ئازار 07, 2021

ڕێگاچارەکانی بایدن بۆ بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران

بەپێی بڵاوکراوەی (پۆلەتیکال)، کەجەخت لەدەرفەتێک دەکاتەوە سەبارەت بەگەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕۆح و نەفەسێکی دیبلۆماسیانەی سەردەم، کەخۆی لەدیبلۆماسییەتی (بردنەوە – بردنەوە) دەبینێتەوە، کەلێرەدا ئەو بڵاوکراوەیە سێ پێشنیاری خستووەتە بەردەم بایدن بەمەبەستی کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆ ئابووریەکانی سەر ئێران بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەر بێت بۆ دوبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەکە.

ئەو بڵاوکراوەیە دەنووسێت:
ئێران بیرۆکەی (بلینکن)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ڕەتکردۆتەوە سەبارەت بەگەڕانەوە بۆ پابەندبوونی ئێران لەهەمبەر بەڵینەکانی ناو ڕێککەوتنامەکە وە دوای ئەمە لابردنی گەمارۆیەکان لەلایەن ئەمریکاوە. چونکە دەوڵەتی ترامپ متمانەی دیبلۆماتیکی ئەمریکای لەجیهان نەهێشت و و ئەو متمانەیەی خستە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت سەبارەت بە ڕێککەوتنامەی ناوەکی ئێران.
هەرچەندە گرووپێک لەسیاسەتمەدارانی ئێران سەبارەت بەمانەوە لەڕێککەوتنامەکە نیگەرانن کە دەڵێن: "دەولەتی بایدن، ئیرادەیەکی سیاسی بەهێزی نییە، بۆ لابردنی تەواوی گەمارۆکانی سەر ئێران." هەر بۆیە توندئاژۆیەکانی ئێران لایەنگرانی ڕێککەوتنامەکە بە گاڵتەجاڕ وەسف دەکەن. بۆیە بایدن دەبێت دەرگای دانوستانە ڕاستەوخۆکان بەکراوەیی بهێڵێتەوە وە باوەڕی تەواویشی بە (بردنەوە – بردنەوە) هەبێت.
ئەو بڵاوکراوەیە سێ بژاردەی بایدن دەخاتەڕوو..
یەکەم: دەوڵەتی بایدن دەتوانێت لێخۆشبوونێکی کاتی دەربکات تا ئێران بتوانێت سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، نەوتی خۆی بفرۆشێت. ئەو بابەتە دەتوانێت ببێتە هۆی بەگەڕخستنەوەی ڕێککەوتنامەی ناوەکی لەناو کەسانی دەست ڕۆشتووی ئێران کە ڕەنگە لەدوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێراندا ڕٶڵێکی گەورە ببینێت. لەگەرمەی پەرەسەندنی هەناردەی نەوتی ئێرانیش، ئەوا بیرۆکەی (بردنەوە _ بردنەوە) بەهێزتر دەبێت.
دووەم: دەوڵەتی بایدن دەتوانێت پاڵپشتی لەداواکاریەکەی ئێران بکات، سەبارەت بەقەرز وەرگرتن لەسندووقی دراوی نێودەوڵەتی تاکو ئێران بتوانێت بەرەنگاری کۆڤید-١٩ ببێتەوە، کە ئەمەش سەنگی مەحەکی متمانەیە لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
سێهەم: دەوڵەتی بایدن دەتوانێت ئاسانکاری بۆ ئێران بکات بۆئەوەی دەستی بەژێرخانی دراوی دەرەکی بگات چونکە ئێران، لەو هەلومەرجەی ئێستادا، بەهۆی هەڵئاوسانی ئابووریەوە، زیان بەهاونیشتمانیانی خۆی دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەش ئێران پێویستی بەژێرخانە دارایی و دراوەکانە؛ دەوڵەتی بایدنیش دەتوانێت ڕێگە بەدەوڵەتانی ئەڵمانیا و کۆریای باشوور بدات، تا دەستگەیشتنی ئێران بەبانکە ناوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی ئێران دراوی پێویستی خۆی دەستەبەر بکات.

 

© 2017 Hawler