ئاب 12, 2020

مانەوەی داعشە زیندانیکراوەکان بەو شێوەیە مەترسیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

بەهەزاران چەکداری داعش و، کەسوکارەکانیان کە لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتەکەیانەوە کەوتونەتە زیندانەکانەوە هێشتا مەترسین بۆ سەر تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.

کەمپە زیندانەکان کە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی باکووری سووریادا داعشەکانیان تێدا زیندانی کراون پڕ و قەرەباڵغن، وە بەهۆی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی ناوخۆی سووریا و ململانێی زلهێزەکانەوە ئەو کەمپانە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی شکاندندان، بۆیە شارەزایان بەتایبەتی لەوڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا ترسیان هەیە لەگەڕانەوەی توندڕەوەکان و، بردنەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بۆ ناوچەکانیان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) کۆلێژی دیراسەی بواری بەرگری لەندەن لەو ماوەیەدا هۆشداریداوە لەسەر مەترسی هەڕەشەکانی داعشە زیندانیەکان و تیایدا وڵاتان ئاگاداردەکاتەوە کە هەڵاتنی چەکدارە داعشەکان و خۆ گروپکردنەوەیان لەبەشە جیاجیایەکانی جیهان بۆتە هەڕەشەیەکی جیدی و خۆڕێکخستنەوەی داعش لەڕێدایە.
(تۆبیۆس ئێلوود) پەرلەمانتاری بەریتانیا لە لیژنەی بواری بەرگری لەو بارەیەوە گوتی، بەدەیان هەزار توندڕەو، لەچەکدارەکان و، خێزانەکانیان و، پاڵپشتیکەرانی داعش هێشتا لەعێراق و لەسووریادا ماون، وە ئێمە پێویستە بڕیارێک لەو بارەیەوە بدەین و دڵنیابینەوە داعش بەتەواوەتی تێکبشکێنین، دەنا ئایدۆلۆژیەکەیان بەزیندوویی دەمێنێ و توانای ڕێکخستنەوە و گروپبونەوەیان دەبێت.

تیرۆریستە بیانیەکان:
بەپێی داتایەکان لەنێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) دا نزیکەی (٤٠ هەزار) تیرۆریست لەوڵاتانی دەرەوەڕا پەیوەندییان بەداعشەوە کردوە، ئێستا بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی (١٠ بۆ ٢٠ هەزار) یان ماون.
هەندێک لەوانەی کە ماون لەوڵاتانی دەوروبەری سووریا بەتایبەتی لەعێراق ڕاپێچی دادگاکراون بەڵام هێشتا زۆربەیان لەناو کەمپەکاندان و، سەرکردەکانی داعش بەتەمای دەرفەتێکن ڕزگاریان بکەن، بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان سەرکردەکانی داعش بەڵێنیان داوە داعشەکانی نێو کەمپەکان ڕزگارکەن، ژنەکانیان بە پردی خەلافەت ناوبردوە و تەمایان لەسەر هەڵچنیون.
لەبارەی منداڵەکانی خێزانە داعشەکان لەناو کەمپەکاندا، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان نزیکەی (٨ هەزار منداڵ) لە زیندانی کەمپەکاندان و لەوانەش نزیکەی (٧٠٠ منداڵ) یان باوەڕدەکرێ لەئەوروپاییەکان بن.

ژنانی داعش و توندوتیژی:
لەڕاپۆرتەکەدا (ئان سپێکهارد) کە سەنتەری توێژینەوەی سەرپێچی توندتوتیژییەکان بەڕێوەدەبات لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سەردانی کەمپە زیندانەکانی داعشی کردوە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ زیاتر لە (٢٠٠) جیهادی و خێزانەکانیانکردوە.
هەروەها سەردانی کەمپی ئەلهۆڵی کردوە، دەڵێ بارودۆخی کەمپەکان مەترسیدارە و لەهەر حەفتەیەکدا چەند هەوڵێکی هەڵاتن هەبون.
لەناو کەمپەکاندا ژنەکان ترسیان هەیە لەلایەن ژنانی دیکەوە توندتیژیان لەگەڵدا بکرێ، لەوێ ژن هەیە ژنی دیکە دەکوژێ، کەمپەکان ئاگر تێبەردەدات، منداڵەکان فێری توندتیژی و بەردهاویشتن دەکەن.
چاودێران دەڵێن مانەوەی ئەو کەمپە زیندانانە وەکو بۆمبێکی توقیتکراو وایە، هەر کات بتەقێتەوە تیرۆر و توندوتیژی بەناوچەکە جیهاندا بڵاودەکاتەوە.

