کانونی دووەم 18, 2021

داخستنی هەدەپە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیاوە

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، داخستنی هەدەپە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیا و، مەهەپە و ئاكەپە پشتگیری لە داخستنی ئەو پارتە دەكەن. دەنگۆش هەیە بەشێكی ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی باشیش دەنگ بە داخستنی هەدەپە بدەن.

دوای ئەوەی دوێنێ ١١ی ١ی ٢٠٢١ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، بە توندی دژی هەدەپە قسەی كرد و، داوای كرد بە پەلە كار بۆ داخستنی بكەن، ئاكەپە لەسەر ئەو داوایەی باخچەلی هاتووەتە سەر هێڵ و دەیانەوێت داخستنی هەدەپە بە یاسایی بكەن.
باخچەلی لە وتارێكدا كە لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردەوە، داوای لە پارتە سیاسییەكان و داواكاری گشتی ئەنكەرا كرد هەدەپە دابخەن، بە پێچەوانەوە مەهەپە مادەی ١٠٠ی دەستووری توركیا بەكاردەهێنێت بۆ داخستنی هەدەپە.
بە گوێرەی مادەی ١٠٠، هەر پارتێكی سیاسی دەتوانێت داوا لە وەزارەتی داد و داواكاری گشتی بكات بۆ داخستنی پارتێكی تر، بەو مەرجەی بەڵگەی تیرۆربوون یان خیانەتی نیشتیمانی بخاتە روو.
محەممەد شاهین مامۆستای زانكۆ و نزیك لە ئاكەپە، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (خەبەر تورك) ئاشكرای كرد، لە چەند مانگی داهاتوو، داخستنی هەدەپە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیا.
شاهین وەكوو زانیاری گوتی ”زانیاریم هەیە، مەهەپە هەموو رێكارەكانی چۆنییەتی داخستنی هەدەپەی ئامادە كردووە. لەناو ئاكەپەش پشتگیری بۆ مەهەپە بوونی هەیە و ئەوانیش گوتوویانە لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگ بۆ داخستنی هەدەپە دەدەن“.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر داخستنی هەدەپە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان، بۆچوون و هەڵوێستی پارتی باش و سەعادەت دەردەكەوێت، ئاخۆ دەنگی بۆ دەدەن یاخود نایدەن.
داخستنی پارت لە توركیا، پێویستی بە ٢ لەسەر ٣ی دەنگی ئەندام پەرلەمان هەیە، مەهەپە و ئاكەپەش بە تەنیا ناتوانن ئەو رێژە دەنگە كۆ بكەنەوە، بۆیە پێویستیان بە دەنگی پارتی باش هەیە، ئەگەریش هەیە پارتی باش دەنگ بۆ داخستنی هەدەپە بدات.
لە لایەكی ترەوە، بەشێكی زۆری سەركردایەتی ئاكەپە، بە رەجەب تەییب ئەرۆدغانیشەوە، پێیان باش نییە هەدەپە دابخرێت، بەڵكوو لەگەڵ ئەوەدان هاوكاری دارایی هەدەپە رابگیرێت و هەروەها ئەو ئەندام و سەرۆك شارەوانیانەشی تۆمەتی تیرۆریان دەدرێتە پاڵ قەیووم بكرێن، بەڵام باخچەلی زۆری بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە هێناوە تا هەدەپە دابخرێت.
پێشتر ٩ پارتی كوردی لە توركیا داخراوە، هۆكارەكەشی پاڵپشتیان بووە بۆ پەكەكە، بەڵام لەوكاتەوەی ئاكەپە هاتووەتە سەر دەسەڵات، هیچ پارتێكی سیاسی دانەخراوە و بەڵێنیشیان بە دەنگدەرانیان داوە، كە لە سەردەمی ئەواندا هیچ پارتێك داناخرێت.
سەركردایەتی هەدەپە، وەكوو هەڕەشەیەك بۆ داخستنی پارتەكەیان، دەڵێن ئەگەر هەدەپە دابخرێت، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا پارتێكی تر دادەمەزرێنین و لەناو پەرلەمانیش گروپێكی گەورە پێك دەهێنین.

© 2017 Hawler