کانونی دووەم 21, 2018

(کارلۆس پیوژمۆنت) دەکەنەوە بەسەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا

هەردوو پارتی (بەیەکەوە بۆ کەتەلۆنیا) و، (پارتی چەپی کۆمارییەکان) ڕێکەوتن کەوا پاڵپشتی هەڵبژاردنەوەی (کارلۆس پیوژمۆنت) ی سەرۆکی لەسەر کارلادراوی هەرێمی کەتەلۆنیا بکەن، ئەگەرچی (کارلۆس) بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەڵام شارەزاییانی بواری یاسایی هەوڵدەدەن ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەدانیشتنی پەرلەماندا بتوانێ سوێندی یاسای بخوات و بەسەرۆکی داهاتووی هەرێمی کەتەلۆنیا دەست نیشانبکرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) لەدوای سێ مانگ لەدورکەوتنەوەی لە کەتەلۆنیا و بڕیاری لەسەر کارلادانی لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەڵام بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە و سەرکەوتنی پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆیی پێدەچیت دەرفەتێک لەبەردەم گێڕانەوەی (کارلۆس پیوژمۆنت) ی سەرۆکی پێشوی هەرێمی کەتەلۆنیا بڕەخسێت بۆ سەرکردایەتیکردنەوەی هەرێمەکەیان.
پارتی پێکەوە بۆ کەتەلۆنیا و، پارتی چەپی کۆمارییەکان کەپێشتر هاوپەیمانیەتیان هەبوو لەخولی ڕابردووی پەرلەماندا، ئەو جارەش ڕێکەوتوون کە هاوپەیمانبن، بەو پێیەش زۆرینەی پەرمان پێکدێنن و دەتوانن کابینەی حکومەتی داهاتووی کەتەلۆنیا دروستبکەنەوە.
لەپاکێجی ڕێکەوتنەکەیاندا هاتوە، (کارلۆس پیوژمۆنت) دەکەنەوە بەسەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا، بەڵام ئەو لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا و بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە ڕایکردوە بۆ بەلجیکا، بۆ هەڵبژاردنەوەیشی دەبێت ئامادەی سوێندخواردنی پەرلەمان بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەپراکتیزدا نازانرێت چۆن ڕێکەوتنەکە دەکەوێتە بواری ئیشکردنەوە، چونکە ئەگەر (پیوژمۆنت) بگەڕێتەوە لەوانەیە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەتۆمەتی دژایەتیکردن و، جیابونەوە و، بەکارهێنانی دەرامەتی گشتیەوە تاوانباربکرێت و سزابدرێت.
گوتەبێژی پارتی کۆمارییەکان لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە، کەسانی پسپۆڕی یاسایی لەنێو پارتەکەیاندا هەوڵدەدەن ڕێگای شێوەی ئامادەبوونی (پیوژمۆنت) بۆ سوێندخواردن لەپەرلەمان دیاریبکەن، لەوانەیە لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بێت کە خۆی لەڕێگای ڤیدیۆیەوە و سوێندەکە بخوێنێتەوە یان لەڕێگای نوێنەرایەتیکردنی سەرۆکایەتیەوە بێت، واتە یەکێک لەئەندام پەرلەمانەکانی پارتەکەی سوێندی یاسایی لەجیاتی (پیوژمۆنت) بخوێننەوە، ئەو دوو ڕێگایەش هەردووکیان ئاسایین بەپێی پەیڕەوی یاساکانی پەرلەمان.
شیاوی باسکردنە، کەتەلۆنیا هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیاوە، ئەوان مێژوویەکی کۆنیان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (هەزار) ساڵ پێش ئێستا. دانیشتوانی کەتەلۆنیا نزیکەی (حەوت ملیۆن و نیو) کەسە، ناوچەیەکی دەوڵەمەندی ئیسپانیایە و، نزیکەی پێنج یەکی داهاتی ئەو وڵاتە کۆدەکاتەوە، ئەوان زمانێکی سەربەخۆ و، پەرلەمان و ئاڵای تایبەتی خۆیان هەیە و، هەروەها پۆلیس و دامەزراوەی کەرتی گشتی خۆیان هەن بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمەکەیان.
لەدوای ئەوەی لە ساڵی (٢٠١٠) ەدا حکومەتی ئیسپانیا گۆڕانکاری بەسەر مافە دەستورییەکانی هەرێمی کەتەلۆنیادا هێنا و کەمیکردنەوە، کەتەلۆنیەکان زیاتر کەوتنە بیری سەربەخۆی و خۆبەڕێوەبردنەوە، ئیتر هەنگاویان نا بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی خۆیان، لەڕیفراندۆمی فەرمی لە (یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧) دا نزیکەی (٩٠%) دەنگدەران دەنگیان بۆ سەربەخۆی کەتەلۆنیادا و، لە (٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧)شدا سەربەخۆییان ڕاگەیاند.
لەدوای ڕیفراندۆم ڕەوشێکی نالەبار لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەسەر کەتەلۆنیادا سەپێنرا، حکومەت و پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و، بەشێک لەسەرکردەکانی دەستگیرکردن و، بەشێکیشیان هەڵاتن بۆ بەلجیکا.
حکومەتی ئیسپانیا بۆ دەربازبوون لەو ڕەوشە نالەبارە سیاسی و کۆمەڵاتیە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا و ڕۆژی (٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧) بۆ هەڵبژاردنی کەتەلۆنیا دیاریکرد.
هەڵبژاردن بەقازانجی بەرەی سەربەخۆیی شکایەوە، خەڵکی کەتەلۆنیا جارێکی دیکە پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆییان هەڵبژاردەوە، بەرپرسانی پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆی لەو بارەیەوە دەڵێن ئەوە ڕاستیەکە کە خەڵکی کەتەلۆنیا هێشتا جیابونەوە و سەربەخۆییان دەوێ، بۆیە ئەوانیش وەکو نوێنەری ئەو خەڵکە هەوڵدەدەن کار بۆ هێنانەدی ویستی خەڵکەکەیان بکەن و لەمتمانەی ئەواندا بمێننەوە.
پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆیی کەتەلۆنیا پێکەوە نزیکەی (٧٠) کورسییان لە (١٣٥) کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیادا بەدەستهێناوە، ئەوەش ڕێژەی تەواوە بۆ ئەوەی بتوانن لەچوارچێوەی هاوپەیمانیدا کابینەی حکومەتی داهاتووی کەتەلۆنیا پێکەوە دروستبکەن.
پەرلەمانی کەتەلۆنیا یەکەم دانیشتنی خۆی لەو حەفتەیەدا ئەنجامدەدات، تیایدا سەرۆکی نوێی هەرێمی کەتەلۆنیا هەڵدەبژێرێت، وە گوتەبێژی پارتەکەی (پیوژمۆنت) ئاماژەی بەوەداوە، کە هەردوو پارتی هاوپەیمانی (پێکەوە بۆ کەتەلۆنیا و چەپی کۆمارییەکان) لەو خولەی نوێی پەرلەماندا پێکەوە هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێن، وە لەگەڵ (پیوژمۆنت) دا وەکو سەرۆک کار بۆ ڕەوشی بەرەوپێشبردنی هەرێمەکەیان دەکەن.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 14 کانونی دووەم 2018 06:39
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.