شوبات 27, 2020

پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاڵۆزه‌

شەڕی داڕشتنی شێوەی نوێی حکومەتی عێراقی لەنێوان گروپە ناوخۆییەکان و، هەروەها باڵادەستی هێزە دەرەکیەکاندا هێشتا لەتەواوبوندایە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بەوەدەدەدن ئێران دەتوانێ بەو ستراتیژیەتی کە دایناوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیدا لەعێراق سەرکەوتن بەدەستبهێنێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەدوای هاتنەدەرەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران، ئەمەریکا تەنها چاوی بڕیوەتە سەر گێرانەوەی سزا ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە بەڵام لەولاوە ئێران هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕکردۆتەوە بۆ لێکنزیککردنەوەی گروپە شیعیەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی لەعێراقدا کە خوازراوی بێ و، هەروەها بتوانێ لەو ڕێگایەوە کاریگەرییە ناوچەییەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژە پێبدات.
عێراقیەکان هەوڵەکانیان زیادکردوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەکان و پێکهێنانی حکومەتە تازەکەیان، بەڵام بەتەنها عێراقیەکان لەپرۆسەکانی پێکهێنانی حکومەتدا نین و بەس بەڵکو هێزەکانی دەرەوەش بەتایبەتی ئێران و ئەمەریکا ئەو دوو هێزە کاریگەرەن کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەو پرۆسەیەدا، ئەوان دەتوانن کاریگەریان هەبێ لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەکان و، لێکنزیکردنەوەی گروپە ناڕێکەکان و، بەرزکردنەوەی هەماهەنگی نێوان پارتە سیاسیەکان و، وە هەروەها دەتوانن ڕۆڵی دادوەر ببینن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەهاوپەیمانیەتێکی شەڕەفمەندانە و سەرکەوتوو کە دواجار حکومەتی نوێی پێ دروستدەکرێ.
بۆ دروستکردنی کابینەی حکومەت، یان شەرعیەتدان بە هاوپەیمانیەتیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە (١٦٥) کورسی لەکۆی (٣٢٩) کورسی پەرلەمانی عێراقی هەیە. لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لەهەوڵێکی چاوەڕوان نەکراودا هاوپەیمانیەتی لەنێوان لیستی سائیرونی (سەدر) و فەتحی (عامری) دا ڕاگەێنرا، وە ماوەیەک پێشتریش هاوپەیمانی نێوان (حکمە و وەتەنیە و سائیرون) ڕاگەێنرابوو، هەموو ئەو لیستانە پێکەوە ژمارەی کورسیەکانیان دەگاتە نزیکەی (١٤١) کورسی و هێشتا پێویستیان بەلیستی دیکە هەیە بۆ بەشداریکردن و تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراقی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان هەوڵەکانی ئێران کاریگەری زۆریان هەبوە لە لێکنزیکردنەوەی (عامری) و (سەدر) دا، وە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە چەند هەوڵێکی دیکەی ئێران لەئارادان بۆ بەشداری پێکردنی لیستەکەی (مالیکی) یش لەو هاوپەیمانیەتیەدا. ئەوەی کە ئێستا بەدیدەکرێ ڕۆڵگێرانی ئێرانە لەشێوەی حکومەتی عێراقدا کە شیعە باڵادەست و زۆرینەبێ بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمەریکا تاڕادەییەک لەو مەیدانەدا دوورەپەرێز دەردەکەوێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) تاران دەیەوێ دڵنیابێ لەوەی حکومەتی نوێی عێراقی بەردەوام دەبێ لەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەڕووی ئاسایش و ئابوری و سیاسیەوە، وە هەروەها بەبەشداری بوونی لیستەکەی (عامری) لە حکومەتدا پاڵپشتی حکومەتی نوێی عێراقی بەدەستدێنێ بۆ بەردەوام بوون لە یاسایی بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی حکومەتەدا، ئەوەش ئامانجێکی گەورەیە بەلای ئێرانەوە کە دەتوانێ لەهەر کاتێکدا بێ ئەو هێزانە لەپێناو بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێ.
