کانونی یەکەم 13, 2019

لە ڕەوتی ئاشتبوونەوەی کۆریای باکوور و باشــووردا

دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری هەرێمە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێ ئەگەر لە چاکەی ئەو نەبووایە، کۆریای باکوور و باشوور لێک نزیک نەدەکەوتنەوە؛ جا بۆیە بەبێ پرسی ئەمەریکا نابێ هەنگاو هەڵبگرن و بڕیار بدەن؛ دەشڵێ هەتا کۆریای باکوور نەیەتە سەر بار، چەۆکی زۆری لەسەر هەڵناگرین.
 
کیم جۆنگ ئۆن، پێشەوای کۆریای باکوور بەو دواییانە ڕایگەیاندووە ناوچەی کۆریا نابێ چەکی ناوەکیی لێ بمێنێت؛ ترەمپ بەو قسانەی کیم شاگەشکە بووە و، دەڵێ: "بڕوا ناکەم دەسخەڕۆمان بکات؛ تا ئێستا ئەوەندە لەمپەرەمان نەبڕیبوو."
ئەنگلا مێرکڵ سەرشالیاری ئەڵمانیا لە ئەمەریکاوە ڕایگەیاند: "دەستخۆشی لە ترەمپ دەکەم؛ ئەو نەبا کۆریای باکوور و باشوور لێک نزیک نەدەبوونەوە؛ ئەگەر ترەمپ زۆری بۆ کۆریای باکوور نەهێنابا و، ئەو وڵاتەی گەمارۆ نەدابایە، پێشەوای کۆریای باکوور نەدەهاتە سەر بار."
دتارە لەو چەند ڕۆژەدا پێشەوای کۆریای باکوور و سەرکۆماری کۆریای باشوور دانیشتنێکی تێروتەسەلیان کرد و، ڕێگەیان خۆش کردووە بەشکەم پاش ٦٥ ساڵ شەڕ و کێشە و بێنەوبەردە و هەڕەشە وچاوسوورکردنەوە، ئەو دوو وڵاتە هاوڕەگەزە ئاشت ببنەوە؛ هەردوو وڵات نیازیان وایە هەتا ئاخروئۆخری ئەمساڵ، واتە هەتا ئاخری ئەم ساڵی دووهەزاروهەژدەیە، ئاشتینامە واژۆ بکەن و، ئاشت ببنەوە؛ ئەمەریکا دەڵێ مادامەکینێ واشینگتۆن ناوبژیوانیەکەی کردووە دەبێ هەقی ناوبژیوانانەی پێ بدرێت و، بەبێ پرسی ئەو وڵاتە بڕیاری ئاخر نەدەن.

پایک پۆمپیۆ دەروەزیری تازەی ئەمەریکا ٣١/٣/٢٠١٨ و ١/٤/٢٠١٨ بە فەرمی، بەڵام بە نهێنی چووە بۆ پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکووری و، سەردانی پێشەوای کۆریای باکووری کردووە. وێنەیەکیشیان لێ بڵاو کراوەتەوە و، پۆمیۆ باوەشی لە کیم گرتووە. ئەو دانیشتنە بۆ ئەوە بوو دەراوی دیداری دۆناڵد ترەمپی سەرکۆماری ئەمەریکا و پیسەوای کوریای باکوور خۆش بکرێت.
وا بڕیارە، ئاخروئۆخری ئەم مانگی چوارەی ئەمساڵ یاخود سەرەتای مانگی دابێتەوە، سەرکۆماری ئەمەریکا و پێشەوای کۆریای باکوور پێکەوە دابنیشن. سەرەتای مانگی ٣/٢٠١٨. کیم جۆنگ ئۆن، داوای ئەو دیدارەی کردبوو.
دەروەزیر (وەزیری دەرەوە)ی ئەمەریکا لە دانیشتنی ئەم جارەی پەیمانی ناتۆ لە برۆکسلەوە ڕایگەیاند: "ئەمەریکا بە نوێنەرایەتیی هەموو دنیاوە زۆری بۆ کۆریای باکوور هێنا و پێشەوای ئەو وڵاتەی تێگەیاند ئەگەر واز لە چەکی ناوەکی بهێنن و بێنە سەر مێزی دانوستان، بۆ خۆیشیان باشترە. پێیشم وایە پێشەوای کۆریای باکوور بە ڕاستی لەو بابەتە هاتووەتەوە پێشەوە و، نیازی سیاسیبازی و یاریکردنی نیە."
پۆمپیۆ دەڵێ: "هەتا ناوچەی کۆریا لە چەکی ناوەکی پاکەوە نەبێ، واز لە چەپۆکەسەرەدانی کۆریای باکوور ناهێنین و، لێی نابینەوە."
کۆریای باکوور دەڵێ نیازی وایە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەکی ناوەکی بهێنێت؛ بەڵام دیار نیە چۆناوچۆن دەیەوێ ئەو کارە بکات و، جبەخانە ناوەکیەکەی کۆریا باکوور لەنێو ببات.
ئەگەرچی سەرانی ئەمەریکا بەو نیازەی کۆریای باکوور گەشبینن بەڵام، شارەزایان لە کۆریای باکوور بەگومانن و لێی دڕدۆنگن و، دەڵێن تواندنەوەی جبەخانە ناوەکیەکەی کۆریای باکوور کارێکی زەحمەتە و بە نیازێک و دوو قسەی خۆش ناکرێت.
ساڵی ١٩٠٥ـی زایینی ژاپۆن پەلاماری وڵاتی کۆریای یەکگرتووی دا، هەتا ساڵی ١٩٤٥ لێی نەکشایەوە و چل ساڵی ڕەبەق داگیری کردبوو؛ کە ژاپۆن دووەم شەڕە گەورەی جیهانی بە ئەمەریکا دۆڕاند، لە کۆریا کشایەوە بەڵام، ئەمەریکا لە باشوورەوە خزایە کۆریاوە و، سۆڤیەتیش لە باکوورەوە هاتە ناو کۆریاوە؛ پێنج ساڵی ڕێک ئەوە حاڵی کۆریا بوو؛ ساڵی ١٩٥٠ دەوڵەتی کۆریای سەر بە سۆڤیەت پەلاماری کۆریای سەر بە ئەمەریکای دا و، شەڕێکی گەورە هەڵگیرسا و سێ ساڵی خایاند؛ ساڵی ١٩٥٣، بەبێ ئەوەی هیچ ئاشتینامەیەک واژۆ بکەن، وازیان لە شەڕ هێنا و، خاکی کۆریا بوو بە دوو بەشەوە؛ کۆریای باکوور و کۆریای باشوور.

 

و: ڕزگار ئازەوانی - هەولێر 

© 2017 Hawler