە بەریتانیا دەبێ لەبری جیابونەوەکەی بیداتە یەکیەتی ئەوروپا و، وە دووەمیان چی ڕوودەدات لەبارەی سنوری باکوری ئێرلەندا لەدوای جیابونەوەی بەریتانیا و، وە هەروەها سێ‌یەمیان ماف و چارەنوسی هاوڵاتیانی هەردوولا لەدوای جیابونەوەکە چۆن ڕێکدەخرێ، وە ئەو پرسە هاتوچۆی ئازادیش دەگرێتەخۆی.
گفتوگۆکان لێردەبەدواوە چاودەبڕنە سەر داڕشتنی شێوەی چارەسەری ئەو پرسانە بەشێوەیەکی ورد و پڕ زانیاری، وە لەگەڵ دواڕۆژی شێوەی پەیوەندییەکانیان. ئەوەی کە کابینەکەی (مەی) ی سەرۆکوەزیران لەسەری ڕێکەوتون تێڕاوانین و دیدگای بەریتانیایە لەسەر چۆنیەتی شێوەی ئیشکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا لەداهاتوودا، وە ئەو نەخشە ڕێگایە دەدرێتە یەکیەتی ئەوروپا و، گفتوگۆی لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا لەسەر دەکرێ تا ئەوانیش لەسەر ڕەزامەندبن.

ماوەی ڕاگوێزەری دوای وادەی جیابونەوە چیە:
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە حکومەتی بەریتانیا لەسەری ڕێکەوتوە ماوەی ڕاگوێزەرە، ئەو ماوەیە بریتیە لەو کاتەی کە لەدوای (٢٩ی ئازاری ٢٠١٩)ەوە دەست پێ دەکات و هەتا (٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠) بەردەوامدەبێ، لەدوای ئەوەی ڕێکەوتن ئەنجامدرا و وادەی جیابونەوەکە جێبەجێکرا ماوەی ڕاگوێزەر دەستپێدەکات.
ئەو ماوەیە کە لەدوای (٢٩ی ئازار) ەوە دەست پێدەکات بۆ ئامادەکاری بازرگانیەکان و هەموو شتەکانی دیکەیە کەپەیوەستن بەجیابونەوەوە تاوەکو ئامادەبن بۆ ئەو کاتەی کە یەکیەتی ئەوروپا بەبێ بەریتانیا و، هەروەها بەریتانیا بەبێ یەکیەتی ئەوروپا دەمێننەوە، ئەو ماوەیە گرنگە بۆ خۆسازدان لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانەوە.
کابینەکەی حکومەتی بەریتانیا پێشتر یەکگرتوو نەبون لەسەر شێوەی جیابونەوەکە بەڵام ئەو جارەیان ڕێکەوتن لەسەر نەخشەڕێگایەک. لەخاڵەکانی ڕێکەوتنەکەدا هاتوە لەماوەی کاتی ڕاگوێزەردا هاتوچۆی ئازاد لەنێوان بەریتانیا یەکیەتی ئەوروپادا درێژەی دەبێت، هەڵبەتە ئەوە خواستی یەکیەتی ئەوروپاش بوە. هەروەها بەریتانیا لەو ماوەیەدا دەشتوانێ مامەڵەی بازرگانی سەربەخۆ دابمەزرێنێ لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەبێ پابەندبوون بەیەکیەتی ئەوروپاوە بەڵام ناتوانێ مامەڵەکان بکاتە بواری جێبەجێکردنەوە هەتاکو (٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١).
لەئێستادا هیچ دانوستانێک ئەنجامنادرێن بەڵام هەردوولایان هیواخوازن لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا لەسەر پوختەی شێوەی پەیوەندییەکانیان ڕێکەوتن بکەن، ڕێکخستنی شێوەی پەیوەندییەکانیش خۆی دەبینێتەوە لەسەر پرسەکانی بازرگانی و، هاتوچۆ و، ئاسایش.

