ئازار 06, 2021

ئەمریكا گورزێكی تری ئابووری لە ئێراندا

ئێران، دەیەوێت وەكوو چۆن لە عێڕاق و لوبنان و یەمەن باڵادەستە و، توانیویەتی كاڵای خۆی تێدا ساغ بكاتەوە، بە هەمان شێوەیە سووریاش بكاتە ئەو شوێنەی كاڵای خۆی تێدا ساغ بكاتەوە، بەڵام ئەمریكا رێگەی پێ نەدا.

ئێران دەیەوێت ئاستی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ سووریادا بگەیەنێتە رێژەیەكی زۆر، كە لە عێڕاق و لوبنان زیاتر بێت، ئەویش بە رێگەی وشكانی عێراقەوە، واتە كاڵای خۆی بە رێگەی وشكانی لە عێڕاقەوە بگوازێتەوە بۆ سووریا، بەڵام ئەمریكا ئەو رێگەیەی لێی گرت.
ئاژانسەكانی هەواڵی جیهانی بڵاویان كردەوە، بە هۆی ئەوەی ئەمریكا بەردەوام بۆدومانی گروپی تیرۆرستی داعش و میلیشیاكان دەكات، بۆیە ئێران ناتوانێت بارهەڵگرەكانی بە عێراقدا بگوازێتەوە بۆ سووریا، تاكە رێگە لە بەردەمی رێگەی دەریایە، ئەمەش تێچووی زۆری بۆ ئێران دەبێت.
كەیوان كاشفی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران، قسەی بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی كردووە، ئاماژەی داوە كێشەیەكی گەورە لە نێوان ئێران و سووریا هەیە بۆ گەیاندنی كاڵای ئێرانی بۆ سووریا لە رێگەی وشكانییەوە.
ئەو دەڵێت“ئەو گرفتەی وای كردووە بە ئەستەم كاڵای ئێرانی لە رێگەی عێراقەوە بگاتە سووریا، بوونی ئەو مەترسییەیە كە لە رێگایەكەدا بوونی هەیە و، ئەمریكا بەردەوام بۆردومانی دەكات“.
ئەگەرچی كاربەدەستانی سووریا و ئێران و عێراق لیژنەیەكیان پێكهێناوە تا بتوانن كاڵای ئێرانی لە رێگەی وشكانییەوە بگەیەننە سووریا، بەڵام كاشفی بە راشكاوی پێیانی گوتووە رێیەكە مەترسی زۆری تێدایە و ئەگەر زۆرە بارهەڵگرەكان بكەونە بەر بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەمریكا، بۆیە باشترین رێگە بۆ گەیاندنی كاڵای ئێرانی بۆ سووریا، رێگەی دەریاییە.
ئەو پێشنیاری كردووە، كاڵای ئێرانی لە رێگەی بەندەری عەباسەوە بۆ بەندەری لازقییە بگوازرێتەوە، ئەمە باشترین رێگەیە و سەلامەتیشە.
رێگەی دەریایی بەندەری عەباس بۆ لازقییە، زۆر درێژە و ١٥ رۆژ دەخایەنێت تا كاڵاكان دەگەنە سووریا، بەڵام كاشفی دەڵێت لەوە زیاتر چارەسەری ترمان پێ نییە.
چارەسەررێكی تر هەیە، بەڵام تێچووەكەی زۆر زۆرە و زیانیان پێ دەگات، ئەویش گەیاندنی كاڵاكانە بۆ بەندەری مێرسین و لەوێشەوە بۆ سووریا.
ئەمریكا بەردەوام لە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكانییەوە چاودێری سنووری نێوان عێڕاق و سووریا دەكات، ئەمەش وای كردووە ئێران نەتوانێت خەونە گەورەكەی خۆی بەدێ بهێنێت، كە دروستكردنی هیلالی شیعییە و لەو رێگەیەوە دەیتوانی سوودێكی زۆری بازرگانی بكات و لەڕووی سەربازیشەوە كاریگەری گەورەی هەیە.
رۆژنامەی (شەرق ئەوسەت) بڵاوی كردووەتەوە، گەیاندنی كاڵای ئێرانی لە رێگەی دەریاوە بۆ سووریا ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە ئەمریكا گەمارۆی سووریای داوە.
ئەو رۆژنامەیە نموونە بە كەشتییەكی ئێرانی دەهێنێتەوە كە لە ماوەی رابردوو لە گەرووی جەبەل تاریق بۆ ماوەی یەك مانگ گیری خوارد و دەستی بەسەردا گیرا، چونكە نەوتی باركردبوو بۆ سووریا، ئەمەش بە لای ئەمریكاوە قەدەغەیە.
ئێران زۆرجار ئاڵای وڵاتانی تری بەسەر كەشتییەكانیدا هەڵواسیوە تا ئەمریكا كەشتییەكانی نەكاتە ئامانج، بەڵام ئەمە چارەسەری بنەڕەتی نییە، چونكە خەونی ئێران ساغ كردنەوەی كاڵاكەیەتی لە سووریا، بۆ ئەمەشیان تەنیا رێگەی وشكانی سوودی بۆی دەبێت، ئەویش بەستنەوەی تارانە، بە بەغدا و دیمەش و بەیروت.

© 2017 Hawler