هەرچی ئەمەریکایشە دەیەوێ ئێران لەکاریگەرییە ناوچەکاندا پاڵپێوەبنێ و ڕێگای لێ بگرێ، ئەمەریکا دەیەوێ حکومەتێکی نوێ لەعێراقدا ببینێ کە پاڵپشتی سیاسەتی ئەمەریکا بکات لەناوچەکەدا، یان تا رادەییەک سروشتی و بێ لایەن بێ. ئەمەریکا دەیەوێ هێزە عێراقیەکان یەکگرتووبن و هەموو پێکهاتەکان لە شیعە و سوننە و کورد بەشداری کارای حکومەتی نوێی عێراقی بن، ئاوا دەکرێ عێراق بەرەو سەقامگیری هەنگاوبنێ و، ئاشتەوایش ڕیشە داکوتێ. وە هەروەها ئەمەریکا دەیەوێ بەردەوام بێ لەپاڵپشتیکردنی هێزە فەرمیە سەربازییەکان و ئاسایشی عێراقی، وە بەبەهێزبونی هێزە فەرمیەکان و تواناکانیان بۆ بەرگریکردن لەوڵات، ئەمەریکا دەیەوێ لەو ڕێگایەوە کاریگەری هێزەکانی سەر بەئێران (حەشدی شەعبی) کەمبکرێنەوە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئامانجانەی ئەمەریکا و چاوەڕێیەکانی لەشێوەی حکومەتی نوێی عێراقدا، کەچی هەوڵێکی زۆر کەم و کاریگەرییەکی لاوازی ئەمەریکا لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی دەبینرێ، بەرپرسانی ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبون لەتێگەیشتنی ئێران لەناوچەکەدا چونکە کاریگەرییەکانی ئێران بەو قەبارەیە و ئاستە بەرز و بەرفراوانە دەتوانێ شێوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە بۆ حکومەتی نوێی عێراقی دیاریبکات و ڕۆڵی هەبێ لە بەشداری پێکردنی هەموو ئەو هێزانەی کە بەدڵی ئەون لەناو حکومەتدا.
ئیدارەی (ترەمپ) لە ئەمەریکا ڕووبەڕووبونەوەی کاریگەرییەکانی ئێرانی لەکارە هەرە لەپێشەکان داناوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵام لەپڕاکتیکدا هەنگاوی جیدی لەو بارەیەوە نەهاویشتون و تەنها هەوڵەکانی لەبواری تێکدانی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێراندا چڕکردونەتەوە.
لەڕاستیدا کەمکردنەوە یان لابردنی هەوڵ و کاریگەرییەکانی ئێران پێویستی بەپێشبڕکێی ئەمەریکایە لەبەرانبەر هەوڵەکانی ئێراندا بۆ داڕشتن و دیزاینکردنی شێوەی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی ڕۆڵی ئەمەریکا لەپێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەکان بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراقی کاریگەری بەرچاوی دەبێ لەدرێژەدان بەدەسەڵاتەکانی ئێران لەناوچەکەدا یان بەپێچەوانەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئەمەریکا پێویستە تیمێکی کاریگەر و باڵا بنێرێتە بەغدا و هەموو سەرچاوەکانی ژێر دەستی بخاتە ئیش پێکردن بۆ بەدەستهێنانی شێوەیەکی ویستراو لەحکومەتی نوێی عێراقدا، هێشتا کات بۆ ئەو هەوڵانەی ئەمەریکا لەبەردەمدا هەیە کە بەشدارییەکان و ڕۆڵی لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا بەرزبکاتەوە، بەڵام ئەگەربێتو بۆ ئەو مەبەستانە پرۆژەییەکی وەرچەرخێنەر و گۆڕنکاری پێکەری نەبێ ئەوا (واشنتن) دەرفەتێکی گەورە لەدەست دەدات کە دەرفەتی وەستاندنی بەرفراونیەکانی هەژمون و ڕۆڵی ئێرانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 21 حوزەیران 2018 06:32
© 2017 Hawler