ئاب 12, 2020

ململانێی نێوان چین و ئەمەریكا كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر بازار

لەکاتێکدا هێشتا شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین کۆتایی نەهاتووە و رێککەوتنی بازرگانی قۆناخی یەکەم جێبەجێنەکراوە، ئەم دوو زلهێزە ئابوورییە بەدەر لە شەڕی بازرگانی، کەوتوونەتە نێو جەنگێکی دیکە، کە پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە.
 
تووندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنت و پەکین هەر تەنیا کاریگەری لەسەر ئەو دوو وڵاتە نییە، بەڵکو بازاڕەکانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری پەیوەندییەکانی نێوانیان.
 ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان و دەستپێکردنەوەی مامەڵە داراییەکاندا نرخی نەوت دابەزی، بەرمیلێک نەوتی برێنت 30 سەنت لە بەهاکەی هاتە خوارەوە و بە 43 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس 29 سەنت دابەزی و بە 41 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 زێڕ کە هەمیشە لەکاتی گرژییەکاندا بەهاکەی بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ نرخێکی پێوانەیی تۆمارکرد کە لە مێژوودا ئەو نرخەی بەخۆیەوە نەبینوە، بەهای ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە نزیک 1934 دۆلار.
  پێشتر ئاژانس و ناوەندە داراییەکان پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای زێڕیان کردبوو، ئەوەش بە لێکدانەوەکانیان بۆ کاریگەری درێژخایەنی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئێستا کە ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا رووی لە هەڵکشانە، هاوکات تێكچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتنیش بەلای شرۆڤەکاران کاریگەرییەکەی لەسەر نرخی زێڕ هێندەی دیکە زیاتر دەکات.
 هەفتەی رابردوو ئەمریکا کۆنسوڵخانەی چینی لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس داخست ئەوەش بە تۆمەتی سیخوریکردن و دزینی زانیاری بازرگانی و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا.
 ئەمڕۆش وەک کاردانەوە بەرامبەر داخستنی کۆنسوڵخانەیەکیان، حکومەتی چین کۆنسوڵخانەی ئەمریکای لە شاری چینگدوی باشووری رۆژئاوای چین داخست.

© 2017 Hawler