تشرینی دووەم 27, 2020

کەمبونی ئاوەکانی عێراق مەترسی لەسەر سامانی سروشتی وڵات هه‌یه‌

لەعێراق بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی دیجلە و فوڕات مەترسی گەورە لەسەر ناسنامەی سارشتانی ئەو وڵاتە و بەرهەمی سامانی سروشتی هەیە کە بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق بژێوی ڕۆژانەیان لەسەر ئەو کارو کەسابەتە بەندە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (جەزیرەی ئینگلیزی) بۆ هەزاران ساڵ ئەو دوو ڕووبارە بەناوبانگەی عێراق، عێراقیان کردبوو بە پڕ بەرهەمترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێک جار پێی دەگوترا لانکەی شارستانیەت کە یەکەمین ژیانی شارستانیەتی لەنێو ئەو دوو ڕووبارەدا جێی گرت، ئەمڕۆکە شتەکان لەناکاو بۆ ئەو دوو ڕووبارە کە خەڵکێکی زۆری ئەو ناوچەیە پشتیان پێ بەستوە جیاوازدەبن.
هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات لەبەسڕەی باشوری عێراق یەکدی دەگرنەوە و شەتولعەرەب پێک دەهێنن، بەدرێژایی ڕووبارەکان کە خەڵکێکی زۆر کار و کەسابەتی لەسەر دەکەن و، هەروەها بەتایبەتیش ئەوانەی لە زەلکاوەکانی خوارووی عێراق لەسەری دەژین ئێستا هەوڵی مانەوەی ژیانیان لەسەر ئەو ڕووبارانە دەدەن بەئەستەم و بەزەحمەتتر لەجاران.
(ئەبو حیدر) یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی هۆڕەکانی عێراق کەژیانی لەسەر بەرهەمی ماسیە و لەو بارەیەوە دەڵێ، داهاتی ماسیگری موچەیەکی ڕێک و پێکی نیە، ڕۆژ هەیە کە هیچ ماسی نیە و تۆڕ بەبەتاڵی دێتەوە، نزیکەی (١٧ دۆلار) بۆ خەرجی پیترۆل و نەوت خەرج دەکەی بەڵام لەو سەریەوە ماسی تەنها بایی (٨) دۆلاری دەگری.
لەسەرەتای نەوەتەکاندا، لەلایەن ڕژێمی (سەددام حسێن) سەرۆکی پێشوی عێراق زیاتر لە (٢٠٠ هەزار) عەرەبی لە هۆڕەکان هەڵقەند و بەتوندوتیژی ڕووبەڕوویان بۆوە، ئەو هەنگاوەی عێراق لەدژی عەربە شیعەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە ئیدانەکرا، نەتەوە یەکگرتوەکانیش وشکردنی هۆڕەکانی بە تراژیدیا و قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی وەسفکرد. هەڵبەتە حکومەتی بەعس بەمەبەستی لەناوبردنی هۆڕەکان ئاوەکانیانی وشکرد و کێلگەی جوتیارەکانی شێواندن، خەڵکی جوتیاری ئەو ناوچەیە زیانێکی زۆریان لێکەوت، هەروەها زیان بەسامانی نیشتمانی وڵاتەکەش کەوت..
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و، لەپاش ساڵی (٢٠٠٣) کاتێ ئاوی هۆڕەکان جارێکی دیکە بەردرایەوە و، هەوڵی بوژاندنەوەیان درایەوە، (ئەبو حیدر) و هاوڵاتیە عەرەبەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە گەڕانەوە ناوچەکانیان بەڵام جوتیاریکردن لەو ناوچانەدا بەهۆی کەمبونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان وەکو جاران نەماوەو کورتی تێکەوتوە.
