ئاب 17, 2018

پەلامارەکەی سێ زلهێزەکەی ڕۆژاوا، ســـــــووریای ڕاچەڵەکاند؟

ئەم پەلامارە لەچاو ئەوەی پار قورستر بوو؛ پار سووریا یەک شوێنی لێ کوترا، ئەمساڵ سێ شوێن.

ئەوجارە ئەمەریکا تەنیاباڵ بوو، ئەمجارەیان بەریتانیا و فەرەنسایشی لەگەڵدا بوو.
پار نزیکەی شەست مووشەکی تێ گیرا؛ ئەمساڵ نزیکەی ١٢٠ مووشەکیان تێ گرت.
بەڵام پرسیاری بێ‌بەرسڤ ئەوەیە بڵێی ئەمەریکا بەو پەلامارە مەبەستی خۆی پێکابێت و، بەشار ئەسەدی ئەوەندە پێ چاوترسێن کردبێت ئیتر خۆی لە وەشاندنی کیمایی نەدات؟

هێزگرتنەوەی ئەسەد
لەوەتی شەڕ هەڵگیرساوە، حاڵی خەڵکی سووریا شپرزە و هیچ نەگۆڕاوە، لەوە نەبێ لە پارەوە دەسەڵاتی ئەسەد زۆر زیادی کردووە و، لە زۆر شوێندا بەرهەڵستکاران و نەیارەکانی داوەتە پاشەوە؛ ترسێکی وەهای خستووەتە دڵی خەڵکی لاشەڕ و بێ‌چەکەوە، خەریکە لە زۆر شەڕگەوە شەڕەکە دەباتەوە.
ڕاستە بەشار ئەسەد لەبەر کەمهێزی و بێدەرەتانی، هەموو سووریای بە دەستەوە نەگرتووەتەوە بەڵام، لە سای ڕووسیا و ئێرانەوە کەس دەرەقەتی نایەت.
  لە پارەوە، نێوانی ئەمەریکا و ڕووسیا و، بە گشتی بەینی ڕووسیا و ڕۆژوا خراپتر بووە؛ تەنانەت ئەنتۆنیۆ گۆترش سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ساردەشەڕەکەی جاران خەریکە هەڵدەگیرسێتەوە.
دۆناڵد ترەمپی سەرکۆماری ئەمەریکا بڕیاری دا دەرکودووکانەکەی بەشار ئەسەد سووکەتەمێیەک بکا؛ ناشێ ئەسەدیش لێی تێنەگەیشتبێت، بەڵام زەحمەتە زۆری بەهەند وەرگرتبێت و واز لە ملهوڕی بهێنێت؛ باوەڕ مەکە ڕووسیایش لەبەر پەلامارەکەی ئەمەریکا، مۆچیاری و ئامۆژگاریەکی ئەسەد بکات و لە گوڵ کاڵتری پێ بڵێت.

سەرلێشوانەکەی ترەمپ
ترەمپ لە توێتەرەوە هەڕەشەیەکی وەهای لە ئەسەد کرد گوتمان تازە ئیتر تەواو؛ کەچی چەند مووشەکێکیان گرتە شام و تەواو! دیارە دەوڵەتەکەی ترەمپ بە خۆیشیان نازانن چییان دەوێت و چ دەکەن؛ دەڵێی سەریان لێ شێوابێ.
لەولایشەوە دۆخینە شلەکەی جارانی ترەمپ لە گردنی ئاڵاوە و لێی نابێتەوە!  
حەفتەی ڕابردوو ڕاگەیاندنەکانی دنیا لەسەرهەست بوون بزانن ترەمپ چۆن شام هەڵدتەکێنێت بەڵام ڕاگەیێنەوانیەکانی ناوخۆی ئەمەریکا بە کێشە و بێنەوبەردەی ترەمپ و ناوخۆی ئەمەریکاوە خەریک بوون؛ ترەمپ هەڕەشەیەکی وەهای لە سووریا کردبوو، دنیا چاوەڕیی ڕووخانی ئەسەدیان لێ دەخوێندنەوە و، هەندێکیان دەیانگوت ئەسەد وەکو ڕێوی تێی تەقاندووە و بەرەو تاران ڕای کردووە کەچی ئەوەندە پەلامارێکی سووک بوو، کورد گوتەنی ئەسەدی شێرەک بان سەری خەڵکەکەی کرد و لێیانی کردەوە شێر! شام و مۆسکۆ چۆن لەو دەستوەشاندنەی واشینگتۆن دەڕوانن؟

