نیسان 15, 2021

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئێران، نزمترین ئاستی بەشداریی تۆمار کرد

هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

 

وەزیری ناووخۆ، عەبدولڕەزا رەحمان فەزڵی، سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئێراندا نزمترین ئاستی تۆمار کردووە کە 42.2% بووە. لەو کاتەوەی کۆماری ئیسلامی دروستبووە لە دوای شۆڕشی 1979، ئەمە کەمترین ڕیژەی دەنگدانە کە لەو وڵاتە تۆمار کرابێت.

ڕەحمان فەزڵی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ''ئەم هەڵبژاردنەمان لە دۆخێکدا ئەنجام دا کە وڵاتەکە بە کۆمەڵێک کێشە و کارەساتدا تێدەپەڕێت، لەوانە خراپی کەش و هەوا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا، تێکشکانی فڕۆکە ئۆرکرانییەکە''. بۆیە وتی: ''بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بار و ڕەوشە، ڕێژەی لەشدارییەکە لای ئیمە لۆژیکییە و جێگای پەسەندە''.
کەمیی ڕێژەی بەشداربووان پێشبینیکرا بوو، لیژنەی ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان کە کۆنزەرڤاتیڤەکان بەسەریدا باڵادەستن، نیوەی بەربژێرەکانی دوورخستەوە کە نزیکەی 16 هەزار پاڵێوراوبوون و زۆربەیشیان لە میانڕەوەکان و چاکسازییخوازەکان بوون. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش کۆنزەرڤەتیڤەکان لە پێش چاکسازییخوازەکانەوەن.
دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەگەر بە فەرمی یەکلایی بکرێتەوە زەبرێکی بەهێزە لە حەسەن ڕۆحانیی سەرۆکی وڵات کە ماوەی خولیی دووەمی دەسەڵاتەکەی تەنیا 18 مانگی ماوە، لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی ئەنجومەنێکی نیشتمانی دەبێتەوە کە تێیدا کۆنزەرڤەتیڤەکان زۆرینەن، ئەمەیش واتای ئەوەیە ڕووبەڕووی فشار و ڕەخنەی زیاتر دەبێتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵیی فارس، کۆنزەرڤەتیڤەکان 191ـیان لە 290 کورسیی پەرلەمانی بردۆتەوە، چاکسازیخوازەکانیش تەنیا 16 کورسی و بێلایەنەکانیش 43 کورسی.
عەلی خامنەئی، ڕابەریی کۆماری ئیسلامی، هەڵبژاردنەکەی بە پووچەڵبوونەوەی پیلانی دوژمنان وەسف کرد و ڕایگەیاند چەند مانگێکە بە هەموو هێزیان کاریان بۆ ئەوە کردووە گەلی ئێرانی سارد بکەنەوە و تەنانەت بە ڤایرۆسی کرۆنایش هەوڵیاندا وا بکەن خەڵکی ئێران بەشداریی دەنگدان نەکەن.
هەڵبژارنەکان لە هەلومەرجێکی دژواردا كراوە کە کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، لەوانە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دڕدۆنگییەکانی دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا کە ڕۆژی یەک شەممە سێ حاڵەتی تری تووشبوو بە ڤایرۆسی کرۆنا ڕاگەیەنرا. هەر بەم هۆیە حكوومەت بڕیاریدا قوتابخانە و زانکۆکان لە 14 ناوچەی وڵاتدا دابخات و هەندێک فێستڤاڵی هونەری و سینەمایی بۆ ماوەی یەک هەفتە دواخست. لەدوای ئەوەیشەوە چەندین حاڵەتیتری کرۆنا لەو وڵاتە ڕاگەیەنراوە.

https://www.bbc.com/arabic/middleeast-51605513

© 2017 Hawler