تەمموز 10, 2020

فەیسبووک پۆستێکی دۆناڵد ترەمپی سڕییەوە

و:هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

 

کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند، پۆستێکیان سڕیوەتەوە کە ناوەرۆکەکەی پەیوەست بووە بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی ئەمریکاوە، هۆکاری ئەمەیش ئەوە بووە کە وا دەردەکەوت لە پۆستەکەدا دروشمێک هەبووە کە وەختی خۆی لە نازییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیاندا بەکاریانهێناوە. فەیسبووک وتوویەتی کە لە پۆستەکەدا سیگۆشەیەکی سووری سەربەرەوخوار هەبووە کە لەو سێگۆشەیە چووە کە وەختی خۆی نازییەکان وەک مۆر دەیاندا لە دوژمنەکانیان، لەوانەیش کۆمۆنیستەکان.
دەستەی هەڵمەتی ترەمپ ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە مەبەستیان بزووتنەوەی چەپی تووندڕەوتی "ئەنتیفا" بکەنە ئامانج، کە بە وتەی خۆیان، هەمان دروشم بەکاردەهێنن.
سەرۆکی سیاسەتی ئەمنیی پەیوەندیگیریی لە کۆمپانیاکە، ناتانیال گلیچەر، وتی: ''ڕیگە بەو دروشمانە نادەین کە ڕێکخراوی کینەبازی و ئایدیۆلۆژیای دوژمنایەتی بنوێنێتەوە، مەگەر ئەوەی لە بەستێنێکی تایبەتدا بێت یان دەبێت سەرزەنشت بکرێت''.
تیم مۆرتۆ، وەک وتەبێژ بە ناوی دۆناڵد ترەمپەوە وتی: ''سێ گۆشە سەربەرەوخوارەکە ئەننتفا خۆیان بەکاری دەهێنن، لەبەرئەوەیە کە لە ڕاگەیاندنەکەدا سەبارەت بە ئەنتیفا ئەو ڕەمزە دانراوە''. هەروەها وتی: ''فەیسبووک خۆیشی هێشتا ئیمۆجییەکی هەیە کە سێگۆشەیەکی سووری سەربەرەوخوارەوە و بە تەواوەتی لەو سێگۆشەیە دەچێت''.
هەڵبەت لەو ماوانەی دواییدا ترەمپ گروپی ئەنتیفای چەپی بە نانەوەی ئاژاوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان تۆمەتبار کرد، بە تایبەتیش دوای کوژرانی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێست بە دەستی پۆلیسێکی ئەمریکی.
ترەمپ مانگی ڕابردوو پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئەنتیفا وەک "ڕیکخراوێکی تیرۆریستی هەرێمی" دەناسێنێت، بەڵام چەند پسپۆڕێکی بواری یاسا پێیانوابوو ئەمە هیچ ڕەوایەتییەکی یاسایی نابێت.
لەم یەکتر تۆمەتبارکردنەدا، ئەنتیفا خۆی بە بزووتنەوەیەکی دژ نیو-نازیزم و نیوفاشیزم و لایەنگرانی باڵایەتیی سپیپێست دەناسێنێت، خۆیشی وەک کۆمەڵێک چالاکوانی بێ ڕێکخستن و بێ رابەرایەتی ناساندووە و سەرکۆنەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن کە پێیانوایە ناسیۆنالیستانە و دژە-کۆچبەران و دژە-موسوڵمانانە.
مانگی ڕابردوویش لە پۆستێکدا کە ترەمپ نووسی "سوپای پاسەوانی نیشتمانی دەنێرم...''، کۆمپانیای فەیسبووک پێیوابوو ئەم پۆستە ئاساییە و ناکۆک نییە لەگەڵ سیاسەتە ئەمنییەکانی کۆمپانیاکەدا، ئەمەیش بووە مایەی نیگەرانیی بەشێک لە کارمەندانی ئەو کۆمپانیایە. دواتر هەمان پۆست لە توویتەر بڵاوکرایەوە و کۆمپانیای توویتەر پۆستەکەی سڕییەوە، بۆیە کارمەندانی فەیسبووک رایانگەیاند کە ''هەست بە شەرمەزاری دەکەن''.

© 2017 Hawler