ئەیلول 27, 2021

حەشدی شیعی لە ئەفغانستان دادەمەزرێت

رۆژنامەیەكی فەرمی ئێرانی، لە راپۆرتێكدا باس لە دروستبوونی گروپێك بەناوی حەشدی شیعی، لە كابۆلی ئەفغانستان دەكات، ئەو گروپە نوێیە، دەیەوێ بەشێوەی چەكداری دژی تاڵیبان بوەستێتەوە، بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، سەرۆكی ئەو گروپە، كەسێكە، كە پێشتر فەرماندەی گروپێكی ھاوشێوە بووە، لە عێراق.

بڵاوبوونەوەی ئەو ھەواڵە لە ئێران، كاردانەوەی بەرپرسانی ئەفغانستانی لێكەوتووەتەوە و وەزیرێكیان رایگەیاند، رێگە نادەین، ئێران، ئەفغانستان هاوشێوەی عێراق و سوریا و لوبنانی، لێ بكات.

رۆژنامەی فەرمی جمھوری ئیسلامی ئێران، لە لاپەرە یەكی ژمارەی ئەمڕۆیدا، بڵاوکردووەتەوە، حەشدی شیعی، لە ئەفغانستان، دەستبەكار بووە، ئامانجی دژایەتیكردنی گروپی تیرۆریستی تاڵیبانە.

رۆژنامەكە ئاماژەشیپێداوە، فەرماندەی حەشدی شیعی لە ئەفغانستان، ناوی سەید حەسەن حەیدەرییە و پێشتریش فەرماندەی گروپێكی ھاوشێوە بووە لە عێراق.

محەمەد قاسم وەفایی زادە، سەرپەرشتی وەزارەتی كلتووری ئەفغانستان، لە تویتێكدا رایگایاند، ئێران بەو ئاژاوەگێڕییە دەیەوێ، دۆخی ئەفغانستان ئاڵۆزتر بكات، بۆ تێكدانی ئاسایشی ئەفغانستان هاتوون، رێگە نادەین ئەوەی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن روویداوە، لە ئەفغانستان دووبارە بێتەوە.

رۆژنامە فەرمییەكەی ئێران، لە راپۆرتەكەیدا لەسەر زاری ھەندێك فەرماندەی گروپی فاتمیون، جەختیشیکردەوە، تاڵیبان، ھەر وەكو جاران مەترسین و ئێستاش لەژێر كۆنترۆڵی سعودیە دان، ھەربۆیە حەشدی شیعی، دەیەوێ لەبەرامبەر تاڵیبان بوەستێتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی تاڵیبان، چەندینجار سەردانی ئێرانیان كردووە و ھەفتەی رابردووش لەدوا سەردانیاندا لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی ئەفغانستان، لە تاران كۆبوونەوە.

دامەزراندنی حەشدی شیعی، لە ئەفغانستان، لەكاتێكدایە، كە پێشتر سوپای قودس، پشتیوانی لەھەندێك گروپی ناو حەشدی شەعبی لە عێراق، كردبوو، ھاوكات گروپێك لە چەكدارانی ئەفغانی لەژێر ناوی گرووپی فاتمیون، رەوانەی سوریا كرابوون.

رۆژنامەی جمھوری ئیسلامی ئێران، نووسیویەتی، تاكوو ئێستا گرووپی فاتمیون، بڕیاری خۆرێكخستن لەناوخۆی ئەفغانستانیان نەداوە، بەڵام حەشدی شیعی چالاكییەكانی دەستپێدەكات، وەزیری كلتوری ئەفغانستان، ئەو حەشدە نوێیەی بە پلانێكی نوێی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی ئەفغانستان دەبینێت.

© 2017 Hawler