ئەیلول 21, 2019

گەندەڵی لەعێراقدا هەردەمێنێت

دەگوترێ قسە و باس هەیە لەچاکسازیکردن لەو سیستەمەی ئێستادا، بەڵام چاکسازی کارێکی قورس و مەترسیدارە لەعێراق چونکە توڕەکانی گەندەڵی بۆ ماوەیەکی درێژە خۆیان چەسپاندوە و کەسانی پلە باڵا و دەسەڵاتداری پارتەکان لەنێو ئەو تۆڕەدا هەن کەڕووبەڕووبونەوەیان مەترسیدارە.
شەڕی داعش لەعێراقدا تەواوبوە بەڵام گەندەڵی هێشتا درێژەی هەیە و پێناچێ وا بەئاسانی کۆتایی پێ بهێنرێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) عێراقیەکان لەسەر زۆربەی شتەکان کۆک نین بەڵام لەسەر یەک شت کۆک و یەکگرتوون ئەویش ئەوەیە عێراق وڵاتێکی گەندەڵە.
عێراقیەکان لەو باوەڕەدان لەوڵاتێکدا دەژین کە گەندەڵی ڕیشەدار و قوڵی تێداهەیە و یەکێکە لەهەرە وڵاتە گەندەڵەکانی جیهان، ئەوان خۆیان بەقوربانی ئەو دەوڵەتە نەخۆشە دەزانن کەوا بەسەدان ملیار دۆلاری تێدا دیارنەماوە و، لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی عێراق لەژیانێکی خراپ و بێکاری و کەموکورتیەکاندا دەژین کەچی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا کەوتۆتە نێو گیرفانی دەستەبژێری وڵاتەکە لەبەرپرسە باڵا و خاوەن دەسەڵاتەکانیەوە.
عێراقیەکان ماندوون لەو بارودۆخە وە هەرکەسێک پشتی گۆڕانکاری و چاکسازی بگرێ و دژی گەندەڵکاران بوەستێتەوە ئەوا پشتگیری لێدەکەن، سەرکەوتنی لیستەکەی (موقتەدا سەدر) لەهەڵبژاردنەکانی ئەو خولەی عێراقدا نمونەی ئەو ڕاستیەیە کە چەند ساڵێکە لەڕێگای کۆکردنەوەی خەڵکی و پشتگیری بۆ خۆپیشاندانەوە توانیویەتی دەنگێکی باش بۆ خۆی کۆبکاتەوە و، کاریگەریشی هەبوە لەسەر گوشارکردنە سەر حکومەت.
لەهەڵبژاردنەکانی عێڕاقدا شتێکی تریش دەخوێندرێتەوە ئەویش کەمی بەشداری خەڵکیە لەدەنگدانەکاندا، چونکە خەڵک باوەڕیان بەبەڵێنەکان بۆ گۆڕانکاری نەماوە و دوودڵن لەوەی کە گۆڕانکاری گەورە لەڕووی باشترکردنی ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییەکان لەعێراقدا ڕووبدات.
نوسەری راپۆرتەکەی (ئیندیپێندێنت) نوسیویەتی، لەڕومادی بووم کەدەکەوێتە ڕۆژئاوای بەغداوە کاتێ تەماشای وێرانیەکانی جەنگم دەکرد (موزەفەر عەبدولغەفار) ی ئەندازیاری خانەنشین بووم چاوپێکەوت، خانوەکەی بە‌هێرشی فڕۆکەکان ڕووخابوو و تازە خانوە نوێیەکەی تەواو دروستکردبۆوە، ئەو گوتی، ئەو خانوەم بۆ خۆم دروستکردۆتەوە و هیچ قەرەبویەکم لەحکومەت وەرنەگرتوە.
هەڵبەتە عێراق بڕیاری دابوو قەرەبووی ئەو هاوڵاتیانە بکاتەوە کە خانوەکانیان ڕووخاوە بەڵام سیستەمی بەڕێوەبردن لەعێراقدا خراپە و بەدەستهێنانی ئەو بڕە قەرەبوە ئاوا بەئاسانی نیە، (موزەفەر) لەو بارەیەوە گوتی، هەموو ئەوانەی قەرەبوو دەکرێنەوە بەرتیلیان داوەتە بەرپرسەکان، کەواتە لەعێراقدا شتێک نیە پێی بڵێن حکومەت، تەنها دزی هەن.
هەر لەبارەی گەندەڵیەوە لەعێراقدا هاوڵاتیەکی دیکەی عێراقی کە نوسینگەی خانوبەرەی هەیە ئاماژەی بەتێوەگلانی بەرپرسان لە بۆندەکانەوە کردوە. (سەفوات عەبدولڕەزاق) خاوەنی نوسینگەی خانوبەرەیە لەبەغدا گوتی، بازرگانیەکەم باشە و لێی ڕازیم، بەڵام بۆ داهاتوو گەش بین نیم چونکە حکومەتەکەمان لاوازە و گەندەڵیەکی زۆری تێدا کەڵەکەبوە. هەروەها گوتیشی بۆ هەرجێیەک دەچی دەبێ بەرتیل بدەی دەنا ئیشت ناڕوا. کۆنتراکتەرەکان دەبێ بەخشش بدەنە بەرپرسەکان بۆ ئەوەی بۆندێکی بازرگانیان بۆ دەرچێت.
هەر لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، عێراقیەکان لەهەموو ناوچەکان گلەییان هەیە لەسیستەمی بەڕیوەبردن و گەندەڵی لەوڵاتەکەیاندا، لەناوچەی شیعەکانیش ئەو دەنگانە زۆرن کە لەشێوازی حوکمڕانی و دزی و گەندەڵی ناڕازین.
