تشرینی یەکەم 03, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

نەتەوە یەکگرتووەکان مافی دەنگدانی ئێران بەهۆی پارە نەدانەوە هەڵدەپەسێرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان مافی دەنگدانی نوێنەری ئێران بەهۆی دواکەوتنیان لە پێدانی پارە بە رێکخراوەکە هەڵدەپەسێرێت.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، هەریەکە لە ئێران، ئەفریقیای ناوەڕاست، سۆماڵ، دوورگەکانی قەمەر و سانتۆمی و پرنسیپی لە پێدانی پارە بە نەتەوە یەکگرتووەکان دواکەوتوون.
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەگوێرەی یاسای 19ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر ئەندامێکی رێکخراوەکە لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی دوابکەوێت، بەجۆرێک ئەگەر پارەی دواکەوتوو زیاتر یان یەکسان بێت بەو بڕەی کە دوو ساڵی تەواوی پێشتر لەسەری بوو، ئەوکاتە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مافی دەنگدانی نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت کۆمەڵەی گشتی رێگە بە ئەندامێک بدات بەردەوامبێت لە دەنگدان، ئەگەر بۆی روونبووەوە کە هۆکاری دواکەوتنەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەندامەکەدایە".
 
بەگوێرەی نامەکەی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، ئێران لە پێدانی 16 ملیۆن و 251 هەزار و 298 دۆلاری ئەمریکی بە نەتەوە یەکگرتووەکان دواکەوتووە. ئەفریقیای ناوەڕاستیش 29 هەزار و 395 دۆلاری لەسەر کەوتووە.
 
لە نامەکەی گوتێرێزدا ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە رێگە بە دوورگەکانی قەمەر، سانتۆمی و پرنسیپی و سۆماڵ بدات تاوەکو گەڕی 75ـەمین بەردەوام بن لە دەنگدان، بەڵام ئێران و ئەفریقیای نێوەڕاست ئەو مافەیان نابێت.
 
هاوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەردەبڕێت و دەڵێت، بڕیارەکە "پڕ لە کەموکوڕییە و جێگەی قبووڵکردن نییە و هیچ دادپەروەرانە نییە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "بێتوانایی ئێران لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی لە بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان راستەوخۆ لە ئەنجامی ئەو 'سزا تاکلایەنە نایاساییانەیە' کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێندراون بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە پێگیری بە پرۆژە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن".
© 2017 Hawler