سووکەئامانج
وا دیارە پەنتاگۆن بەرنامەی پەلامارەکەی وەها گوڕیبێت گوایە خەڵکی لاشەڕ و، بیانی پێوە نەبن؛ بیانیەکەیش ڕەنگە هەر مەبەست ڕووسەکان بووبێتن.
ئەو سێ شوێنەیش دایاننە بەر مووشەک، هەم شوێنی بەرهەمهێنانی چەکی کیمایی بوو، هەم خەڵکی لاشەڕی لێوە دوورە.
سەرئەرکانی سوپای ئەمەریکا لە کۆڕێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند زۆر شوێنی دیکەیشی دەستنیشان کردبوو بیانکوتێت بەڵام "گوتمان جارێ با بوەستێت." کەواتە ئەگەر ئەسەد دیسان چەکی کیمیایی ڕابکێشیت، ئەمەریکا ئەو شوێنە دەستنیشانکراوانەیشی لێ دەکوتێت.
لە پارەوە چەند جارێک هەواڵ بڵاو کرایەوە گوایە سووریا کیمیاییی تەقاندووە بەڵام لەم جارەیان نەبێ ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی نەبوو؛ بەشکەم ئەسد بێتە سەر ئەقڵ و واز لە کیمیایی‌وەشاندن بهێنێت.
 هەندێ کەس دەڵێن گریمان ئەسەد وازی لە کیمیاییکردنیش هێنا، ئەی ئەو هەموو تۆپ و بەرمیلەبارووتانەی بە خەڵکەوە دەینێ چی؟ خۆ ئەوە گەلێ خراپترە و خەڵکی زیاتری پێ دەکوژرێت؛ بۆ لەو بابەتەدا ڕۆژاوا هیچ هەڵوێستێکی نیە؟!
ڕۆژاوا بەدەر لە کیمیاییەکەی ئەمجارە، هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە لە یەکەم شەڕی جیهانیەوە ترسیان لێ نیشتووە؛ لەو شەڕەدا کیمایی تەقێندرا و، هەموو لایەک ئەوەندە ترسیان لێ نیشت بڕیاریان دا قەدەغەی بکەن و ئیتر تێوەی نەگلێن و، لێیش نەگەڕێن کەسی دیکە بەکاری بهێنێت.
ماوەیەک لەمەوبەر ترەمپ دەیگوت ئەمەریکا هەموو هێزەکانی ناو سووریای دەکشێنێتەوە؛ ئەوەندەی نەبرد هەڕەشەی کوتان و لێدانێکی بەهێزی دەکرد؛ ئەوەی لە چی و ئەمەی لە چی! ترەمپ سیاسەتێکی نەگۆڕی نیە؛ جۆرە سەرلێشێوانێکی پێوە دیارە.
بەڵگەیەکی مانەوەی ئەمەریکا لە سووریا و بەهێزکردنی کوردی ڕۆژاوا، لەقکردنی پێگەکەی سووریای ئێرانە؛ جڵەوکردنی ئێران لە سووریا تاکە بەرنامەی ئەمەریکا بووە لە سووریا کەچی ئەوەیشیانی بە تەواوەتی پێ نەکراوە یان نەیویستووە بیکات.
ئەمەریکا پاش سووکە پەلاماردانەکەی سووریا، دیسان ڕایگەیاندەوە نیازی نیە تا هەتایە لەو وڵاتەدا بمێنێەوە.
ئەمەریکا بەهیوایە وڵاتێکی دی ئەرکی ئەمەریکا لە سووریا بگرێتە ئەستۆ؛ بەڵام کامە لایەن؟ دیارە ئەمەریکا حەزی لێ نیە درێژخایەن خۆی تووشی سووریا بکات؛ ئەگەر وابێ، ڕووسیا بۆ خەم دایگرتووە؟

