کانونی یەکەم 14, 2019

ئاست و گووزه‌رانــی هاووڵاتیانی عێراقی زۆر خراپه‌

(بەشی چوارەم و کۆتایی)

لەم بەشەدا کە کۆتا بەشی گەدەڵیی ماددییە لە عێراق، چەندین نمونەی دیکە لە گەندەڵی دەهێننەوە کە لە لایەن گەورە بەرپرسانی عێراقەوە ئەنجام دراوە و تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت بەسەداپۆشراوی ماونەتەوە و کاری جددیان لەسەر نەکراوە، ئەگەر کرابێتیش ئەوا بە بەهانەی نەبوونی بەڵگەی تەواو و حەسانەی بەرپرسیاریەتییەوە کاری تەواویان لەسەر نەکراوە:

٦ ملیار دۆلار زیانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان
کاتێک کە دامەزراوەیەک یا پڕۆژەیەکی حەیاتی لە هەر وڵاتێک هەبێت، پێویستە دەسەڵات توندترین ڕێ و شوێنی ئەمنی بۆ ئەو شوێنە بگرێتە بەر، نەخاسمە ئەگەر ئەو دەوڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و خودی عێراقیش بێت بەو هەموو گێرمەوکێشە سیاسی و سەربازییەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق شوێنگەلی هەستیارن و دەبێت لە ڕووی ئەمنییەوە بپارێزرێن. وەزارەتی نەوتی عێراق لەم بارەوە دەڵێت بە هۆی هێرشی هەڵگەڕاوە و گرووپە چەکدارەکانەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ پیشەسازی نەوت داهاتێکی نێزیک بە ٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری لەدەست داوە. هەر ئەم وەزارەتە باسی لەوە کردووە کە بە هۆی ئەم هێرشانەوە نزیکەی ٤٧ ئەندازیاری نەوت و ٩١ پۆلیس و هێزی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە.
زۆربەی هێرشەکان لە دەوروبەری موسڵ و هێڵە نەوتییەکانی ڕۆیشتوو بۆ بەندەری سیحانی تورکیە بوونە و هەر ئەمەیش وای کردووە کە نەتوانرێت ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنرێت. لە سەردەمی ڕێژیمی سەدام حوسەیندا واتە لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕۆژانە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا بەڵام لەوە بەدواوە و بەهۆی تاقم تاقمی نێو دەسەڵاتی سیاسی و گەندەڵی و دزیکردنی گەورە و نەتوانینی دابینکردنی ئاسایش نەتوانراوە بەرهەمهێنانی نەوتی بگەیێنرێتە ئەم ڕێژەیە و ئەمەیش کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری وڵات هەبووە و وای کردووە کە پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورەتر ئەنجام نەدرێت و عێراق بگەڕێتە دواوە.

تاوانبارکردنی مالیکی بە گەندەڵی یەک ترلیۆن دۆلار
بەها ئەلئەعرەجی، نووری مالیکی بە گەندەڵییەکی گەورە تۆمەتبار کرد. بە قسەی ئەلئەعرەجی، بابەتی پارەی سووتەمەنی و وزە و گەندەڵیکردن تێیاندا بێوێنەیە و تا ئێستا لە مێژووی عێراقدا شتی وەها ڕووی نەداوە.
ئەلئەعرەجی گوتوویەتی "لە بەهای نەوتی فرۆشراو کە ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە و لە بەهای هاوکاری وڵاتانی بیانی بە عێراق کە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، بە بودجەی عێراق زیاد نەکراوە، واتە بەمەش نزیکەی ترلیۆنێک دۆلار لە دەوڵەتەکەی مالیکی لە خەزێنەی دەوڵەت نادیارە کە نەمانی ئەم بڕە پارەیەیش دەکەوێتە ئەستۆی خودی مالیکی". ئەلئەعرەجی باسی لەوەش کردووە کە هیچ ئارگۆمێنت و بەڵگە و سەنەدێک لە دەوڵەتەکەی مالیکی لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ لەمەڕ چارەنووسی ئەم پارانە دیار نییە.

