ئەیلول 20, 2019

قەیرانی کەم ئاوی هەڕەشە لەعێراق دەکات

لەدوای دەیاها ساڵ شەڕ و لەناویشیاندا شەڕی داعش، ئێستا عێراق لەمەترسیدایە بۆ وشەکەڕۆیی و نەمانی ئاوی دیجلە و فورات و لەدەستدانی سەرجاوەکانی ئاوی. بەنداوەکانی تورکیا و ئێران و سووریا لەسەر ئەو دوو ڕووبارە وادەکەن بەشێک لەناوچەکان ببنە بیابان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) عێراق لەشەڕ و ناسەقامگیریەوە بەرەو مەترسیەکی دیکەی مرۆیی پێدەنێت ئەویش نەمانی ئاوە.
(قاسم سەباتی) خاوەنی پێشانگایەکی وێنە و گالەری لەبەغدا لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، جارێک هاوڕێیەکم لەڕووباری دیالە ڕزگارکرد کەتەنها لەقەراغەوە کەوتە ناوی، ئەوە نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوپێش بوو، تازە لەو ماوەیەدا چومەوە ئەو شوێنە و بینیم ڕووباری دیالە هێندە کەمە کە مرۆڤ دەتوانێ بەپیاسە و لەگەڵ سەگێک بەناویدا بپەڕێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕووبارەکانی عێراق لەسەرووی دیجلە و فوراتەوە وشک دەبن و، وڵاتەکە زیاتر وشکەڕۆ دەبێ، هەروەها بەبیابانبونی ناوچەکانیش زەویە کشتوکاڵیەکان لەناودەبات.
تورکیا و، ئێران و سووریا لەساڵەکانی (١٩٧٠) بەدواوە کاریان لەسەر ئەو ئاوانە کردوە و بەنداویان لەسەر دروستکردون، ئەو بڕە ئاوەی کە دەڕژێتە عێراقەوە بەهۆی ئەو بەنداوانەوە بەردەوام لەکەمبونەوە دابوە و ئێستا زۆر کەمتربوە و بۆ ئەندازەی نیوە دابەزیوە و بارودۆخەکە بەرەو خراپی زیاتریش دەچێت.
لەبارەی گرتنەوەی ئاوی دیکەوە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، (حەسەن جەنابی) وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ (ئیندیپێندێنت) ئاماژەی بەوەداوە، لە ١ی تەمموزەوە تورکیا دەستدەکات بەپڕکردنی بەنداوی ئیلسو لەسەر ڕووباری دیجلە ئەوەش دەبێتەهۆی کەمترکردنەوەی ئەو بڕە ئاوەی کەپێشتر دەگەیشتە عێراق و بۆ نیوە دادەبەزێ.
عێراق ساڵانە نزیکەی (٣٠ ملیار مەتر سێ‌جا) لەئاوی فورات بەکاردەهێنێت، بەگوتەی وەزیری ناوخۆی عێراق بێ ئەگەر لەئێستادا ئەو بڕەیە بۆ (١٦ ملیار مەتر سێ‌جا) ش داببەزێت ئەوان هەر شوکرن.
شەڕی نەبونی ئاو و قەیرانی وشکەڕۆیی و بەبیابانبون کەمترنیە لەشەڕی چەکداری، بەهۆی قەیرانی کەم ئاویەوە بەشێکی زۆری ناوچەکان بیابان دەبن و سامانی میللی لەناودەچێت و کاریگەری دەبێ لەسەر تێکچونی سەقامگیری و ئاسایشی خۆراک لەناوچەکەدا.
لەکاتێکدا عێراق دەستیدەکرد بەخۆڕێكخستنەوە لە چل ساڵ شەڕ و تەنگەتاوی، بەڵام هەڕەشەیەکی دیکە بەخێرایی سەریهەڵداوە و ئاوی دیجلە و فورات کە دو گەورەترین ڕووبارن وە خەڵکی پشتیان پێبەستون بۆ بەرهەمەکانیان ئێستا ئاوەکەیان بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە.
هەر لەعێراق بوو لەکەناراوەکانی ئەو ڕووبارانەی، کە یەکەمین شار (٨ هەزار) ساڵ لەمەوپێش دروستکرا و چیرۆکەکانی لافاوی گەلگامێش و بابل بۆ یەکەم جار لەوێ گوتران.
ئەو لافاوانە لەئێستادا تەنها شتێکن لەڕابردوو و، دواین لافاویش لەساڵی (١٩٨٨) دا بوە، وە هەر ساڵێک بەبەراوورد بەساڵی پێش خۆی بڕێکی زیاتر ئاو لەلایەن وڵاتانی درواسێی عێراقەوە گلدراوەتەوە و ئەو ئاوەی کەڕژاوەتە عێراقەوە کەمتری کردوە.
عێراق بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی و گەندەڵیەوە نەیتوانیوە کێشەی کەم ئاوی بکاتە ستراتیژ و پێشینەی پلانەکانی، لەسەردەمی سەدام حسێن و، هەروەها حکومەتەکانی دوای ڕووخانی ئەویش بەشەڕەوە سەرقاڵبون، کێشەی کەمئاویان بەهەند وەرنەگرتوە، وە لەگەڵ ئەو بارودۆخانەیشدا گەندەڵی و نەبونی بێ پلانی فاکتەری دیکەی سەر بابەتە بوە.
ئێستا درەنگە بۆ گێڕانەوەی کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە و کەمبونەوەی ئەو بڕە زۆرەیەی ئاو کە عێراق لەدەستیدەدات، بۆیە بارودۆخی کەمبونەوەی ئاو بارودۆخێکی سەخت دەبێ بۆ عێراقیەکان لەئێستا و لەداهاتوودا. وە (جەنابی)یش وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، ئەو هاوینە هاوینێکی سەخت دەبێ.
شیاوی گوتنە، عێراق لەڕابردوودا شوێنێکی گونجاو بوو لەڕووی ئەنجامدانی کشتوکاڵی پێویست و بەرهەمە خۆراکیەکانی بۆ پڕکردنەوەی پیداویستیەکانی ناوخۆی بەڵام لەئێستادا نزیکەی (٧٠%) ی پێداویستیە خۆراکیەکانی لەدەرەوە هاوردەدەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە شوتی و تەماتەی خۆماڵی لەسەر ڕێگایەکان و مارکێتەکان دانراون بۆ فرۆشتن، بەڵام زۆربەی ئەو شتانەی کە عێڕاقیەکان دەیخۆن لە ئێران و لە تورکیاوە هاوردەدەکرێن یان حکومەت لەوڵاتانی دیکەی جیهانەوە دەیانکڕێت.
ئەو ڕێژە زۆرەی هاوردەکردنی خۆراک لەدەرەوە پێدەچێ لەو ساڵ و ساڵانی ئایندەشدا بەرزتربێتەوە، بەهۆی گرتنەوەی بەنداوی ئیلسوی تورکیا ڕێگردەبێ لەبەرهەمهێنانی برنج و گەنمی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
هەندێک ڕووباری بچوک کەپێشتر لەئێرانەوە دەهاتنە عێراق ئێستا وشک بون، ئەوانیش کاریگەیان هەیە لەسەر نەمانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، لەوانە ڕووبارەکانی کاڕون و کارک، ئێران ئەو ڕووبارانەی لەناوچەکانی خۆیدا بەئاراستەی دیکە سوڕاندوە بۆ سودەرگرتنی بەنداوەکانی ئاو لەناوچەکاندا.
وەزیری ئاوی عێڕاق لەو بارەیەوە گوتی، پێشتر ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار مەتر سێ‌جا ئاومان لە کارکاهاوە پێدەگەیشت بەڵام ئێستا هیچ بڕە ئاوێکمان بۆ نایەت.
(عیماد ناجا) جوتیارێکی عێراقیە و لەگوندێکی دەرەوەی تاجی چەند ناوچەیەکی کشتوکاڵی و، هەنگ بەخێوکردن و کێڵگەی ماسی هەبوە، ئەو ئێستا بەهۆی باردۆخی نالەباری ناوچەکەیان لەهەولێر دادەنیشێ و لەبارەی کەمئاوی و کاریگەرییەکانی بۆ ڕاپۆرتەکە گوتی، دڵتەنگم کە ئەو هەموو ئیشەم لەکێلگەکانم داکردوە، وەرە ئێستا تەماشایان بکە چیان بەسەر هاتوە و بەهۆی بێ ئاویەوە سێ بەشی زەویەکەم بەرهەمی لەدەستداوە.
(ناجی) لەدوای هاتنی داعشەوە لەهەولێر دادەنیشێ، ئەو تەنها لەبەر سەلامەتی و نەبونی ئاسایش لەناوچەکەی خۆیاندا ڕاینەکردوە بەڵکو لەهەولێر دەتوانێ قوتابخانە باشتریش بۆ مندڵەکانی دابینبکات

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler