ئاب 12, 2020

تەندروستی جیهان: بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا خێراتر بووە

رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی كردەوە، تا ئێستا مەترسیدارترین پەتا كە لەسەر ئاستی جیهان راگەیەندرابێت ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و ئاشكراشی كرد، ئێستا بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە خێراتر بووە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "ئاشكرایە كە لە مێژوودا پەتای كۆرۆنا مەترسیدارترین حاڵەتەكانی فریاگوزاری تەندروستی بووە لەسەر ئاستی جیهان".

هەروەها گوتی: "رێكخراوی تەندروستی جیهانی چەند راپۆرتێكی لەبارەی 16 ملیۆن تووشبووی كۆرۆنا و گیانلەدەستدانی 640 هەزار حاڵەت بەهۆی پەتاكە لەسەر ئاستی جیهان پێگەیشتووە" و دووپاتی كردەوە، "ئێستا پەتاكە لە بڵاوبوونەوە خێراتر بووە".

بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەش دا، "لە ماوەی 6 هەفتەی رابردوودا حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن بۆ دوو ئەوەندە زیادی كردووە".

هەروەها جەختی كردەوە، "سەركەوتن بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا مەحاڵە، تەنیا لە رێگەی جێبەجێكردنی رێكارە توندەكانی رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە نەبێت، كە ئەویش بە پابەندبوون بە دەمامك و دەستكێش و دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغەوە دەكرێت"، ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر تێبینی ئەو شوێنانە بكەین كە پابەندن بە رێكارەكانی خۆپارێزی، دەبینین كە ژمارەكان روو لە كەمبوونەوەیە، بەڵام لەو شوێنانەی پابەند نین، حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن روو لە زیادبوونە".

گوتیشی: هەریەك لە وڵاتانی كەنەدا، چین، ئەڵمانیا و كۆریای باشوور لە رێكارەكانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا سەركەوتوو بوون.

© 2017 Hawler