کانونی یەکەم 06, 2019

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیدا باكوورییەكان دەنگ بە كێ دەدەن؟

دەزگایەكی راپرسی لە ئامەد، ئاشكرای دەكات زۆربەی دانیشتوانی شارە كوردییەكانی توركیا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەنگ بە هەدەپە دەدەن، هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیشدا دەمیرتاش لە پێش هەموو كاندیدەكانی ترەوەیە.

دەزگای راپرسی (راوێست) لە ئامەد، ئەنجامی راپرسییەكی دەزگاكەی بڵاوكردوەتەوە، كە لە شارەكانی (ئامەد، هەكاری، ماردین، ئاگری، باتمان، بینگۆل، دەرسیم، كارس، موش، سیرت، ئورفا، ڤان) ئەنجام دراوە و لێیانی پرسیوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەنگ بە كام لایەن دەدەن.
وەكو ئەوەی لە ئەنجامی راپرسییەكەدا هاتوە، هەدەپە 47.1%ی بە دەست هێناوە و 38.7%ی باكوورییەكانیش گوتویانە دەنگ بە ئاكپارتی دەدەین، 2.9%یش گوتویانە هودا پار و 9.4% بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان.
هەر بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەكەدا، 88.2%ی باكوورییەكان بڕیاریانداوە دەنگ بدەن، تەنیا 7.6% دوو دڵن لەوەی بچنە سەر سندوقی دەنگدان و 4.2%ش گوتویانە ناچین بۆ دەنگدان.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش، 49.5%ی باكوورییەكان گوتویانە دەنگ بە كاندیدی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش دەدەین، 40.5%یش گوتویانە دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەدەین. دەنگدەرەكانی تریش گوتویانە دەنگ بە كاندیدەكانی تری سەرۆكایەتی دەدەین

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler