کانونی دووەم 20, 2018

دۆناڵد ترامپ: به‌ مه‌رج ئاماده‌م له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ رێبه‌ری كۆریای باكوور بكه‌م

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێك له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كیم جونگ ئۆن رێبه‌ری كۆریای باكوور بكات.
ترامپ ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌رده‌وام باوه‌ڕی به‌ دیالۆگ هه‌بووه‌، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دیالۆگیش مه‌رجه‌كانی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ ئاماژه‌ی به‌ مه‌رجه‌كان نه‌كردووه‌.
لێدوانه‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ردووك كۆریای باكوور و باشوور رێككه‌وتوون كه‌ یه‌كه‌م دانووستانه‌كانی خۆیان له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستپێبكه‌ن كه‌ دوو ساڵ بوو زنجیره‌ دانووستانه‌كانی نێوانیان راوه‌ستابوو.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ به‌شداریی كۆریای باكوور له‌ یارییه‌كانی ئۆڵۆمپیادی زستانه‌ی ئه‌مساڵ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ردووك كۆریا ده‌بێت كه‌ بڕیاره‌ ئۆڵۆمپیادی ئه‌مساڵ له‌ نۆیه‌م تا بیسته‌می مانگی فبرایه‌ری ئه‌مساڵ به‌ ئه‌نجام بگات.
دۆناڵد ترامپیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ پێشوازیی له‌و دانووستانه‌ی نێوان كۆریای باكوور و باشوور كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ كاتێكی گونجاودا دێته‌ ناو دانووستانه‌كانه‌وه‌.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.