تەمموز 09, 2020

لە ٢٠٢٠ نزیكەی ١٩هەزار ئاوارەی سووری بە زۆر لە توركیاوە نێردراونەتەوە خاكی خۆیان

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا، ٧٠٪ی ئاوارەكانی سووریا لەو وڵاتە كاری خۆیان لەدەست داوە، چونكە لە زۆرێك لە شارە گەورەكانی توركیا كار راوەستاوە و ژیان وەكو پێویست ئاسایی نەبووەتەوە.

رێكخراوی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٠١٩ نزیكەی ٧٩ملیۆن‌و٥٠٠هەزار كەس بە ناچاری و بە زۆر ئاوارەی وڵاتانی تر بوونە. هەروەها ئاماژەی داوە تا دێت ژیانی كۆچبەران ناخۆش دەبێت و ئاییندەیەكی خراپیش چاوەڕێیانە.
بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی توركیا لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای كردووە، ٣ملیۆن‌و٩٠٠هەزار ئاوارەی سووری لە توركیادا بوونی هەیە و لەو رێژەیەش ملیۆنێك‌و٦٠٠هەزاریان خاوەن منداڵن. هەروەها لەوەتەی كۆرۆناش بڵابووەتەوە، ئەوەی زیانمەندی یەكەمە ئاوارەكانن، چونكە كاریان نەماوە و لەڕووی تەندروستییەوە بارودۆخیان خراپە و زۆربەشیان ژیانێكی هەژارانەیان هەیە.
رێكخراوی مانگی سووری جیهانی بڵاوی كردووەتەوە، ئاوارە سووریەکان زۆرینەیان لە توركیادا گیرساونەتەوە؛ لەوەتەی كۆرۆناش بڵاو بووەتەوە، ٧٠٪ی ئەو ئاوارانە كارەکەیان لەدەست داوە و ٨٠٪یشیان تێچووی رۆژانەی ژیانیان زیادی كردووە.
هەر بە گوێرەی راپۆرتی رێكخراوی ناوبراو، زۆرێك لەو خانەوادە سوورییانە بۆ ئەوەی بتوانن بژین پارە قەرز دەكەن و ناچارن رێگەی تریش بگرنە بەر بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانیان.
ئاوارە سوورییەكان لە توركیا بە پارەیەكی كەم كاریان لە كارگەكاندا دەكرد، بەڵام بە هۆی كۆرۆناوە ئەو بڕە پارە كەمەشیان لەدەست داوە، بۆیە ئێستا توێژێكی هەژارن و مەترسی ئەوەشیان لەسەرە باری تەندروستیان بەرەو خراپی بڕوات، چونكە ناتوانن بەو پارە كەمە گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو ١٠ ساڵەی رابردوودا ١٠٠ملیۆن كەس بە ناچاری ماڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارەی وڵاتانی تر بوونە.
هەروەها لە ١٩٩٠ ساڵانە یەك ملیۆن و ٥٠٠ ئاوارە لە تەواوی جیهاندا دەگەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام لە ١٠ ساڵی رابردوودا هاوكێشكە پێچەوانە بووەتەوە و نەک هەر ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵ و خاكی خۆیان، ئاوارەی تریشیان پێ زیاد بووە.
ژێن مۆنێت لە زانكۆی یەشاری توركیا، راپۆرتێكی لەبارەی ژیانی گەنجانی ئاوارە لە توركیا ئامادە كردووە و، لە راپۆرتەكەدا چەند زانیارییەكی لەسەر گەنجە ئاوارەكان ئاشكرا كردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی ناوبراو، لە توركیا ٤٦٪ی گەنجانی ئاوارەی سووری، نە چوونەتە سەر هیچ كارێك و كاریان دۆوینەوەتەوە، هەروەها نەشیانتوانیوە بچنە بەر خوێندن.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە گەنجە ئاوارەكانی سووریا نەیانتوانیوە بچنە بەر خوێندن، ناچاربوونیان بووە بە كاركردن، چونكە ئەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت بەشی ژیانیان ناكات، بۆیە دەبێت شەو و رۆژ كار بكەن و كاتیان بۆ خوێندن نییە.
بە گوێرەی راپۆرتی ژێن، تەنیا ١١٪ی ئاوارە سوورییەكان لە توركیا دەتوانن بەو داهاتەی مانگانە دەستیان دەكەوێت بژین، ئەوانی تر ناتوانن بەو داهاتە بژین و ژیان بە كولەمەرگی بەڕێ دەكەن.
یەكێك لەو هۆكارانەشی وای كردووە ئەو ئاوارە سوورییانە كاریان دەست نەكەوێت، فێرنەبوونی زمانی توركییە، بۆیە بەشێكی زۆریان بۆ دۆزینەوەی كارێكی باش روویان لە كۆرسی فێربوونی زمانی توركی كردووە.
رێكخراوە جیهانیەکەی مافی مرۆڤ داوا لە توركیا دەكات، رێگە نەدات منداڵە ئاوارە كار بكەن، چونكە بەشێكی زۆریان بە ناچاری دەچنە سەر كار و كارەكەشیان زۆر زەحمەتە.
ئەو رێكخراوە داوا لە توركیا دەكات هەموو توانایەكی خۆی بخاتە گەڕ تا منداڵانی ئاوارەی سووری بچنە بەر خوێندن لە بری كاركردن.
یەكێك لەو رەخنانەی رێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە توركیای دەكات ئەوەیە، كە بەردەوام ئاوارە سوورییەكان دەترسێنن كە دەیانگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان، بۆیە داوا لە توركیا دەكات واز لەو هەڕەشانە بهێنێت، چونكە ئەو ئاوارانە ناچارن لەبەر ئەو هەڕەشانە بە پارەیەكی كەم كار بكەن و نەبنە ئەرك بەسەر توركیاوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، لە ٢٠٢٠ نزیكەی ١٩هەزارو٤٧٦ ئاوارەی سووری بە زۆر لە توركیاوە نێردراونەتەوە بۆ سووریا، ئەمەش بە پێشێلكاری لێكدراوەتەوە لە لایەن رێكخراوە جیهانیەکەی مافی مرۆڤەوە و داوا لە توركیا دەكەن هیچ ئاوارەیەك بە زۆر نەنێردرێتەوە وڵاتەكەی.

© 2017 Hawler