تشرینی یەکەم 22, 2020

شەڕی سووریا لە گۆڕانی ڕژێم بۆ شەڕی زلهێزەکان

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

ئەو بارودۆخە تازەی شەڕی سووریا کە لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەڕۆڵ و کاریگەری ڕووسیا دەستیپێکردوە لەوانەیە گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە لە نەخشەی ململانێیەکانی سووریادا دروستبکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) شەڕی سووریا قۆناغێکی تازەی وەرگرتوە، لەشەڕی داواکاری بۆ گۆڕینی ڕژێم و بەرەو دیموکراسی بوون گوازراوەتەوە بۆ شەڕی زلهێزەکان.
بەهۆی شەڕی سەر (ئیدلیب) ەوە کە لەسەرەتای مانگی مکانوونی یەکەمی (٢٠١٩)ەوە دەستیپێکردوە نزیکەی (٧٠٠ هەزار کەس) ئاوارەبوون، وە بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوە خراپترین ئاستی ئاوارەبوونە لەماوەی شەڕی نۆ ساڵەی سووریادا.
ئیدلیب شوێنی کۆبونەوەی باڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، لەهەموو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای سووریاوە کە حکومەتی سووریا دەسەڵاتی لێوەرگرتبۆوە، چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرەو (ئیدلیب) هاتبوون، ئەو ناوچەیە دوا وێستگەی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە کە ئێستا شەڕێکی گەورەی زلهێزەکانی لەسەرە لەوانە ڕووسیا و سووریا لەگەڵ تورکیادا.
ڕووسیا و ئێران پاڵپشتی سووریایان کرد بۆ قەڵاچۆکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و دەرکردنی لەناوچەکان، سەرەنجام (بەشار ئەسەد) شەرعیەت و دەسەڵاتی بەهۆی ئەو دوو زلهێزەوە بۆ گەڕایەوە.
تورکیا لەسەرەتای شەڕەکانی سووریاوە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بووە، وە بەو هۆیەوە دەسەڵات و کاریگەری لەناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سووریادا بەرفراوان کرد.
لەنۆ ساڵی ڕابردوودا شەڕی سووریا بەچەندین قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە، بارودۆخی ئێستا ئەوە دەدەخات کە چۆن ململانێیەکانی سووریا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و بۆ گۆڕانکاری دیموکراسی دەستیان پێکرد و، دواتر شەڕی هێزە چەکدارەکان و ئێستاش شەڕی زلهێزەکان.
ئەوەی خوارەوە بەشێک لەتایم لاینی شەڕی سووریایە لەماوەی ڕابردوودا:
لەمانگی ئازاری ساڵی (٢٠١١)ەدا یەکەم خۆپیشاندان لەدژی حکومەتی (بەشار ئەسەد) دەستیپێکرد و بەزوویی وڵاتەکەی گرتەوە، دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش دەستیانکرد بەگرتنی بەکۆمەڵ و کوشتنی خۆپیشاندەران.
لەمانگی حوزەیرانی (٢٠١٢)ەدا هێزەکانی جیهان لە (ژنێف) کۆبونەوە و ڕازیبوون لەسەر پێویستی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەسووریادا بەڵام دابەشبوونیان لەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە هەوڵەکانی ئاشتی خاوکردەوە کە نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتی دەکرد.
لە مانگی تەمموزی ساڵی (٢٠١٢)ەدا حکومەتی سووریا هێرشی گەورەی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن دەستپێکرد، ئەو ناوچانە کە بەئاشتی دەستیان پێکردبوو بۆ گۆڕینی ڕژێم بەڵام چەکیان هەڵگرت و شەڕی هێزە چەکدارەکان دەستیپێکرد، بەهەزاران کەس کوژران.
لەمانگی ئابی (٢٠١٣)ەدا واشنتن ئینزاری دایە سووریا کە چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و ئەو کارەی بەلای ئەمەریکاوە هێڵی سوورە بەڵام وێڕای بەکارهێنانی گازی کیمیایی لەلایەن حکومەتی سووریاوە لەڕۆژهەڵاتی سووریا لە (غۆتە) کەچی هیچ وەڵامدانەوەیەکی سەربازی ئەمەریکای لێ نەکەوتەوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠١٤)ەدا گروپەکانی سەر بەئەلقاعیدە بە ناوچەکانی (ڕەققە) دابڵاوبونەوە، ئەوە پێش ئەوەی بوو کە ناوچەکانی سنووری سووریا و عێراق بگرنە ژێر دەستی خۆیانەوە، خەلافەتێکیان ڕاگەیاند بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی.
