ئاب 18, 2018

سەدر لەپێشەوەی هەڵبژاردنەکانە و حکومەتی داهاتوو شێوەی جیاواز وەردەگرێ

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان لیستەکەی (موقتەدا سەدر) ی ڕێبەری ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی لەو هەڵبژاردنەی عێراقداپلەی یەکەمیان مسۆگەرکردوە و لەڕێزی پێشەوەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەردەخەن کە (موقتەدا سەدر) کە بۆ ماوەیەکی درێژە ناکۆکی هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا لەهەڵبژاردنەکانی عێراقدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وە ئەو ئەنجامەی هەڵبژاردن بۆ سەرکردە شیعەکان ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەربوە.
عێراق لە (١٢ی ئایار) دا یەکەمین هەڵبژاردنی لەدوای سەرکەوتنی شەڕی داعش بەڕێوەبرد، ئێران کە پاڵپشتی سەرخستنی لیستی (هادی عامری) بوو، ئەویش لەو هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان پلەی دووەمی دەستکەوتوە و، وە (حەیدەر عەبادی) کە چاوەڕێدەکرا یەکەم بێت بەپێچەوانەوە شوێنی سێیەمی لەڕێزبەندییەکەدا دەستکەوتوە.
(موقتەدا سەدر) ی سەرکردەی ڕەوتی سەدر نە دۆستی ئەمەریکایە و نە ئێران، ئەو جیاوازە لە (حەیدەر عەبادی) کە لەگەڵ هەردووکیاندا دۆست بوو، لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی شیعە لەعێراقدا (سەدر) دوو جار لەدژی هێزەکانی ئەمەریکا ڕاپەڕیوە، وە یەکێکە لەو سەرکردە شیعە دەگمەنانەی کە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئێراندا دوور ڕاگرتوە.
لەماوەی ڕابردوودا (سەدر) چەند جارێک خۆپیشاندانی گەورەی لەعێراقدا سازکردوون، وە لەو ڕێگایەوە دەنگی گەنج و، خەڵکی لێقەوماو و، هەژاری عێراقی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، وە هەر بەو هۆیەشەوە ئێرانی لەخۆی توڕەکردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێران نەیتوانیوە کاریگەری لەسەر (موقتەدا سەدر) هەبێ.
(موقتەدا سەدر) ئەگەرچی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە بەڵام ناتوانێ ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق چونکە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان نەپاڵاوتبوو، بەڵام سەرکەوتنی لیستەکەی وادەکات کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە لەژێر فەرمانی ئەودا دیاری بکرێ.

حکومەتی تازە:
ئەو ئەنجامەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەریخستوە، بەدڵی ئێران نین، بۆیە لەوانەیە دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی داهاتووی عێراق ئاڵۆز و قورس بێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) ئێران بەئاشکرایی ڕایگەیاندوە کە ئەوان ڕێگانادەن(سەدر) حکومەتی نوێ پێک بێنێ. لەو بارەیەوە (عەلی ئەکبەر ویلایەتی) ڕاوێژکاری باڵای (عەلی خامنەیی) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەداوە و دەڵێ، ئێمە ڕێگانادەین لیبڕاڵەکان و، کۆمۆنیستەکان عێراق بەڕێوەببەن. لێدوانەی ئەو بەرپرسەی ئێران لەلایەن سەرکردە عێراقیەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا، واخوێندنەوەی بۆ کرا کە ئاماژە بێ بەهاوپەیمانیەکەی (سەدر) کە پارتە کۆمۆنیستەکانیشی لەخۆگرتوە. هەڵبەتە پارتە کۆمۆنیستەکان و سێکۆلارییەکانی عێراق لەو خۆپیشاندانانەی عێراقیش بەشداریان هەبوو کە (سەدر) دروستیدەکردن بۆ فشاردروستکردن لەسەر حکومەت لەساڵی (٢٠١٦) ەدا بۆ باشترکردنی شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات، وە ئەو پێکەویی کاردکردنەی ڕابردوو هۆکاربوە بۆ ئەوەی هەموویان لەلیستێکدا بەناوی (سائیرون) بۆ هەڵبژاردنەکان کۆببنەوە.
(ڕەعد فەهمی) سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی عێراقی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بە (ڕۆیتەرز) ی گوتوە، ئەو ئەنجامە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە و پەیامێکی ڕوونە کە ئێمە لەپەیوەندییەکاندا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە باڵانسێکمان هەبوە لەسەر دەستێوەردانەکانیان لەکاروباری ناوخۆی عێراق. هەروەها گوتیشی، پێشوازی لەهەمووان دەکەین بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق، بەڵام لەسەر باجی سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتدا نا.
شیاوی گوتنە، بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لیستی (سائیرون) کە (موقتەدا سەدر) سەرۆکایەتی دەکات پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی عێراقدا، وە هەروەها لیستی (پارتی دیموکراتی کوردستان) یش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
لەماوەی ڕابردوودا عێراقیەکان نیگەرانبون بەهۆی شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات، وە بەهۆی کێشە سیاسیەکان و قوڵبونەوەی مەزهەبی و، گەندەڵی و، شەڕ و ناڕەحەتی.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەلیستی وڵاتە هەرە گەندەڵەکاندایە و، هەژاری و بێکاری لەئاستێکی بەرزدایە،هەروەها عێراق دامەزراوەی خزمەتگوازری لاوازی هەیە کەنەیتوانیوە خزمەتی باش پێشکەشی هاوڵاتیەکانی بکات.
بەپێی لێدوانی بەرپرسان لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە ئەو شێوە خراپە بەڕێوەبردنەی ڕابردوو شێوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دیاریکردوە کە عێراقیەکان دەیانەوێ کابینەی نوێی حکومەت هەوڵبدات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە عێراقدا و، هەروەها باشترکردنی ئاستی ژیانیان.
(سەدر) کار و ئامادەکاری دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق دەکات، لەتوێتێکیدا (موقتەدا سەدر) ئاماژەی بەحکومەتی نوێی عێرقی کردوە کە حکومەتێکی تەکنۆکراتی دەبێ، وە لایەنە کوردییەکانیشی ئاماژە پێداوە کە بەشداری کابینەکەبن، (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەنێو ئەو لایەنانەدایە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەر هەیە (حەیدەر عەبادی) وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دیاری بکرێتەوە، هەوڵەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە بلۆکی (عەبادی) کار بۆ هەماهەنگی دەکات لەگەڵ (سەدر) دا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.