قائیمقامیەتی بەسرە بە هۆی گەندەڵییەوە ڕایکردە ئێران
قائیمقامی شارە نەوتاوییەکەی بەسرە، بە دەستپێکی بەدواداچوون بۆ گەندەڵی، هەر لە پاش دەستلەکارکێشانەوەکەی چووە ئێران. کۆمسیۆنی نەزاهەی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی عێراق کرد کە داوا لە ئێران بکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی مەجید ئەلنەسرابی. بە پێی ڕاپۆرتی ئەسۆشیتدپرێس، سیاسەتڤانێکی خەڵکی بەسرە کە شاهیدی بە سەفەری ئەلنەسرابی داوە بۆ ئێران، لێکۆڵینەوە لەبارەی قائیمقامەوەوە بە کردەیەکی سیاسی هەژمار دەکات. ئەم سیاسەتڤانە گوتووشیەتی: "تا ئەو کاتەی کە هیچ یاساغییەکی یاسایی لەگۆڕێدا نەبێت، قائیمقام دەتاوانێت سەفەر بۆ هەر شوێنێک بکات کە حەزی لێیەتی". بنەماڵەکەی قائیمقامی بەسرە وەڵامی هیچ پرسیارێک نادەنەوە و باسیش لەوە کراوە کە هیچ پارێزەرێکی یاسایی بۆ خۆی دانەناوە.
شایەنی باسە عێراق وەک وڵاتێکی نەوتی لە دواهەمین ڕیزبەندی شەفافیەتی نێونەتەوەیی واتە لە پلەی ١٦٦مین وڵات دانراوە لە ڕووی گەندەڵییەوە لەو ساڵەی کە قائیمقام هەڵاتووە. جگە لەم قائیمقامە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بە تاوانی گەندەڵی دەستبەسەر و دراوەتە دەست لایەنە یاساییەکانی وڵات. هەڵبەت قائیمقامی بەسرە و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق گەورەترین بەرپرسن لە پاش وەزیری نەوت کە تاوانبار کراون بە گەندەڵی لە پاش هاتنەسەرکاری جەیدەر عەبادی. هەرچەندە حەیدەر عەبادی بە درووشمی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ کرد و بە قسەی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تا ئێستا زیاتر لە ٢١ هەزار دۆسیەی گەندەڵییان تاوتوێ کردووە و خەریکە عێراق هەڵبژاردنەوەی نوێ دەکات و نزیکەی ١٠٠ دۆسیە ماون یەکلا بکرێنەوە کە هەموویان دۆسیە گەورەکانی وەک گەندەڵییەکەی هاشمی و مالیکییە لە گرێبەستە نەوتییەکان و کڕینی چەکوچۆڵ لە ڕووسیە.