لەمانگی ئەیلولی (٢٠١٤)ەدا واشنتن هاوپەیمانی دژە داعشی دروستکرد و دەستیکرد بەهێرشی ئاسمانی بۆ سەریان، پاڵپشتی هێزەکانی کوردی کرد بۆ ڕاوەدونانی چەکدارەکانی داعش و پاککردنەوەی ناوچەکان.
لەمانگی ئازاری (٢٠١٥)ەدا هێزەکانی ئەسەد زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لەدەستدا سەرەنجام هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێشڕەویی زۆریان کرد لەناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا بە (ئیدلیب) یشەوە، وە چەکدارە ئیسلامیەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لەو شەڕانەدا.
لە مانگی ئەیلولی (٢٠١٥)ەدا ڕووسیا هاتە ناو هاوکێشەی سووریا و بەشداری لەلایەنگیری (ئەسەد) بۆ شەڕی سووریا دەستپێکرد، فڕۆکەی شەڕکەر و یارمەتی سەربازی ڕەوانەی سووریا کردن و بەیارمەتی ئێران لەدژی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەستانەوە، شەڕی سووریای بەئاڕاستەی گێرانەوەی سەرکەوتن بۆ حکومەتی (ئەسەد) گۆڕی.
لە مانگی ئابی (٢٠١٦)ەدا بەبیانووی پاراستنی ئاسایش لەدژی هێزە کوردییەکان، تورکیاش هاتە ناو شەڕی سووریا و ئەنقەرە بەهاوپەیمانیکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا زۆنێکی لەخاکی سووریادا کۆنتڕۆڵکرد و دواتر دەسەڵاتی لەساڵی (٢٠١٨)ەدا درێژکردەوە بۆ عەفرین.
لە کانوونی یەکەمی (٢٠١٦)ەدا هێزەکانی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی یەکەمین سەرکەوتنیان لەدژی ئۆپۆزسیۆن بەدەستهێنایەوە و گەمارۆی سەر (حلب) یان شکاند، ئەوە بەساتەوەختێکی گرنگ بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ حکومەتی سووریا هەژماردەکرێ.
لەمانگی ئازاری (٢٠١٧)ەدا ئیسرائیل هێرشێکی هەوایی لەدژی حێزبوڵلا لەناو سووریادا ئەنجامدا، ئامانجی کەمکردنەوەی توانا و دەسەڵاتی ئێران بوو لەناوچەکەدا.
لەمانگی نیسانی (٢٠١٧)ەدا ئەمەریکا یەکەمین هێرشی موشەکی لەدژی بنکەی هەوایی حکومەتی سووریا لەنزیک (حمس) ئەنجامدا، ئەو هێرشە لەدژی هێرشێكی کیمیایی سووریا بوو بۆ سەر شارۆچکەی (خان شیخون).
لە مانگی تشرینی دووەمی (٢٠١٧)ەدا هێزەکانی کوردی سووریا بەپاڵپشتی ئەمەریکا توانیان داعش لە (ڕەققە) شکست پێبێنن، ئەو شەڕە بەشەڕێکی گرنگ دادەنرێ لەتێكشکانی داعش لەسووریادا و، مێژوویەکی گرنگی بەشداری هێزە کوردییەکانە لەشەڕی دژی داعش.
لەمانگی نیسانی (٢٠١٨)ەدا دوای چەندین مانگ ئابڵۆقەدان و هێرش و تۆپببارن سووریا بەپشتیوانی ڕووسیا توانی دەسەڵات بەسەر (غۆتە)دا بگرێتەوە.
لەمانگی ئەیلولی (٢٠١٨)ەدا ڕووسیا و تورکیا ڕێکەوتن لەبارەی ئیدلیبەوە، ئەو ڕێکەوتنە بۆ وەستاندنی جوڵەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بوو لەناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریادا.
لەمانگی ئازاری (٢٠١٩)ەدا دوای ئەوەی ئەمەریکا بەشداری کارای هەبوو لەشەڕی دژی داعش لەسووریادا، بەڵام کتوپڕ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دا، دواتر بڕیارەکەی گۆڕی و بەشێک لەهێزەکانی هێشتەوە، کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریادا بۆشایی ئاسایشی دروستکردوە و، لەوانەیە ئەوە کاریگەری هەبێ لەسەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستیەکانی وەکو داعش.
لەمانگی نیسانی (٢٠١٩)ەدا هێزەکانی ژێر پاڵپشتی ڕووسیا کەمپەینێکی سەربازی چڕیان لەناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەستپێکرد، دوای چەند مانگێک لەشەڕ و تۆپبارانی خەست، توانیان شارۆچکەی ستراتیژی (خان شیخون) بگرنەوە.
ئەگەرچی لوتکەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١٩) ی نێوان ڕووسیا و تورکیا شەڕی لەسەر ناوچەکە کەمکردبۆوە، بەڵام دواتر مۆسکۆ لەمانگی کانوونی یەکەمی (٢٠١٩)ەوە کەمپەینی سەربازی و شەڕەکانی دەستپێکردەوە و دەیەوێ هاوپەیمانەکەی کە حکومەتی سووریایە بگێڕێتەوە دوا ناوچەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.

© 2017 Hawler