تشرینی یەکەم 16, 2019

ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی ئەمەریکا تەوقی گەمارۆی لێ ئاڵاندوونە

دەوڵەتی ئەمەریکا ئەو هەنیەی ڕابرد، هەڵگرتنی گەمارۆ ناوەکیەکەی سەر ئێرانی بۆ چوار مانگی دی درێژ کردەوە بەڵام، چەند بەرپرس و ناوەندێکی دیکەی ئێرانی خستە توێی گەمارۆوە؛ لەوانە سادق لاریجانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ تەوقکردنی لاریجانی، هێڵی سوورە و، ئێران چاک دەزانێ چۆن وەڵامی ئەمەریکا بداتەوە.
سادق لاریجانی، گەورەترین بەرپرسێکی ئێرانیە کە ئەمەریکا گەمارۆی خستبێتە سەر؛ هەڵبەت ئەمەریکا ناوی زۆر بەرپرسی دیکەی ئێرانیشی خستووەتە لیستی ڕەشەوە؛ زۆربەی ئەو تەوقکراوانە یان بەرپرسیارەتیی سەربازییان هەیە یان دادوەری.

ناوی بەرپرسە گەمارۆدراوەکانی ئێران

• سادق ئامولی‌لاریجانی؛ سەرۆکی دەسەڵاتیی دادوەریی ئێران. ئەمەریکا دەڵێ لاریجانی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا دەستێکی باڵای هەیە؛ لەسێدارەدانی ئەو سزادراوانەی بەر لە تەمەنی بلۆغی یاسایی تاوانیان کردووە؛ ئەشکەنجەکردن و فەلاقەکردنی زیندانیەکان و، سزای نامرۆڤانەی وەک بڕینەوەی دەست و دەرهێنانی چاو. ساڵی ٢٠١٢یش یەکیەتیی ئەرووپا هەر بەو بۆنانەوە سادق لاریجانییان خستووەتە لیستی گەمارۆوە.
• حەسەن فیرۆزاوایی؛ سەرئەرکانی پێشووی ئێران. ئەمەریکا بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە فیرۆزاواییی داوەتە بەر گاز؛ ئەمەریکا دەڵێ لە سەرکوتکردنەکەی ساڵی ٢٠٠٩ـی خەڵکی ئێراندا، ئەویش بەرپرسیارە، چونکە لەو کاتەدا بەرزترین پۆستی سەربازیی ئێرانی بە دەستەوە بووە؛ یەکیەتیی ئەورووپایش ئەو کابرایەیان دابووە بەر گەمارۆ.
• محەمەدعەلی جافری؛ سەرفەرماندەی سوپای پاسداران. ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباماوە لەبەر چەند هۆکارێک، سەرفەرماندەی سوپای ئێرانیان خستووەتە لیستی ڕەشەوە؛ لەوانە: تیرۆرپەروەری، پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ و، پێشێلکردنی ماڤی مرۆڤ؛ ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا داوە کە هێزەکانی سوپا و بەسیج (حەشد)ـی کۆماری ئیسلامی هەر بە مەیلی خۆیان خەڵکیان گرتووە و، فەلاقەیان کردوونە؛ لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ٢٠٠٩ـی تارانیشدا دەستیان هەبووە؛ یەکیەتیی ئەرووپایش هەر بەو بۆنەوە محەمەدعەلی جافرییان خستە لیستی گەمارۆوە.
• قاسم سلێمانی؛ فەرماندەی سوپای قودس، باڵی ئێرانەودەری سوپای پاسدارن. ئەرکی باڵی ئێرانەودەری سوپا، ئەوەیە لە دەرەوەی ئێران چالاکی بکا. ئەمەریکا لەبەر تیرۆپەروەری و پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ و، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە یایبەت لە سووریا، فەرماندەی سوپای قودسیان گەمارۆ داوە؛ لە ساڵی ٢٠٠٧ـیشەوە ئەنجومەنی ئاسایشیش گەمارۆی خستووەتە سەر قاسم سلێمانی.
• خوڵامحسەین موحسینی‌ئژەیی؛ یاریدەدەری یەکەم و وتەبێژی دەسەڵااتی دادوەری و، وەزیری جارانی ئیتڵاعاتی ئێران. ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەو "کابرا مافکوژە"ی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە. ئژەیی لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکەی سالی ٢٠٠٩ـی تاراندا وەزیری ئیتڵاعات بوو؛ ئەمەریکا دەڵێ لەو سەروبەندەدا وەزارەتی ئیتڵاعات بەرهەڵستکارانی دەگرت و، بەبێ ئەوەی بڵێ چییان کردووە، بە ئەشکەنجە قسەی دەنایە زمانیان و، حوکمی دەدان. یەکیەتیی ئەورووپایش 'ئژەیی'ـیان گەمارۆ دابوو.
• ئیسماعیل ئەحمەدی‌مقەدەم؛ فەرماندەی جارانی هێزی پۆلیسی ئێران. ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەحمەدی‌مقەدەمی خستووەتە لیستی ڕەشەوە؛ دەڵێ هەم لەبەر ئەوەی لە ئێران و لە سووریایشدا ماڤی مرۆڤی پێشێل کردووە، هەمیش بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئێران کەم ببێتەوە. لە سەروبەندی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانە خوێناویەکەی تاراندا، ئەحمەدی‌مقەدەم فەرماندەی پۆلیسی ئێران بوو. ئەمەریکا دەڵێ ئەو کابرایە سەرۆکایەتیی پۆلیسی سایبری (ناو ئینتەرنێت)ـیشی کردووە و، لەوێیشەوە بەرهەڵستکارانی ئەزیەت داوە. یەکیەتیی ئەورووپایش ئەحمەدی‌مقدەمیان گەمارۆ دابوو.