لەوڵاتەکانی دراوسێی عێراق، لە تورکیا و، ئێران و سووریا بەهۆی زۆری دروستکردنی بەنداوەوە، ئەو ئاوەی کە دەگاتە عێراق زۆری کەمی کردوە، سامانی ماسی کە پشت بەئاوی ئەو دوو ڕووبارە دەبەستێ بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کێڵگەکان وشک و بێ بەر بوون.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی (٢٠١٨)ەدا وەزیری ئاوی عێراقی ئاماژەی بەکەمبونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی عێراقدا و گوتی، ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی وەکو ڕووباری دیجلە لە بەغدا لەماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوەوە بەڕێژەی (٤٠%) دابەزیوە، بەشێک لەهۆکاری ئەو دابەزینە ئەو بەنداوانەن کە لەتورکیا و وڵاتانی دیکەی دراوسێ وە دروستکراون و ڕێگرن لەڕژانی ئاوی زیاتر بۆ ناو عێراق، وە بەو هۆیەوە لەهەر ساڵێکدا کێڵگەی زیاتر بەهۆی بێ ئاویەوە بێ بەرهەم و وشکەڕۆ دەبن.
کەمبونەوەی ئاستی ڕووبارەکان جگە لە کەمبونی داهاتی ماسی هەروەها کاریگەریشی لەسەر پیسبونی ئاوەکەش هەیە و ڕێژەی خوێی ئاویش بەرزدەکاتەوە، وە ژینگەش بەو هۆیەوە زیانی بەردەکەوێت.
کاتێ ئاوی ڕووبارەکانی عێراق دەڕژێنە شەتولعەرەبەوە، ئەویش دەڕژێتە ناو ئاوی کەنداوەوە، ئەو ئاوە بەهۆی کەمبونەوەی پیس بوەوە و کاریگەری لەسەر زۆری سامانی ماسی دروستکردوە. بەهۆی کەمی ماسی لەبەشە ئاوی عێراق لە کەنداو، ماسیگرەکان پەنا بۆ ئاوی کەنداو لەبەشی ئێران و کوێت دەبەن و ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانیان دەبێ.
(کامیل خلیل) یەکێکە لەو ماسیگرانەی ئەو ناوچەیە و دەڵێ، پێشتر دەچوین دەریاوانیمان دەکرد بەرەو ئێران و کوێت بۆ ماسیگرتن دەڕۆیشتین هیچ کەس ڕای نەگرتین بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر بەرتەسک بۆتەوە و هەر ساڵە و دژوارتر دەبێ.
لەمێژووی شەڕ و ئاشتی ئەو ناوچەیەدا، لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئاوی شەتولعەرەب زۆرجار بۆتە شەڕ و ماڵوێرانی درێژخایەن لەنێوان عێراق و ئێران و، عێراق و کوێتدا لەساڵەکانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا.
هەتاوەکو ئێستاش کێشەکانی سنوری ئاوی لەو ناوچەیەدا بەبنەبڕی چارەسەرنەکراون و، هێشتا پێویستی بەدانوستان و ڕێکەوتن و ڕازیبونی وڵاتانی ئەو ناوچەیە هەیە.
زۆربەی ماسیگرەکان لەو ناوچەیەدا دەڵێن، ماسیگرە عێراقەکان بە شەڕانی تەماشادەکرێن لەلایەن ئێرانی و کوێتیەکانەوە، کە هەتاوەکو ئێستا تاڵیەکانی شەڕەکانی هەشتاکانی عێراق لەگەڵ ئێران و، لەساڵی نەوەتیشدا لەگەڵ کوێت لەنێو هەستی خەڵکی ئەو ناوچانەدا ماون.
کەمبونەوەی ئاوی ڕووبارەکان کاریگەری گەورەی ئابوری و ژینگەیی لەسەر عێراق دەبێ، ئاستی بێكاری بەو هۆیەوە زیاددەکات و کێڵگەکان لەناوچەی بەرهەمهێنەوە دەبنە بیابان.
قەیرانی ئێستا بۆ عێراق ماناداردەبێ و، کەم ئاوی ڕێگری لێدەکات دەستی بەسەرچاوە ئاویەکان بگات. ئێستا بەهۆی کەمبونەوەی ئاو کە بەرهەمی ماسی کەمیکردوە، عێراق نزیکەی (٦٠%) ماسی هاوردەدەکات.
لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە ئەو کێشەیە هەڕەشە لەسەر ڕیشەی ناسنامەی عێراق دەکات کە خاکی نێوان هەردوو ڕووبارە دێرینەکەیە، کە دیجلە و فوڕاتن، کەوا بۆ ماوەی هەزاران ساڵ وڵاتەکە و خەڵکەکەی پشتیان پێ بەستون.

© 2017 Hawler