لەشاری سەدری بەغدا یەکێک لەخەڵکی ئەو ناوچەیە گوتی، گەنجەکان نەوەی ونبوی ئەو وڵاتەن، ئەوان ناتوانن خێزان پێکەوەبنێن چونکە ئیشیان نیە و بژێوی و ماڵ دانیان بۆ ئەنجامنادرێ، دەبێ کەسێک لەناو حکومەتدا بناسی بۆ ئەوەی کار و سامانت باش بێ.
هەروەها خەڵکی عێراق گلەییان هەیە لەخزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی لەخزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و ئاوی پێویست.
لەعێراقدا شەڕەکان کۆتاییان پێ هاتوە، قاعیدە ماوەیەکە نەماوە و، ساڵیکیشە داعش تەواوبوە، هەروەها پێکەوەژیانی سێکتەریش تاڕادەییەک هێوری وەگرتۆتەوە کەواتە دەکرێ بگوترێ دۆخی عێراق لەڕووی ئاسایش و سەقامگیریەوە باشە بەبەراوورد بەجاران.
لەباشی بارودۆخدا بەهانەیەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگربێ لەئەنجامدانی چاکسازی، یان خزمەتگوزارییەکان باشترنەبن چونکە کاتێک عێراق لەشەڕدا بوو خەڵکی تەنها لەبیری ئاسایشدا بوون، وە کەمتر بۆ باشترکردنی ئاستی ژیانیان گوشار و گربونەوەیان ئەنجامدەدا تێگەیشتنیان بۆ بارودۆخەکە هەبوو. بەپێی راپۆرتەکە لەئێستادا عێراقیەکان لەهەموو کاتێک زیاتر لەڕابردوو هۆشیارترن لەشکستی سەرکردەکانیان و لەخراپی بەڕیوەبردنی شێوی سیستەمی حکومەتەکەیان.
عێراق و وڵاتانی هاوشێوەی عێراق بۆ نمونە عەرەبستان کە دەوڵەمەندن بەسامانی سروشتی نەوت پارەیەکی زۆر لەخەرجیەکانی بازنەی دەسەڵاتداراندا خەرجدەکرێ، کە بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵاتە.
زۆری موچەخۆرانی گشتی و هەبوونی گەندەڵی لەو سیستەمەدا شێوەیەکی دیکەیە لەخراپی سیستەمی بەڕێوەبردن و گەندەڵی، لەعێراقدا نزیکەی (٤،٥ ملیۆن) موچەخۆری گشتی هەیە، وە ئەوانەیش کە موچەخۆری گشتی نین هەوڵدەدەن کە بەهەر ڕێگایەک بێ موچەیەکیان هەبێ، سەرەنجام ئەوە وادەکات دەوڵەت دەوڵەتێکی بێ بەرهەم و ناچالاک دەرچێ.
سەرکردە سیاسیەکان لەعێراقدا باسی چاکسازی لەو سیستەمەدا دەکەن، وە لەڕووی سیاسیەوە ئەوە کارێکی مەترسیدارە چونکە تۆڕی گەندەڵی ڕیشەی خۆیان داکوتاوە و بۆ ماوەیەکی درێژە خۆیان دامەزراندوە، وە زۆربەی زۆری خەڵکە خاوەن دەسەڵات و پارتەکان تێوەگلاون.
کەمپەینی دژە گەندەڵی لەعێراق هەروەکو عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زۆرجار گروپێکی زۆر دەوڵەمەندە و هەوڵدەدات شوێن بەئەوانی دیکە بگۆڕێ، کەواتە لێرەشدا گۆڕانکاری لەپێناو چاکسازی ڕاستەقینە دروست نابێ.
بەگوێرەی راپۆرتەکە میکانیزمی گەندەڵی لەعێراقدا بەبەراوورد بەوڵاتانی دیکەی ناوچەکە تاڕادەییەک جیاوازە چونکە ڕۆڵی پارتە سیاسیەکان لەعێراقدا کاریگەر و بەهێزە.
(موزیر سالح) ڕاوێژکاری دارایی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، شەڕی دژی گەندەڵی لەعێراقدا مەحاڵە تەنها لەکاتێکدا نەبێ کە سیستەمی سیاسی بگۆڕدرێت.
شیاوی گوتنە. گەندەڵی لەعێراقدا لەناونابرێت بەڵام دەکرێ لاواز و بێتوانا بکرێت، بۆ نمونە کاتێک داعش لەساڵی (٢٠١٤) ەدا پێشڕەوییەکانی بەرفراوانکرد بەرەو بەغدا نزیک بۆوە ئەو کاتە بارودۆخ خراپ بوو، (سالح) ڕاوێژکارەکەی (عەبادی) گوتی، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە حکومەتی عێراقی خەرجیەکانی بەڕێژەی (٣٧%) بڕی، لەڕاستیدا ئەو پارەیە بۆ هیچ خەرجنەدەکرا بەڵام بەخەرجی دادەنرا.
گەندەڵی لەعێراقدا هەر دەمێنێ بەڵام دەکرێ لەداهاتوودا عێراقیەکان لانیکەم هیواخوازبن بۆ گەیشتن بەپارەیەکی باشتر و، وە ژیانێکی شایستەتر

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler