تەمموز 10, 2020

ئەمەریکا بە گەمارۆدانەوەی سووریا، پشتیوانەکانی ئەو وڵاتە بەئامانج دەگرێ

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

بەپێی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ئامانجی سەرەکی لە سزای نوێی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا لەژێر یاسای قەیسەردا بریتیە لە ناچارکردنی سووریا بۆ وازهێنان لە کوشتوبڕکردنی خەڵکی لاشەڕ (مەدەنی) و، ڕازیبوون بە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەیەکی ئاشتیانە.
یاسای قەیسەر سزای چەندین کەسایەتی باڵا و نزیکی سەرۆکی سووریا و هاوکارەکانی لە ڕووسیا و ئێران دەدات، ئەو سزا داراییانە وەکو وەڵامدانەوەیەکی ئەمەریکان بۆ سەر سووریا و هاوکارەکانی لەبەر ئەو تاوانکاری و کوشتارەی لە خەڵکی سووریای کردووە لەو دە ساڵەی ڕابردوودا.
لەو بارەیەوە (جەیمس جێفری) نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا گوتی، یاسای قەیسەر کاریگەریەکی باشی لەسەر سووریا دەبێ، وە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان پاڵپشتی لە دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ لە سووریا دەکەن کە ڕێز لە مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ وڵاتانی درواسێی بگرێت.
هەڵبەتە یاسای قەیسەر تەنها ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریا دەگرێتەوە.
یاساکە کێ بەئامانج دەگرێ:
سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا ماوەیەکی درێژە و لەپێش شەڕی سووریاوە هەر هەبووە؛ ساڵی (٢٠١١) درێژکرانەوە بۆ فشارخستنە سەر سووریا بۆ کۆتایهێنان لە کوشتن و، سەرکوتکردنی نەیارەکانی.
یاسای قەیسەر لە کانوونی یەکەمی ساڵی (٢٠١٩)دا لەکۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەند کرا، ئامانجی سەرەکی لە سەپاندنی ئەو سزایانە لەژێر ئەو یاسایەدا بۆ دروستکردنی فشاری ئابووری و دیپلۆماتیکە بۆ سەر حکوومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی هەتا شەڕ و کوشتاری سەر خەڵکی سیڤیلی سووریا ڕاگرن و بێنەپێشەوە بۆ ڕاگواستنی دەسەڵاتی سیاسی و، دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ لەسووریادا کە ڕێز لەیاسا و، مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ دراوسێیەکانی بگرێت.
یاسای قەیسەر دەسەڵات دەداتە حکوومەتی ئەمەریکا سزای هەر کەس و لایەنێکی دەرەکی بدات کە پاڵپشتی دارایی و، دابینکردنی کەلوپەل و، پێداویستیە تەکنۆلۆجیەکانی بۆ حکوومەتی سووریا بدات.
ئەو یاسایە سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەشدا دەسەپێنێ کە شتومەک و، کەلوپەلی خزمەتگوزارییە تەکنۆلۆجیەکان یان زانیاری بە سووریا دەفرۆشن بۆ ئیشپێکردن و چالاککردنی کەرتی نەوت و گازی سووریا.
هەر بەپێی ئەو یاسایە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانە سزا دەدرێن کە دەچنە گرێبەستی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیەوە لەگەڵ حکوومەتی سووریا لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سووریادا، وە هەموو یارمەتیە دارییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا بلۆک دەکرێن.
(مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی یاسایەکەوە گوتی، لەژێر ئەو یاسایەدا (٣٩) کەس و دەستە دەکەونە ژێر سزاوە، ئەو سزایانە بۆ یەکەم جار (ئەسما ئەلئەسەد) ی خێزانی (بەشار ئەلئەسەد) ی سەرۆکی سووریاشیان بەئامانج گرتوە.
هەروەها لەتویتێکدا نوسیویەتی، سزای زۆر زیاتر بەڕێوەن تا ئەو کاتەی (ئەسەد) و ڕژێمەکەی شەڕی خوێناوی و بێ ڕەحمانە ڕادەگرن و ڕازیدەبن بەچارەسەری سیاسی.
ئەگەرچی ئەو سزایانەی سەر سووریا و هاوپەیمانەکانی فشاری ئابوورین بۆ سەر حکوومەتی سووریا لەپێناو گۆڕانکاری بۆ دواڕۆژێکی نوێ لەسووریادا بەڵام ترس و نیگەرانی هەیە لەوەی فشارە ئابوورییەکان خەڵکی ئاسایی دەپێکن چونکە بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە دراوی وڵاتەکە بەهای خۆی لەدەستدەدات و نرخی خۆراک و پێداویستیە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەش بەرزدەبێتەوە، سەرەنجام خەڵکی ئاسایی دەکەونە ژێر بارێکی قورسی ژیانەوە.
بەهۆی شەڕی سووریاوە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکە وێران بوون، کێشە ئابوورییەکانیش زۆر قوڵبونەتەوە، وە بەهای دراو زۆر دابەزیوە و، نرخی خۆراک و، کەلوپەلە پزیشکیەکان بێ ئەنداز بەرزبونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا جێبەجێکردنی یاسای قەیسەر بۆ سزادانی سووریا کاریگەری خراپتری ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە دەبێت.
شیاوی باسکردنە، لەوەتەی ساڵی (٢٠١١) ەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا سەریهەڵداوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس کوژراون و، یانزە ملیۆن کەس ئاوارە بوون.
ئەگەرچی لەساڵانی سەرەتای گرژییەکان حکوومەتی سووریا بەشێکی زۆری کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی سووریای لەدەستدا بەڵام بەهۆی پاڵپشتی ڕاستەخۆی ڕووسیا و، هەروەها ئێران لەدوای ساڵی (٢٠١٥) ەوە کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی بەدەستهێناوەتەوە . هێشتا ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، وە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیش لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندان.
یاسای (قەیسەر) لەناوی وێنەگرێکی پێشووی سەربازی سووریاوە هاتوە کە لەدوای ساڵی (٢٠١٣)ەوە لە حکوومەتی سووریا جیا بووەتەوە و هەڵاتووە بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ خۆیدا نزیکەی (٥٢،٢٧٥) وێنەی سزادان و ئەشکەنجەدان و کوشتنی زیندانیەکانی حکوومەتی سووریای بردووە.

© 2017 Hawler