نیگایەک لەسەر بەروارەکانی داهاتوو:
لە (١٨ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) ەدا لوتکەی ئەوروپا بەڕێوەدەچی، هەردوولا هیواخوازن لەسەر پوختەی پەیوەندییەکانیان ڕێکەوتن ئەنجامبدەن تاوەکو دەرفەت بدەنە پەرلەمانی بەریتانیا و، ئەندامەکانی یەکیەتی ئەوروپا ڕێکەوتنەکە پەسەندبکەن کە جیابونەوەکەی بەریتانیایە یان ڕەتیبکەنەوە.
ئەگەر هاتوو تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەو ساڵ ڕێکەوتن لەسەر شێوەی پەیوەندییەکانیان نەکرا، ئەوا هەتا (١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) ە موڵەت دەدرێتە هەردوولا کەبگەنە ڕێکەوتن.
دوای ئەو وادەیە پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر ڕێکەوتنەکە دانیشتنێک سازدەکات و، لەو کۆبونەوەیەدا پەرلەمانتارەکانی بەریتانیا ڕێکەوتنەکەی جیابونەوەی بەریتانیا پەسند دەکەن یان ڕەتیدەکەنەوە، وە لەئەگەری ڕەتکردنەوەدا جارێ ڕوون نیە چی ڕوودەدات.
لە (٢٩ی ئازاری ٢٠١٩) ەدا لەکاتژمێر یانزەی شەو دەرجونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا ڕوودەدات، جیابونەوەکە پەیوەست نیە بەڕێکەوتنەوە بەڵکو لەئەگەری ڕێکنەکەوتنیشدا جیابونەوەکە لەوادەی خۆی ڕوودەدات. ئەگەر هەموو شتێک وەکو خۆی بەپلان بەڕیوەبچێت ئەوا لەدوای تەواوبونی ماوەی ڕاگوێزەر کە (٣١ی کانونی دووەمی (٢٠٢٠) ە کۆتایی بەهەموو شتێک دێ، واتە جیابونەوەکە و ماوەی ڕاگوێزەر تەواودەبێ و بەریتانیا هیچ پەیوەستیەکی بەیەکیەتی ئەوروپاوە نامێنێت.
شیاوی گوتنە، بەریتانیایەکان لەڕیفراندۆمێکدا لە (٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦) ەدا پاڵپشتی جیابونەوەیان کرد لەیەکیەتی ئەوروپا، لەڕیفراندۆمەکەدا پرسیار کرابوو بەبەڵی و نەخێر، بەڵێ بۆ جیابونەوە یان نەخێر بۆ مانەوە.
لەو ڕیفراندۆمەدا کە زیاتر لە (٣٠ ملیۆن) کەس بەشداری تێداکردبوو واتە ئاستی بەشداریکردن نزیکەی (٧١،٨%) بوو خەڵکی بەریتانیا بەڕێژەی (٥١،٩%) دەنگیان بەجیابونەوە لەیەکیەتی ئەوروپا دا و، وە (٤٨،١%) یشیان دەنگیان بۆ مانەوە لەناو یەکیەتی ئەوروپادا دا.
لەماوەی ڕابردوودا کۆدەنگی نەبوو لەکابینەکەی حکومەتی بەریتانیادا بۆ شێوەی جیابونەوەکە بەڵام لەکۆبونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویاندا ڕێکەوتن لەسەر جیابونەوەی بەریتانیا لەوادەی خۆیدا و، وە هەروەها لەسەر نەخشەڕێگایەکیش بۆ شێوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا.
هەردوو بەرەی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا دەڵێن جیابونەوەکە ڕوودەدات بەڵام بەشێوەییەکی گشتی سیاسیەکانی بەریتانیا دابەشبون بەسەر دوو بەرەدا و لەسەر شێوەی جیابونەوەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا تاڕادەییەک کێشەیان هەیە، بەشێکیان داوای جیابونەوەی تیژ دەکەن و، بەشێکی دیکەیان داوای جیابونەوەی نەرم و بێ زیان دەکەن

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler