حوزەیران 04, 2020

زانکۆی کامبریج: کۆرۆنا لە ووهان سەریهەڵنەداوە

لە توێژینەوەیەکدا، پسپۆڕانی بواری جینات لە زانکۆی کامبریج ئاشکرای دەکەن، ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) سەرەتا لە شاری ووهان سەریهەڵەنداوە وەک ئەوەی خەڵک بڕوای پێدەکەن.

پیتەر فۆرستێر، پسپۆڕی بواری جینات لە زانکۆی کامبریج لە لێدوانێکی بۆ تەلەڤەزیۆنی ئاڕ تی رووسی رایگەیاند، ئێمە سێ جۆری جیاوازی ڤایرۆسی کۆرۆنامان دەستنیشانکردووە. جۆری یەکەم لە شەمشەمەکوێرە گوازراوەتەوە و لە چین دۆزراوەتەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی لە ووهان نەبووە.

دەشڵێت، جۆری دووەم، ئەو ڤایرۆسەیە کە لە ووهان بڵاوبووەتەوە و هەروەها جۆری سێیەم، لە دەرەوەی چین بڵاوبووەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، جۆری یەکەم لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆرتر بووە، بەڵام بۆ ئێمەش جێگای سەرسوڕمان بوو کە ئەو ڤایرۆسە لە ووهان سەری هەڵنەداوە، بەڵکو لە بەشێکی دیکەی چین بڵاوبووەتەوە.

ئەمەریکا بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، بەڵام مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا دەڵێت، چین رێگا نادات دەستمان بەو تاقیگەیە بگات کە گومانی لەسەرە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، لە تاقیگەیەکی ووهان، تاقیکردنەوە لەسەر شەمشەمەکوێرەی شاخەکان کراوە و ئەمەش گومانی دروستکردووە.

یوهان ژیمینگ، بەڕێوەبەری تاقیگەکەی ووهان رەتی دەکاتەوە ڤایرۆسەکە لەوێ دزەی کردبێت و دەڵێت، مەحاڵە هیچ ڤایرۆسێک لای ئێمە چووبێتە دەرەوە.

پزیشکەکەی کامبریج لەوبارەوە دەڵێت، ئێمە بڕوامان وایە ڤایرۆسەکە لە بازاڕی ماسی و ئاژەڵانی ووهان تەشەنەی کردبێت، بەڵام پێشمان وایە، پێش ووهان، ئەو ڤایرۆسە لە شوێنێکی دیکە بڵاوبووەتەوە؛ بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەین.

 

© 2017 Hawler