تشرینی یەکەم 03, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

لە غانا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڤاکسین دابەشدەکرێت

لە غانا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان جگە لە شەڕکردن و سیخوڕی، ئەرکێکی دیکەیان پێسپێردراوە، ئەویش گواستنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنایە بۆ  گوندە دوورەدەستەکان. 
 
غانا ئامانجییەتی 2.5 ملیۆن قورچک ڤاکسین لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دابەشبکات، کە لەوانەیە تەواوی ناوچە دوورەدەستەکانی لەکۆڵبێتەوە و خەرجیێکی زۆریشی بۆ بگەڕێتەوە.
 
دانیێل مارفۆ، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای زیپلاینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەفریقا دەڵێت: "ئەم کارە لە رووانگەیەکی جیاوازەوە پێتدەڵێت کە گواستنەوە و گەیاندنی کەرەستە چۆنە. ئەگەر ئەمە بارهەڵگربووایە، پرسیارمان لادروستدەبوو، ئایا دەکرێت لە یەککاتدا 20 بارهەڵگر بنێری؟ تێچووی شتێکی لەمجۆرە ئێجگار گەورە دەبوو، بەڵام ناردنی ڤاکسین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خێرایە، تووشی ترافیک نابین"
 
کۆمپانیای زیپلاینی ئەمریکی ساڵانێکە لە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، غانا و رواندا ڤاکسینی پەتا جیاوازەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگەیێنێتە ناوچە دوورەدەستەکان.
 
لە 2019ەوە کۆمپانیاکە نیو ملیۆن کەرەستەی پزیشکی تەنیا لە غانا بەمشێوەیە گەیاندووە.
 
دوورترین مەودا کە فڕۆکەکانی زیپلاین بتوانن بیبڕن 160 کیلۆمەترە، 80 کیلۆمەتر بۆ چوون و 80 کیلۆمەتریش بۆ گەڕانەوە.
 
دکتۆر فیلیکس ئۆسی سارپۆنگ، پزیشکی تایبەتی یونسێف دەڵێت: "ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت کۆرۆنا کۆنتڕۆڵبکەن، دەبێت بەرگری بە کۆمەڵ بەدەستبێنن. بۆیە سەرەڕای بەربەستە جۆگرافییەکان دەمانەوێت دەستمان بە هەموو کەسێک لە غانا بگات بۆ ئەوەی دڵنیابین هەموو کەسێک سەلامەت دەبن، هەروەها دەرفەتیش دەبێت بۆ ئەوەی پەتاکە لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە."
 
ئێستا غانا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڤاکسین دەگەیەنێتە 750 بۆ 800 ناوچەی دوورەدەست، تاوەکو ئێستا 24990 قورچکە ڤاکسینیان گەیاندووە.
 
لە هەمووشی گرنگتر، ڤاکسینەکە لەنێو سندووقێکی پتەو هەڵدەگیرێت، تاوەکو دەگاتە شوێنی مەبەست ڤاکسینەکە لە پلەیەکی نزمی گونجاو دەپارێزێت، کاتێک لە ئاسمانیشەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە و بەر زەوی دەکەوێت، ڤاکسینەکە هیچی بەسەرنایەت.
 
غانا لە ماوەی 20 بۆ 30 خولەکدا لەتوانایدا هەیە ڤاکسینی پێویست بنێرێت بۆ لانیکەم 20 سەنتەری کوتانی خەڵک.
 
ژمارەی دانیشتووانی غانا 31 ملیۆن کەسە، 94 هەزار تووشبوو و 785 مردنی بە کۆرۆنا تۆمارکردووە، تائێستاش ملیۆنێک و 230 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە. 
دواترین دەستکاریکردن لەسەر شەممە, 16 نیسان 2022 23:50
© 2017 Hawler