ئەیلول 20, 2019

پاشگەزبوونەوەی ئەرمەریکا لە ڕێککەتنە ناوەکیەکە؛ ئەنجومەنی ئاسایش بۆ لێی بێدەنگە؟

حەفتەیەک دەبێ ئەمەریکا خۆی لە ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج‌ + یەک، کشاندووەتەوە و لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز بووەتەوە بەڵام، ئەنجومەنە نێودەوڵەتیەکەی ئاسایش خۆی لێ کڕ کردووە؛ ئەو خۆلێکڕکردنەیش بێهۆ نیە؛ ئاخر ئەگەر بێتە دەنگ، دەقەومێت و کێشەی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە؛ هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەند تێبینیەی لە لاپەڕە چواری بڕیارنامەی ٢٢٣١ـی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە.
 
ئەنگڵا مێرکڵ، سەرشالیاری ئەڵمانیا کە جەوی نەبێ و بێ‌دڵ‌ودەماخ بێ، لە هەر دانیشتنێکی دینییشدا هەل بە دەرفەت دەگرێت و ڕاوبۆچوونی خۆی دەدرکێنێت و باسی پاشگەزبوونەوەکەی ئەمەریکا دەکات؛ ئەو هەینیەی ڕابرد (١١/٥/٢٠١٨)، لە شاری مۆنستێردا گوتی: "بە ڕەوای نابینم لایەنێک تاکلایەنە خۆی لە ڕێککەوتنێک بکشێنێتەوە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەمووان لەسەری ڕێک کەوتبێتن."
مێرکڵ دەڵێ بڕیارەکەی ترەمپ، نەزم و تەکووزی نێودەوڵەتی دەشێوێنێت؛ زۆر هەواڵێکی ناخۆشە هەرکەسێک لە خۆیەوە هەڵبستێ و هەرچیەکی پێ خۆش بوو بیکات!
خۆش بێ و ناخۆش بێ، تازە ترەمپم بەبێ ئەوەی گوێ بداتە واژۆی شەش لایەنەکەی تر، تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز بووەتەوە و هەواڵەکەشی گەیشتە دنیا.
٢٠/١/٢٠١٥، ئەنجومەنی ئاسایش، لقە هەرە بەهێزەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی هەر پانزە ئەندامەکەی، ڕێککەوتننامە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و پێنج زلهێزەکەی دنیا و ئەڵمانیای پەسند کرد و، پاش دوانزە ساڵ دانوستان و بێنەوبەردە، کێشەی بەرنامە ناوەکیەکەی ئێرانیان یەکلا کردەوە.
کە ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەیەکی ئاوا جیهانی و گشتگیر و بەوەج، پاشگەز بووەتەوە، دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان لێی بێتە دەنگ، بەڵام بۆ سرووکەی نەکردووە و هیچ ناڵێ؟ نوێنەری هیچ وڵاتێکی ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنانەت هەر بۆ دڵخۆشییش بووبێ، لەو پەیمانشکێنیەی ئەمەریکا نەهاتووەتە دەنگ. هیچ کەس و لایەنێکیش داوای دانیشتنی بەپەلەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانی نەکردووە. بۆ؟ لەبەر چی؟

بەردێکی بخرێتە سەر باشترە!
فەرحان هەق، وتەبێژی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێ پانزە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لە هەر پێشێلکرانی بڕیارنامەیەکی ئەو ئەنجومەنە بەرپرسن و دەبێ لێی بێنە دەنگ بەڵام، وا باشترە بڕیارنامەی ڕێککەوتننامە ناوەکیەکە بە جوانی بخوێنینەوە ئینجا بڕیاری نوێ دەربکەین.
بڕیارنامە ١٤٤لاپەڕەییەکەی ٢٢٣١ـی ئەنجومەنی ئاسایش، هەموو گەمارۆیەکی سەر ئێرانی هەڵپەسارد بەڵام، لە لاپەڕەی چواری بڕیارنامەکەدا چەند تێبینیەکەی گرینگ نووسراوە و بەو گوێرەیە دەڵێ: "ئەگەربێتو یەک لەو حەفت وڵاتەی ڕێککەوتننامە ناوەکیەکەیان واژۆ کردووە، ڕایگەیێنێت یەک دوو لایەنێکی دی، ئەرک و بەڵێنی خۆی نەهێناوەتە جێ، دەبێ ئەنجومەی ئاسایش بە سی ڕۆژ، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی تازە بخاتە بەر دەنگدانەوە؛ ئەگەر دەنگی پێویستی نەهێنا، هەرهەموو گەمارۆ هەلپەسێردراوەکانی سەر ئێران دەخرێتەوە گەڕ و ئێران گەمارۆ دەدرێتەوە؛ ئەڵبەت ڕەنگە ئەنجومەنی ئاسایش، (لە باتی گەمارۆدانەوە) بڕیارێکی دی بدات."
بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش چ بڕیارێک دەدات و چ ڕێگایەکی دی دەگرێتە بەر؟

بێدەنگی و تووڕەیی و پیشخواردنەوە!
فەرەنسا و بەریتانیا و ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و تەنانەت ئێران خۆیشی دەنگیان لێوە نایەت و، هیچ کامێکیان نایەوێت بۆ شکات و سەرکۆنەکردنی ئەمەریکا ڕێگای نیۆیۆرک و نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێتە بەر؛ ئاخر لەوە دەترسێن بەزمێکی خراپتری لێ بکەوێتەوە.
ئەگەربێتو ئێران و ڕووسیا و چین یان فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بیانەوێ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبەر بێبەڵێنی، ئەمەریکا سەرکۆنە بکەن و دژی ئەو وڵاتە بڕیارنامەیەکیش دەربکەن، واشینگتۆن ڤیتۆی دەکا و بڕیارەکەیان لەکەڵک دەخات. کەوابێ هیچ بڕیارنامەیەکی تازەیشیان پێ دەرناکرێت؛ کە ئەوەشیان پێ نەکرا، بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکەی نێوان هەر حەفتەکەیان، گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکانی سەر ئێران، دەبووژێندرێتەوە!

بەزمە خۆشەکە!
خۆ ئەمەریکا دەیتوانی بڵێ ئێران بڕیارنامەی ٢٢٣١ی پێشێل کردووە و باسەکە بباتە ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ئەی ڤیتۆکەی چین و ڕووسیای چی لێ کردبا؟ ئیتر هەر لەبەر ئەوە، کورتوپوخت بەزمەکەی خۆش کرد و، جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا گوتی: "ئێمە ئیتر لایەنێکی ڕێککەوتننەکە نین."
شەش وڵاتەکەی دی وەها خۆیان بێدەنگ کردووە، دەبێتە سازشێکی سیاسی و گاڵتەجاڕێکی مێژوویی! ئەم جاریان ئەنجومەنی ئاسایش لە ناچاریدا لەل ناڵێت؛ نەکا بە گوریسی ئەمەریکا بچێتە چاڵەوە

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر
!

© 2017 Hawler