• محەمەدڕەزا نەختی؛ فەرماندەی جارانی بەسیج (حەشد). ئەمەریکا بە چەند هۆیەکەوە، لە سالی ٢٠١٠وە ئەو کابرایەی تەوق کردووە؛ لەوانە: پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ و، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. وەختی خۆیشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆمەتی بنکۆڵکردنی سزا ئابووریەکانی سەر ئێران، ناوی نەختییان خستبوویە لیستی ڕەشەوە.
• سادق مەحسووڵی؛ وەزیری جارانی ناوخۆ. لە ساڵی ٢٠١٠وە، ئەمەریکا وەزیری ناوخۆی ئێرانی لەبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ گەمارۆ داوە؛ ئەمەریکا دەڵێ پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ساڵی ٢٠٠٩ پەلاماری حەوانگەی قوتابیانی زانکۆی تارانیان دا و، سادق مەحسووڵی لێی بەرپرسیارە.
• حەیدەر مسلحی؛ وەزیری جارانی ئیتڵاعاتی ئێران. لە ساڵی ٢٠١٠وە ناوی خراوەتە لیستی ڕەشەوە؛ ئەمەریکا دەڵێ مافی مرۆڤی پێشێل کردووە. مسلحی لە سەروبەندی سەرکوتکرانی خۆپیشاندانە مەزنەکەی ٢٠٠٩ـی تاراندا وەزیری ئیتڵاعات بوو. لە سای وەزیرایەتیەکەی مسلیحیەوە، زۆر کەس گیران. قاوشی ٢٠٩ـی زیندانی ئڤین سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتە و، بەرهەڵستکاران دەخرێنە ئەو قاوشەوە و، لەوێ ئەشکەنجە و فەلاقە دەکرێن و، ناچاریان دەکەن دان بە کاری نەکردەدا بنێن؛ ئەمەریکا دەڵێ حەیدەر مسلحی لەو کارەدا بەرپرسیارە.
• مستەفا محەمەدنەجاڕ؛ وەزیری جارانی ناوخۆ و، وەزیری جارانی بەرگری. لەبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ،لە ساڵی ٢٠١٠وە خراوەتە لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە و، گەمارۆی خراوەتە سەر؛ لە سەروبەندی سەرکوتکردنی خۆپیشاندناە گەورەکەی تاراندا، وەزیری ناوخۆی ئێران بوو؛ ئەمەریکا دەڵێ ئەوهێزە پۆلیسەی خۆپیشاندانەکەی سەرکوت دەکرد، سەر بە وەزارەتی ناوخۆنە و، وەزیری ناوخۆیش لێی بەرپرسیارە.
• ڕۆستەم قاسمی؛ وەزیری جارانی نەوت و، فەرماندەی جارانی بنکەی خاتەمولئەنبیا. لە ساڵی ٢٠١١وە لەبەر تیرۆپەروەری و پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ، ناوی خراوەتە لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە.
• ڕەزا تەقیپوور؛ وەزیری جارانی پەیوەندیەکان. بە تۆمەتی سانسۆری هۆیەکانی پەیوەندی (سەتەلایت و، ئینتەرنێت و، ..) ناوی خراوەتە لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە.
