ئاب 12, 2020

بەبێ هەدەپە مەحاڵە هیچ پارتێك ٥٠+١ بەدەست بهنێت

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

لە ٣٧ ەمین كۆنگرەی جەهەپەدا كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی ئەو پارتە، بۆ یەكەمجار بە ئاشكرا گوتی ئەگەر پێویست بكات هەدەپەش دەخەینە ناو هاوپەیمانی خۆمانەوە، كە مەبەستی هاوپەیمانی (میللەت) بوو. سەركردەیەكی باڵای ئەو پارتەش پێیوایە هیچ پارتێك بەبێ هاوپەیمانی ناوتوانێت ٥٠+١ بەدەست بهێنێت.

پێشتر هاوپەیمانی (میللەت) كە لە نێوان جەهەپە و پارتی باش و سەعادەت دروست ببوو، هەدەپەی تێدا نەبوو، بەڵام هەدەپە لە رێككەوتنێكی نهێنیدا لەگەڵ جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ٣١_٣_٢٠١٩ بۆ شارەوانی (ئەنكەرا، ئیستانبۆڵ، مێرسین و ئەدەنا و ئەنتاڵیا) هیچ كاندیدێكی نەبوو و پاڵپشتی لە كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت) كرد.
ئەوكات هەدەپە نەخرایە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە، چونكە پارتی باش رێگر بوو و دەیگوت هەدەپە باڵێكی مەدەنی پەكەكەیە لە توركیا و نابێت بە هیچ شێوەیەك لەگەڵیدا بچینە ناو هاوپەیمانییەوە. هەڕەشەشی لە جەهەپە كرد، ئەگەر هەدەپە بێتە ناو هاوپەیمانی (میللەت) پارتی باش لەو هاوپەیمانییە دەكشێتەوە.
بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە، چونكە بۆ ئۆپۆزسیۆن دەركەوتووە بەبێ هەدەپە هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا ناتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو ٥٠+١ بە دەست بهێنیت. بۆیە ئەگەر زۆرە جەهەپە بڕوا بە پارتی باش بهێنێت تا هەدەپەش بخەنە ناو هاوپەیمانی (میللەت)_ەوە، ئەگەر پارتی باش رازیش نەبوو ئەوكات بەرەی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن ركابەری ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغان بكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
تونج سۆیار ئەندامی سەركردایەتی جەهەپە و ئەندام پەرلەمانی توركیا، پێیوایە هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا بەبێ بوونی هاوپەیمانی ناتوانێت ببێتە زۆرینە و ٥٠+١ بەدەست بهێنیت.
سۆیار لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (BBC)_ی توركی، پێیوایە ئەگەر هەر پارتێكی سیاسی لە توركیا بیەوێت ٥٠+١ بەدەست بهێنیت، دەبێت ئەوە بزانێت ئەو سەردەمە بەسەر چووە هیچ پارتێك بتوانێت بە تەنیا ئەو دەنگە بهێنێت، بەڵكوو دەبێت تەنیا لە رێگەی هاوپەیمانیدا رێژەی دەنگەكانی بگاتە ئەو ئاستە.
ئەو دەڵێت: ”ئاكەپە، جەهەپە، هەدەپە، مەهەپە، پارتی باش، هەموویان ناچارن پارێزگاری لە ٥٠+١ بكەن، ئەوەش لە رێگەی هاوپەیمانییەوە دەبێت. جەهەپە نەیتوانی لە دەرەوەی ئەو هاوكێشەیە بێت، بۆیە رێگەی راستی هەڵبژارد چووە ناو هاوپەیمانی (میللەت)_ەوە“.
مەدحەت سینجار هاوسەرۆكی هەدەپە، لە دیمانەیەكدا باسی لە هاوپەیمانی كرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا. ئەو ئاشكرای كرد ئەمجارەیان هەدەپە بە نهێنی ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانییەتێكەوە، بەڵكوو هەر پارتێكی سیاسی بیەوێت لەگەڵ هەدەپەدا بچێتە ناو هاوپەیمانییەوە، پێویستە بە ئاشكرا و بەبێ ترس باسی بكات.
سینجار باسی لەوەش كرد، لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر نەچنە ناو هیچ هاوپەیمانییەتێكەوە، ئەوكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان كاندیدی تایبەت بە خۆیان دەبێت.
دەكرێت بڵێین هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا ناتوانێت بەبێ هەدەپە ٥٠+١ بەدەست بهێنیت، چونكە هاوكێشەی سیاسی گۆڕاوە و دەنگەكانی ئاكەپە لە توركیا ١٠٪ كەمی كردووە، ئەمەش بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەكانی توركیا.
هەدەپە خاوەنی ٦ ملیۆن دەنگە لە توركیا و ١١٪ی كورسی پەرلەمانی هەیە، بۆیە بچێتە ناو هەر هاوپەیمانییەتێكەوە، ئەگەر بەهێزە ئەو هاوپەیمانییە ببێت بە زۆرینە.

© 2017 Hawler