کانونی یەکەم 07, 2019

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق بەدڵی ئێرانیش نین

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (١٢ی ئایار) دوودڵی بۆ ئەمەریکا و هەروەها ئێرانیش هێناوەتەپێش، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا لەواشنتنەوە ڕایانگەیاندوە، دەرهاویشتە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەهەر شێوەیەک بێت کارناکەنە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق وە هەماهەنگیەکان لەنێوان هەردوولادا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامدەبن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگی‌ئەمەریکا) پەیوەندییەکانی سەربازی نێوان سوپای ئەمەریکا و هێزەکانی ئاسایشی عێراقی ناکەونە بەر کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانەوە، ئەگەرچی سەرکەوتنی (موقتەدا سەدر) لەو هەڵبژاردنەدا جۆرێک لەناجێگیری لەدواڕۆژی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا هێناوەتەپێش چونکە شوێنکەوتوەکانی لەپێشتردا شەڕی دژی ئەمەریکایان کردوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی بەدووری دەبینن پەیوەندییەکان بەوهۆیەوە بپچڕێن.
(ژەنەڕاڵ جۆو ڤۆتێل) سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی دەرەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن و پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوولادا بە (ئەسۆشێتد‌فرانس‌پرێس) ی ڕاگەیاندوە، متمانەیەکی بەهێزی بەو دروستبون و هەماهەنگیانە هەیە کە لەماوەی سێ ساڵی شەڕی دژی داعشدا لەگەڵ هێزەکاندا دروستبون.
هەروەها گوتیشی، چاومان لەوەیە کە بەردەوام بین لەپارێزگاریکردنی خەڵکی ئەوان (عێراقیەکان) وە پەرەپێدان و زیادکردنی تواناکانیان و بەپرۆفیشناڵکردنی هێزەکانیان، بۆیە لەو باوەڕەدام پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەنێواندا هەیە.
ئەو بەرەوپێشچونانەی دوایی عێراق و سەرکەوتنی هاوپەیمانی سائیرون بەسەرکردایەتی (موقتەدا سەدر) مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لەعێراق خستۆتە ژێر پرسیارەوە و ڕووداو و باسی میدیاکانیشە چونکە لەڕابردوودا (سەدر) دژی دەستێوەردانی دەرەکی بوە بەتایبەتی ئێران و ئەمەریکا و، لەدژی هێزەکانی ئەمەریکا شەڕی کردوە.
لەئێستادا ئەمەریکا نزیکەی (پێنج هەزار) سەربازی لەعێراقدا هەیە، ئەرکی ئەو هێزانە هەماهەنگی و مەشقی سەربازیە بەهێزەکانی عێراقی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستان، بەپێی لێدوانی شارەزاییان لەبارەی دواڕۆژی شێوەی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا بەدووری دەبینن کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکان هەبێ بەتایبەتی لەئێستادا کە عێراق پێویستی بەئەمەریکایە بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبوەکان و سەقامگیری پرۆسەی سیاسیش.
هەر لەو بارەیەوە (ڤۆتێڵ) یش گوتی، ئێمە نامانەوەی بچینە نێو بابەتە سیاسیەکانی عێراقەوە وە پاڵپشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتەدا دەکەین. وە لەکاتێکدا کە پەرلەمانی عێراقی و پارتە جیاوازەکان خەریکی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی دەبن، ئێمە هەموو هەوڵێكمان دەدەین تابتوانین لەگەڵیاندا بەردەوام بین، وە پاڵپشتی و هاوبەشێکی باش بین. وە نابێ ئەوەشمان لەبیربچێ کەدوا بڕیار لەو بارەیەوە بۆ عێراقیەکانە.

کاردانەوەکانی ئێران:
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق بەدڵی ئێرانیش نین، وە لەکاتێکدان کە ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کشاوەتەوە و بڕیارە بەدوو جار لەمانگی ئاب و، تشرینی دووەمی ئەو ساڵدا سزاکانی بگێڕێتەوە سەر ئێران کە بەهۆی ڕێکەوتنی ئەتۆمیەوە پێشتر لادرابون.
چاودێران لەکاردانەوەکانی ئێران لەدژی ئەمەریکا لەناوچەکەدا هۆشداری دەدەن بەتایبەتی لەتێکدانی ڕەوشی سیاسی لەعێراقدا و پاڵپشتی قوڵکردنەوەی سێکتەری و گێرانەوەی عێراق بۆ دۆخی ڕابردوو.
(ڤۆتێڵ) ئەو ژەنەڕاڵەی ئەمەریکا لەبارەی کاردانەوەکانی ئێران لەناوچەکەدا گوتی، تاوەکو ئێستا هەستمان بەهیچ کاردانەوەیەکی لەوشێوەیە نەکردوە، هیچ گۆڕانێکمان نەبینیوە نە لەئێران و نە لە ئەو گروپانەش کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.
هەروەها گوتیشی، بەدڵنیاییەوە بەوردی سەرنجی ئەو جوڵە و کاردانەوانە دەدەین کە لەلایەن ئێرانەوە یان لەڕێی بریکارەکانیانەوە ئەنجامدەدرێن لەناوچەکەدا، بەڵام هێشتا شتێکی لەو شێوەیەمان نەبینیوە.
شیاوی باسکردنە، پێشبینی دەکرێ بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە شێوەیەکی نوێ لەپەیوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستی دەرەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکادا بێتەپێش، هەرچی ئێرانە دەیەوێ پارتەکانی نزیک لەئێران لەدەسەڵاتدا بن و، پشتگیری موقتەدا سەدر ناکات، وە ئەمەریکاش تاڕادەییەک دوودڵە لەشێوەی حکومەتی نوێی عێراقی، بۆیە دۆخی عێراق و شێوەی حکومەتی نوێ بەلای هەردوو وڵاتەوە ناجێگیرە و نادڵنیاییە.
بەپێی پێشبینیە سەرەتاییەکان (موقتەدا سەدر) سەرۆکی هاوپەیمانی سائیرون کە هاوپەیمانیەکی نیشتمانیە لەعێراقدا و براوەی هەڵبژاردنەکانە چاوی لەپێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتیە، وە تاڕادەییەکی باش لە (حەیدەر عەبادی) و کورد و سوننەکانیش نزیکە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانیەکانی دیکە بەتایبەتی لەگەڵ (عامری) و (مالیکی) دا نایەوێت حکومەت پێکبهێنێ.

© 2017 Hawler