• ئەحمەد وەحیدی؛ وەزیری جارانی بەرگری. ئەمەریکا بۆ بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژ، ئەو کابرایەی تەوق کردووە؛ یەکیەتیی ئەورووپایش وحیدییان گەمارۆ دابوو.
• ئەحمەدڕەزا ڕادان؛ فەرماندەی جارانی پۆلیسی تاران وم جێگری جارانی سەرفەرماندەی پۆلیسی ئێران؛ ئەمەریکا لەبەر پێشلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و لە سووریا، ناوی ڕادانی خستووەتە لیستی گەمارۆوە. ئەمەریکا دەڵێ ڕادان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکەی ٢٠٠٩ـی تاران و، کوشتوبڕکردنی بەرهەڵستکارە گیراوەکانی گرتووەخانەی کارێزەکیشدا دەستی هەبووە؛ یەکیەتیی ئەرووپایش ڕادانیان گەمارۆ دابوو.
• سەعید مرتەزەوی؛ سەردادوەری جارانی تاران. لە ساڵی ٢٠١٠وە، لەبەر پێشلکردنی مافی مرۆڤ، ناوی مرتەزەوی خراوەتە لیستی گەمارۆوە؛ ئەمەریکا دەڵێ ئەویش وەکو ڕادان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکەی ٢٠٠٩ـی تاران و، کوشتوبڕکردنی بەرهەڵستکارە گیراوەکانی گرتووەخانەی کارێزەکیشدا دەستی هەبووە؛ یەکیەتیی ئەرووپایش ناوی مرتەزەوییان خستووەتە ڕیزی تەوقکراوەکانەوە.
• حسەین تایب؛ بەرپرسی دەزگای ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و، فەرماندەی جارانی بەسیج (حەشد). لەبەر تیرۆرپەروەری و، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئەو کابرایەی گەمارۆ داوە؛ یەکیەتیی ئەورووپایش تایبیان تەوق کردبوو.
• عەلی فەزڵی؛ جێگری جارانی فەرماندەی بەسیج (حەشد). ئەمەریکا دەڵێ بەسیج لە ئینتەرنێتەوە پەلاماری برووەتە سەر شوێنی دیکە و، لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکەی سالی ٢٠٠٩ـی تارانیشدا دەستی هەبووە؛ جا بەو بۆنەوە لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەو کابرایەی تەوق کردووە.
• خوڵامڕەزا زیایی؛ بەرێوەبەری زیندانی ڕەجاییشار. ئەمەریکا لەبەر پێشلکردنی مافی مرۆڤ، ئەو کابرایەی خستووەتە لیستی گەمارۆوە.
• زۆراب سلێمانی؛ سەربەرپرسی زیندانەکانی پارێزگای تاران و، یاریدەدەری ئاسایشەوانیی زیندانەکانی ئێران؛ زۆراب برای قاسم سلێمانیە. ئەمەریکا ئەوە چەند مانگێکە ئەو کابرایەی بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە تەوق کردووە.

© 2017 Hawler