سەرهەڵدانەوەی ڕووسیا
ڕووسیا بە سەربازی و لە سیاسەتیشدا پشتی ئەسەدی گرتووە و، بەو پشتیوانیکردنە بووەتە کایەگێڕێکی بەبڕشتی ناوچەکە. دیارە ڕووسیا هەڕەشەی لە ئەمەریکا و ڕۆژاوا کردبوو نەکەن لە سووریا بدەن؛ کەچی ئەوان هەر لێیان دا؛ کاردانەوەی ڕووسیا چ دەبێ؟ ڕاستە ڕووسیا هەوڵیەتی پێگەی ئەمەریکا لە سووریا لەق بکا بەڵام خۆ نایکاتە شەڕی ڕاستەوخۆ؛ جێمز مەتیس لە ئەگەری کاردانەوەی ڕووسیادا گوتبووی: "دوور نیە ئەوانەی پشتی ئەسەدیان گرتووە دەست بکەنە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێبنەما."
 قسەکەی مەتیس ڕاست دەرچوو؛ وا ڕووسیا هەر لە ئێستاوە لەو شوێنەی وا دەڵێن کیمیاییەکەی لێ دراوە، هێزی دابەزندووە و دەڵێ هیچ نیشانەیەکی کیمیاییکردنی پێوە دیار نیە؛ مۆسکۆ دەڵێ ئەوە گشتی درۆدەلەسەی سیخوڕە بیانیەکانە بۆ بەدناوکردنی بەشار ئەسەد و ڕووسیا.
 
ساردەشەڕ
ڕووسیا بڕشتەکەی یەکیەتیی سۆڤیەتی جارانی نەماوە؛ ئابووریەکی مامناوەند و بگرە کزی هەیە بەڵام وڵاتێکی خاوەن‌ چەکی ناوەکیە و ئەوەندەی لەباراندا هەیە شەڕی سارد هەڵگیرسێنێتەوە و، بڵێی‌نەڵێی ساردەشەڕەکە قەوماوەتەوە. ئەوە ڕووسیایە دەڵێن لە خاکی وڵاتێکی زلهێزی وەکو بەریتانیادا سیخوڕ دەرمانخوارد دەکات؛ ئەوە مۆسکۆیە دەستی خستووەتە ئۆکراینەوە و لایەکی لە خاکەکەی دابڕی؛ دەڵێن دەستی وەرداوەتە سەرکۆمارهەڵبژاردنەکەی ئەمەریکایشەوە. لە سووریایشدا جێپای خۆی قایم کردووە.
 لە ئاسمانی سووریاوە، ئەستێرەی ڕووسیا لە ئەنگاوتندایە و، هەسارەی ئەمەریکایش هەتا دێ ئاواتر دەبێ و وەختە نەمێنێت؛ ئەمەریکا سەدام حسەینی لە دەسەڵات خست و، ئێرانی لە خۆی کردە کەڵەگا. لە سووریایشدا ئەوەندە خاوەخاوی کرد هەتا ئێران خۆی تێ خزاند و گەیشتە سەر سنووری ئیسرائیل. ئیسرائیلیش جاربەجارێ دەستی لە هێزەکانی سووریای ئێران

وەشاندووە؛ کێ دەڵێ شەڕێکی وا لێ هەڵناگیرسێت هەرهەموو ناوچەکە کاول بکا؟

 

و: ڕزگار ئازەوانی - هەولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.