تشرینی دووەم 27, 2020

پێشبینی ئابووریناسان بۆ لیرەی تورکی لە ٢٠٢٠ ـدا

شارەزایانی بواری ئابووری توركیا پێشبینییان كردبوو، كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار زۆر دادەبەزێت، بە جۆرێك ١ دۆلار بەرامبەر بە ٨ لیرە مامەڵەی پێوە دەكرێت، خەریكە پێشبینییەكە دەبێتە راست و بەهای لیرەی توركی بەرەو داڕووخان دەڕوات.

 

ئەمڕۆ ٧_١٠_٢٠٢٠ بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بۆ ٧٩٦ لیرەی توركی بەرز بووەوە و، یۆرۆش بۆ ٩٢٥ لیرە بەرز بووەتەوە.

ئەگەرچی وەزارەتی دارایی و ئابووری توركیا بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی مەركەزی خەریكی پلانێك بوون بۆ ئەوەی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بكەنەوە، بەڵام پلانەكە سەری نەگرت و لیرە داڕووخانێكی تری بە خۆیەوە بینی.

ئاژانسی (رۆیتەرز)یش بڵاوی كردبووەوە، ئەگەر لیرەی توركی بەهاكەی بەرزیش ببێتەوە جێی دڵخۆشی نییە، چونكە بەرزبوونەوەكە كاتییە و بەردەوام نییە.

عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دەوا و شارەزا لە بواری ئابووری، لە پێگەی خۆی لە تویتەر پێشبینی ئەوەی كردبوو لیرەی توركی بەهاكەی زۆر دادەبەزێت و بە گەلی توركیای گوت، ئەوەی ئێستا دەیبینن لەبارەی بارودۆخی ئابووری رۆژە خۆشەكانتانە، جارێ رۆژە ناخۆشەكان ماوە بیبینن و لیرەی توركی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بەهای خۆی لە دەست دەدات. ئەگەرچی بەرات ئالبەیراك وەزیری دارایی و ئابووری توركیا دەڵێت لە ٢٠٢٠ ئابووری توركیا گەورە بووە، بەڵام ئەم گەورەبوونە رەنگدانەوە باشی بۆ ژیانی هاووڵاتیان نەبووە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وتارێكدا ئاماژەی دا، توركیا قەیرانی دارایی نییە، بەڵكوو ئەوە یەكێتی ئەورووپایە چاوی بەو پێشكەوتنانە نایەت كە توركیا بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە سزای سیاسی توركیا دەدەن و لیرەی توركی بێ بەها دەكەن. بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێچەوانەی ئەردۆغان، پێیانوایە توركیا بە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا تێپەڕدەبێت، ئەم قەیرانەش هۆكارەكەی خراپی سیاسەتی ئاكەپە.

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە، دەڵێت لە توركیا سیستەمی سەرۆكایەتی خێر و بەرەكەتی بۆ توركیا نەبوو، بۆیە دەبێت بزانین كە سیستەمی پەرلەمانی توركیا بەهێز دەكات و سەرۆكایەتی تاكڕەوی دروست دەكات و ئابووری وڵات بەرەو داڕووخان دەبات.

لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانە سەختە ئابوورییەی توركیا تێیكەوتووە، بەڵام حكوومەت چەندین پڕۆژەی گەورەی ئەنجامداوە لەرووی رێگاوبان، كە ئەو پڕۆژانە ستراتیژین و هاووڵاتیانی توركیا سوودی لێ دەبینن، بۆیە ئەردۆغان دەڵێت، ئەوە تەنیا توركیا نییە قەیرانی دارایی تووش بووە، بەڵكوو بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەموو دونیا ئەو كێشەیەی بۆ دروست بووە.

ئەگەر زۆرە لیرەی توركیا تا كۆتایی ٢٠٢٠ زیاتر دابەزێت، ئەمەش بارودۆخی خەڵك خراپتر دەكات و قەیرانی دارایی لەوەی ئێستا سەختتر دەكات.

 

ئاریان دەرگەلی

© 2017 Hawler