چارەنوسی کەمپەکان:
بەشێوەیەکی بەرفراون پرسی داعشە زیندانیەکان بەسەر سێ خاڵدا پۆلێنکراو کە بریتین لە یاسایی و، مرۆیی و، ئاسایش.
لەڕووە یاساییەکەیەوە ناکرێ ڕێگری لەهەزاران کەس بکرێ لەناو ئەو زیندانانەدا بەبێ دادگاییکردن بمێننەوە.
بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا ترسیان هەیە کە لەکاتی هێنانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان لەبەر شێوازی پەیڕەوی دادگایی وڵاتەکانیان، هەروەها لەبەر دەستەبەرنەبوونی بەڵگەی پێویست نەتوانن سزای تەواوەتی ئەوەی شایستەیانە بەسەریاندا بسەپێنن.
لەڕووە مرۆییەکەیەوە لەلایەن ئاژانسە مرۆییەکانەوە بەردەوام ڕەخنە ئاڕاستەی وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوایی دەکرێ لەسەر بارودۆخی خراپی کەمپەکان بەتایبەتی منداڵان، بەڵام بەهۆی ئەو توندوتیژی و کوشتارەی داعش ئەنجامیداوە جۆرێک لە بێ سۆزی بەرانبەریان دروستبوە هیچ لایەک نایەوێت بەلایاندا بچێت.
لەڕووە ئاسایشیەکەیەوە وڵاتان دەترسێن لەکاتی گێڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان و دادگاییکردنیان لەوانەیە دوای ماوەیەک سزایەکانیان تەواوببێ، هەروەها بەهۆی ئایدۆلۆژییەکەیانەوە دیسان تۆڕەکانی توندڕەویی و تیرۆریستی بەرفراوان ببنەوە و، مەترسی لەسەر سەقامگیری وڵاتەکانیان دروستببێ.
بەپێی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن هەندێک لەداعشە زیندانیەکان بەئەندازەیەکی زۆر ڕادیکاڵ بوون، ئەوانە لەساڵانی دادێت مەترسی تەقینەوەی گەورەیان لێدەکرێت.

لەداهاتوودا چی ڕوودەدات:
کێشەی کەمپە زیندانەکانی داعش لەسووریا کێشەیەکی گەورەیە و چارەسەرکردنی بەهۆی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و، هەروەها ترسی تیرۆر ئاسان نیە.
(ئان سپێکهارد) لەئەنجامی توێژینەوەکانیەوە لەناو کەمپە زیندانیەکاندا پێشنیاری کردوە بۆ یەکلایی کردنەوەیان زیندانیەکان بەش بەش بکرێن، ژن و منداڵەکان بگێڕدرێنەوە وڵاتەکانیان و، لەوێ ژنەکان دادگایی بکرێن، ئەوانەی تاوانبارن سزا بدرێن. هەروەها منداڵەکان بگوێزرێنەوە شوێنێکی سەلامەت و، لەتوندڕەوی و، ترس دووربخرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە کوردەکان کە ئازایانە شەڕی داعشیان کرد و، ئێستاش پارێزگاری لە کەمپە زیندانیەکانی سووریا دەکەن، ئەوانیش کێشە و پرسی خۆیان هەیە لەناوچەکەدا کە پێویستیان بەچارەسەرکردن هەیە، ئەوان بەردەوام لەهەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکەدان بۆیە لەوانەیە لەدرێژ مەوادادا نەتوانن پارێزگاری لە کەمپە زیندانەکان بکەن.
بەگشتی داوا دەکرێ پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی کەمپە زیندانەکانی داعش لەناوچەکەدا خێراتربکرێ و ڕوونتربکرێتەوە، وە بەبێ هەڵنانی هەنگاوی پێویست ئەو کەمپە زیندانانە مەترسی گەورەن لەسەر تێکدانەوەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.

© 2017 Hawler