ئەیلول 21, 2019

ئەگەر توركیا پەلامار بدرێت، ناتۆ هاوكاری ناكات

سەرۆكی پارتی یەكێتی كریستیانەكان كە یەكێكە لەو 4 پارتەی چوەتە ناو حكوومەتی هاوپەیمانی هۆڵەندا، توركیا ئاگادار دەكاتەوە ئەگەر دووچاری هەر پەلامارێك ببنەوە، هۆڵەندا وەكو ئەندامی ناتۆ هیچ هاوكارییەكی توركیا ناكات.
گێرت جان سیگیرس سەرۆكی پارتی یەكێتی كریستیانەكانی هۆڵەندا، لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (دی تەلەگراف)ـی هۆڵەندی كە زۆرترین خوێنەری هەیە لەو وڵاتە، رایدەگەیەنێت پێویستە دانوستاندن بۆ ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بە تەواوی رابوەستێت و توركیا خەونی بوون بە ئەندامی لە یەكێتی ئەوروپا كۆتایی پێ بێت.
ئەو دەڵێت: "لەبەر ئەوەی توركیا و هۆڵەندا ئەندامی ناتۆن، بۆیە هۆڵەندا مووشەكی (پاتریۆت)ـی دەفرۆشتە توركیا، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە. ئیدانەی ئۆپەراسیۆنی توركیاش دەكەم بۆ سەر عەفرین و لەوێدا توركیا بە تەواوی سنووری خۆی بەزاند". باسی لەوەش كرد ئەگەر لە داهاتوو توركیا داوای هاوكاری سەربازی لە هۆڵەندا كرد، پێویستە ئێمە پێی بڵێین نەخێر، هەروەها ئەگەر توركیا دووچاری هەر پەلامارێك ببێتەوە، هۆڵەندا وەكو ئەندامی ناتۆ نابێت هیچ هاوكارییەكی توركیا بكات.
بە گوێرەی مادەی 5ی رێككەوتنی ناتۆ، هەر ئەندامێكی ناتۆ لە دەرەوە دووچاری پەلامار بوەوە، یاخود ئاساییشی ناوەخۆیی كەوتە مەترسییەوە، ئەو پەلامارە بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ حیساب دەكرێت و پێویستە هاوكاری یەكتری بكەن

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler