ئازار 06, 2021

جۆ بایدن لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ:

شۆڕش غەفووری - هه‌ولێر

 

کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ و دانیشتنی گرووپی حەوت، دوێنێ هەینی ١٩/٢/٢٠٢١ی زایینی و بە ئامادەبوونی هەر حەوت سەرۆکەکە و بە شێوەی ڤیدیۆکۆڵ ئەنجام درا کە چەندین پرسی گرنگی سەبارەت بە ئێران لەخۆ گرتبوو.


جۆ بایدن لەو کۆنفڕانسەدا چەندین پرسی هێنایە بەرباس وەک ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، گۆڕانکاری هەرێمی، پرسە ئەمنییەکان و دوو دەیە شەڕ لە ئەفغانستان و هەروەها سیاسەتی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ چینیشی بە نادادپەروەرانە و سیاسەتەکانی ڕوسیەشی خراپ هەژمار کرد و گوتی لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەم سیاسەتانە بە ئامانجی بێهێزکردنی دیموکراسی و تێکدانی ئاسایشی ئەمریکا و ئەوروپان.
یەکێک لە تەوەرەکانی قسەکانی جۆ بایدن، لەبارەی ئێرانەوە بوو. جۆ بایدین لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ و دانیشتنی گرووپی حەوت، دوو پرسی دژبەیەک و هاوتای سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی هێنایە سەر زمان کە بریتیی بوون:
یەکەم: ئیدارەکەم ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
دووەم: بەڵام دەشبێت ڕووبەڕووی هەوڵ و دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی بینەوەلە رۆژهەڵاتی ناڤین. هەر بۆیە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی و دەسەڵاتە بەهێز و گرنگەکانی دونیا، دەیهەوێت ئەم زێدەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەغاو و کۆتاییان پێ بێنێت.
هەروەها بایدن لە کۆنفڕانسەکە پێداگری لەوە کردەوە کە دەوڵەتەکەی خوازیاری سوودوەرگرتن لە هەرەمی دیپلۆماسییە بەرامبەر ئێران، تا لەو ڕێگەیەوە بیخەنە سەر ڕێگەی ڕاست و دروست و ئامادەیە گوێش لە قسەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بگرێت.
دوای بایدن ئانگێلا مێرکڵ گەورە ڕاوێژکار و سەرۆکوەزیری ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ قسەی کرد و پێشوازی لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتننامەی هەرێمی پاریس و سیاسەتی هاوکاری جیهانی کرد و گوتی کە جۆ بایدن سەرکۆماری نوێی ئەمریکا لە ئاراستەیەکی دروست و باش هەنگاو هەڵدەهێنێتەوە.
مێرکڵ بە ئاماژەکردن بە هەنگاوەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، گوتی کە ئەم هەنگاو و ئامادەکارییانە نیشاندەری ئەوەن کە ئەمریکا دەیهەوێت کردار بکات و تەنیا پشت بە قسە نەبەستێت. ئەم ئاماژەکردنەی مێرکڵیش بۆ ئەو کردارانەی دەوڵەتەکەی بایدنە کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لەمەڕ ئێران و ڕژێمی ئێران ئەنجام دراون. دەوڵەتی بایدن بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە کە هەوڵدان بۆ چالاکبوونی میکانزیمی ماشە هەڵدەوەشێنێتەوە و ئامادەیە لە تەنیشت هێزە گەورەکانی دونیا، گفتوگۆ بکات بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام لەگەڵ ئێران.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دانیشتنێک کە بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمان و فەڕەنسا و بەریتانیا ئەنجام درا، بڕیاری خۆی لەمەڕ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە ڕوون کردەوە. مێرکڵ پاش گفتوگۆ و کۆبوونەوەکەی لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ و گرووپی حەوت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە بەرلین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ڕاسپاردەی من ئەوەیە کە ئێران و ئەمریکا خۆیان بەدوور بگرن لە مشتومڕ لەسەر ئەوەی کە کامەیان دەبێت یەکەمجار بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و ئەگەر هەموومان باوەڕمان بەوە هەبێـ کە دەبێت دەرفەت بدرێتە ئەم ڕێککەوتننامەیە، دەبێـ بە دوای ڕێگەکانی دووبارە بزاوتن و جووڵاندنەوەی بین.
میکانیزمی ماشە، چارەسەری کێشەکانە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کە بە بەرجام ناسراوە و ئەمەش بە جۆرێکە کە ئەگەر یەکێک لە لایەنەکانی بەرجام بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە لایەنەکەی دیکە پابەندی بەڵێن و پەیمانەکانی خۆی نییە، دەتوانێت سکاڵا لە کۆمسیۆنی هاوبەش تۆمار بکات. ئەم کۆمسیۆنە لە چوارچێوەی بەرجام و بۆ چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە دروست بووە. ئەگەر لە ماوەی ٣٥ ڕۆژ، سکاڵاکە بەو شێوەیەی کە سکاڵاکەرەکە دەیهەوێت چارەسەر نەبێت، سکاڵاکەر دەتوانێت بابەتە چارەسەرنەکراوەکە وەک هۆکارێک بۆ وەستاندنی جێبەجێکردنی بەرجام وەبەرچاو بگرێت و بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بلێت کە بابەتەکە چارەسەر نەکراوە. پاش ئەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش ٣٠ ڕۆژ کاتی هەیە کە تا دووبارە بۆ بەردەوامیەت و یا هەڵپەساردنی گەمارۆ ئابووری و سەربازییەکان و یا گەڕاندنەوەیان، بڕیارنامەیەک دەربکات.
ئەگەر لەم ماوەیەشدا، ئەنجوومەنی ئاسایش نەتوانێت لەم بارەوە بڕیارنامەیەک دەربکات، هەموو گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرامبەر بەرجامن، بە شێوەی ئۆتۆماتیک دەگەڕێندرێنەوە. بەم قۆناغانە هەمووی دەوترێت میکانیزمی ماشە یا بە ئینگلیزییەکەی دەبێتە (Snapback) یا گەڕانەوەی خێرای گەمارۆکان. ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە گەڕانەوەی گەمارۆکان، ڤیتۆ ناکرێت.
پیتەر ستانۆ وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی باسی بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ وەلاوەنانی سیاسەتی گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران (هەڵوەشاندنەوە و ناچالاککردنی میکانیزیمی ماشە)ی کرد و پێشوازی کرد و گوتی ئەم بڕیارەی واشنتۆن دۆخەکە فەراهەم دەکات بۆ گەڕانەوەی تاران بۆ پابەندبوونی تەواوی بە ڕێککەوتننامە ئۆتۆمییەکە.
وتەبێژی کۆشکی کرملینیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کە تیایدا باسی ئەوەی کردبوو گەمارۆکانی ئەمریکا بوونە لەمپەر لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بڕیارەکەی واشنتۆنی بۆ پێداگرینەکردن لەسەر جێبەجێکردنی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە نیشانەیەکی باش دانا.
لە بەرامبەردا ئۆفیسی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرامبەر بەم گۆڕانکارییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، ڕایگەیاند کە ئەوان سوورن لەسەر بەرگرتنی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. ئۆفیسەکەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە کە ڕوانگەی ئەوان بەرامبەر بەرجام نەگۆڕاوە و ئیسرائیل هەروا دژی گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی.
وتەبێژی وڵاتی چینیش لە تویتەری فەرمی دەوڵەتی چین، بەرجامی وەک "تاقە ڕوانگەی دروست بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمی ئێران" لەقەڵەم دا و نووسی: "هەموو لایەنەکان دەبێت پێکەوە هاوکار بن تا ڕێککەوتننگەلێک کە لە دانیشتنی وەزیرەکانی دەرەوە لە دیسەمبەری ڕابردوو ئەنجاک درا، جێبەجێ و کردەیی بکەن".
ڕوسیەش پێشوازی لەم ڕوانگە نوێیەی ئەمریکا بەرامبەر ڕێککەوننامە ئەتۆمییەکە کرد و دیمیمتری پسکۆف وتەبێژی کرملین هەینی لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کە ئەوەی ئەمریکا چیتر خوازیاری گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران نییە، ئەرێنییە و پاڵەپەستۆی گەمارۆکان هیچ سوود و هاوکار نەبوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوننامە ئەتۆمییەکە و بووە هۆی وەستاندن و بنبەست گەیشتنی".

© 2017 Hawler