ئەیلول 20, 2019

ئێران بە دزییەوە خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیە

نتانیاهۆ دەیشڵێ ئێران بە قسە دەڵێ وازی لە بەرنامەی ناوەکی هێناوە بەڵام، بە کردەوە هەر خەریکە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، شەوی سێشەممە (٣٠/٤/٢٠١٨)، چووە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان و لەوێ دەربارەی بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران وتارێکی تێروتەسەلی پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا کۆمەڵێ سێدێ و فایل و پەڕاوی بە ڕاگەیێنەوانەکان نیشان دا و، بە قسەی خۆی گوایە مووساد ٥٥هەزار لاپەڕە و ٥٥هەزار فایلی دیجیتاڵی ئێرانی بۆ درکاوە کە باسی بەرنامە ناوەکیەکەی ئەو وڵاتە دەکات.
نتانیاهۆ گوتی: "بناغەی ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی ٢٠١٥، درۆ بوو؛ نەدەبا واژۆ کرابا."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بەرچاوی ڕاگەیاندنەکانەوە گوتی: "لە پاش ڕێککەوتنە ناوەکیەکەوە، ئێران بایی ئەوە کەرستە و مەوادی کۆ کردووەتەوە پێنج بۆمبی ناوەکیی بە قەدەر بۆمبەکەی هیرۆشیمای پێ دروست بکات."
نتانیاهۆ دەڵێ ئێران هەرئەوەندەی ماوەی مووشەکێکی وا دروست کڵاوە ناوەکیەکەی لێ سوار بکا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ بە نیازە ئەو سەلمێنە و بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی دەربارەی بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران هەیەتی، بیداتە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکەی چەکی ناوەکی و وڵاتانی دیکەیش.
دوو حەفتە کەمتریشی ماوە کە دۆناڵد ترەمپ بڕیار بدا ئاخۆ دیسان گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵدەپەسێرێتەوە یان دەیبووژێنێتەوە.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ ئەو بەڵگە و سەلمێنە و دۆکیۆمنتانەی کەوتووەتە دەست ئیسرائیل هەرهەمووی ڕاست و تەواوە. گوتیشی زۆربەی ئەو بەڵگانە بۆ شارەزا ئەمەریکاییەکان تازەیە و ئێمە تا ئێستا شتی وامان نەزانیبوو.
لەو لایشەوە پەرلەمانی ئیسرائیل لە دانیشتنێکدا پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد و بڕیاری ڕاگەیاندن و هەڵگیرساندنی شەڕی دایە دەست سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. لە دەنگدانی پەسەندکردن و نەکردنی ئەو پرۆژەیاسایەدا، ٦٢ پەرلەمانتار دەنگی بەڵێیان دا و، ٤١ پەرلەمانتاریش پرۆژەیاساکەیان پێ پەسەند نەبوو

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler