حوزەیران 04, 2020

تۆژينه‌وه‌يه‌ك: زياتر له‌ 74 مليۆن كه‌س له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى مه‌ترسى تووشبوون به‌ كۆڕۆنايان له‌سه‌ره‌

ليژنه‌ى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى رۆژئاواى ئاسيا كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانه‌ (ئيسكوا)، تۆژينه‌وه‌يه‌كى نوێى بڵاوكرده‌وه‌ تيايدا تيشكى خسته‌ سه‌ر كاريگه‌رييه‌كانى په‌تاى كۆڕۆنا له‌م ناوچه‌يه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ى كه‌م ئاوى هه‌يه‌.

 

تۆژينه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ى پێدا، له‌كاتێكدا هه‌موو جيهان كۆكه‌ له‌سه‌ر ده‌ست شووشتن به‌ ئاو و سابوون كه‌ باشترين رێگه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆڕۆنا، ئه‌م رێنماييه‌ ساكاره‌ له‌ ناوچه‌ى عه‌ره‌بى ده‌بێته‌ كارێكى ئاڵۆز، چونكه‌ 74 مليۆن كه‌س ده‌ستشۆريان نييه‌ و ئاوى ده‌ست شووشتنيان ده‌ست ناكه‌وێت.

 

ئيسكوا، پێشبينى ده‌كات خواست له‌سه‌ر ئاو بۆ ده‌ست شووشتن له‌ 9 بۆ 12 ليتر بۆ تاكه‌ كه‌سێك زياد بكات له‌ رۆژێكدا، ئه‌و پرسه‌ى دۆخه‌كەش خراپتر ده‌كات له‌ 10 وڵاتى عه‌ره‌بى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و ئاوه‌ى له‌ڕێگه‌ى تۆڕه‌كانى ئاو ده‌گوازرێته‌وه‌ به‌شى دانيشتووان ناكات.

 

هه‌ر به‌گوێره‌ى تۆژينه‌وه‌كه‌ى ئيسكوا، 87 مليۆن كه‌س له‌ ناوچه‌ى عه‌ره‌بى به‌ده‌ست كه‌مى ئاوى خواردنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن له‌ شوێنه‌كانى نيشته‌جێبوونيان و، ناچاربوونيان بۆ په‌يداكردنى ئاو له‌ سه‌رچاوه‌ گشتييه‌كان مه‌ترسيى تووشبوونيان به‌ ڤايرۆسى كۆڕۆنا زياتر ده‌كات.

© 2017 Hawler