هەرجومەرج لە عێراق
سەدام لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ٢٠٠٣ نزیکەی ٢٤ ساڵ عێراقی بەدەستەوە بوو تا ئەوەی کە لە ٣٠ دیسەمبەری ٢٠٠٦ی زایینی لە بەیانی جێژنی قوربان و بە تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵەی شێعەکانی دوجەیل لە سێدارە درا. لەو کاتەوە عێراق بە زۆر قۆناغدا تێپەڕی. لە لۆرتا ناپلئۆنی پسپۆڕ لە تۆڕە دابینکەرەکانی ماددی تیرۆریستەکا و نووسەری چەندین کتێب لەمەڕ داعش پرسییان کە "ئیعدامکردنی سەدام، چ کاریگەرییەکی لە سەر ئەمنیەتی عێراق هەبووە؟"، ئەویش وەڵامی داوەتەوە "نامەوێت بڵێم کە تەواو کاریگەری لەسەر ئەمنیەتی عێراق هەبووە، لە پەیوەندی بە جێگیری سیاسی تەنانەت ئەگەر سەدام ئیعدام نەکرابوایە، ئەوا دۆخی ئەمڕۆ گۆڕانێکی گەورەتری بەخۆیەوە نەدەدیت".
بەهێزبوونی شێعەگەرایی لە عێراق و دژایەتیکردنی ناوەند (هەر لە لایەن دەسەڵاتی شێعەوە) لەگەڵ کوردەکان، هۆکارێکن بۆ دروستبوونی ئەو هەرج و مەرجەی کە ئێستا لە عێراق هەیە. سەرکوتی سووننەکان و پەراوێزخستنیان لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسیییەوە، هۆکارێکی گەورە بوون بۆ دەرکەوتنی داعش لە عێراق، بەو پێیەی کە سووننەکان یەک لەسەر چواری عێراق پێک دەهێنن، هێندە ئاسان نییە کە لەبیر بکرێن، بەڵام گوێپێنەدانی دەسەڵاتی شێعە لە عێراق ئەم دۆخەی لەم وڵاتە دروست کرد و واشی کرد کە زۆرێک لە بەرپرسە گەورەکانی سوپای سەردەمی سەدام حوسەین ڕوو بکەنە نێو داعش و عێراق چەندین ملیار دۆلار زەرەر بکات لە ڕووی ژێرخان و سەربازییەوە و بە هەزاران کەس بکوژرێت و دەیان ساڵی دیکەی گەشەسەندنی عێراق بەدوا بکەوێت و ڕێگەش خۆش بکرێت کە گەندەڵی گەورەتر ڕوو بدات و دەسەڵاتدارانێکی زۆرتر پارەی دەوڵەت و خەڵک بخەنە گیرفانیانەوە.
لۆرتا ناپلئۆنی لەبارەی تێڕوانینی سووننەکانی عێراق بۆ داعش دەڵێت: "بە بڕوای منم بەشێکی گەورە لە دانیشتووانێک کە لە سێگۆشەی سووننەکان (ناوچەیەک لە نێوان بەغدا و تکریت و ڕۆمادی) کە لە بن هێرش و پاڵەپەستۆی شێعەکانی عێراق بوون، تێڕوانینێکی باشتریان بۆ داعش لە چاو سەرەتاکەی هەبوو. پرسبارەکە لەبارەی خۆشەویستی داعش لە نێو سونییەکان، پرسیارێکە کە دەبێت لەخۆمانی بکەین. بە دڵنیاییەوە خۆمان بینیمان کە چەندین کەس لە هێزە ئەمنییەکان و ئەفەسەرەکانی پێشووی سەدام حوسەن کە زۆرینەیان سووننی بوون پشتیوانییان لە داعش دەربڕی". سەرەڕای ئەوەی کە مالیکی لە بەرنامەکەی خۆیدا کە "١٠٠ ڕۆژ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" ڕاگەیاند، سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو خۆشی تووشی گەندەڵییەکی گەوەرتر بووەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە کە لۆرتا ناپلئۆنی بڵێت کە زۆرێک لە خەڵکی تێڕوانینێکی نۆستالۆژیکییان بۆ جێگیری و ئەمنیەت لە سەردەمی سەدام حوسەین بە بەراورد بە هەرجومەرجی ئێستا هەیە.

کۆتایی گەندەڵی ماددی
عێراق پێویستی بە چارەسەرێکی حەددی و بێ ئەملاوئەولا هەیە لەمەڕ ئابووری و داهات و ئەمنیەتەکەی و دەشبێت عێراق تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت بۆ داهات و سوود لە داهاتی نێوخۆیی و کشتوکاڵ و کەرتەکانی دیکەی نێوخۆیی ببەستێت، عێراق پێویستی بە بووژانەوە و کارکردنی زیاتر هەیە لەسەر سێکتەرەکانی تەندرووستی و پەروەردە. هەرچەندە پێویستی بەوەیە کە تا چەندین ساڵی دیکە بۆ هەستانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان پێویستی بە هەناردەکردنی نەوت هەیە و ناچاریش دەبێت کە هاوکاری وڵاتانی بیانی وەربگرێت و قەرزس نێودەوڵەتیش وەربگرێت، بەڵام بۆ درێژماوە پێویستی بە بەرنامەی وردتری ئابووری هەیە.
بۆ ئەوەی عێراق لە گەندەڵی ڕزگاری بێت، پێویستە دەستەی نەزاهە توندتر و شێلگیرتر کارەکانی بکات و نەکەوێتە بن کاریگەری هیچ لایەن و کەسایەتی و حزب و مەزهەبێکەوە و ئەوانەی کە تێوەگلاون ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا بگیردرێتە بەر و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکرێت و کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بودجەی سەربازی و حەشدی شەعبی و بودجەی وەزارەتەکانی تەندرووستی و پەروەردە زیاتر بکرێت و کار لەسەر ژێرخانی وڵات بکرێت بە چاودێرێی وردتر و بەدواداچوونی بەردەوام

 

و/ شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر
.

© 2017 Hawler