ئاب 03, 2020

بە شایەتیی گردەکەی شاری حەلەب

د. ڕزگار ئازەوانی - هه‌ولێر


مێژووی راستەقینەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو رادەیەش کە دەڵێن خوێنی لێ ناچۆڕێت؛ راستیەکەیتان دەوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەختی خۆی لانکەی پێکەوژیانی ئاشتیانە بووە؛ نموونەیەکی هەرە جوانیشی سەردەمی دەسەڵاتی ئەیوبیەکان بووە.
 
وا نۆ ساڵە شەڕی ناوخۆ بەرۆکی سووریای گرتووە و بڕستی لێ بڕیوە؛ شەڕەکە بووەتە شەڕی دینو دینزاو هۆز و نەتەوەی جیاجیا؛ هەندێ کەس دەڵێن گوایە ئەوە ١٥٠٠ ساڵە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی لێ نەبڕاوە و خەڵکی ناوچەکە خوویان پێوە گرتووە و، ئەوەندە لە دابونەریتی خۆیاندا داچەقیون، بەرەوە نوێبوونەوە و بووژانەوە و مۆدرنیزاسیۆن هەنگاویان پێ هەڵناگیرێت.
راستە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا جاروبار شەڕە دین و شەڕە نەتەوە و شەڕە هۆز هەڵدەگیرسا بەڵام هەرهەمووی بەسەریەکەوە ناگتە چارەکێکی ئەم شەڕ و ئاژاوە بەرفراوانەی ئێستا، کە بەرهەمی ئەورووپایە و پاش دامەزرانی دەڵەت‌نەتەوە عەرەبەکان لە دوای دووەم شەڕە گەوەرەی جهان، شەڕەی ئەوەندەی دی قووڵ بووەوە، بە تایبەت کە شەڕی ناوخۆی لوبنان هەڵگیرسا و عێراق کەوتە بن دەستی ئەمەریکا (٢٠٠٣)، شەڕە دین و شەڕە نەتەوە هەربەجارێ بووە بابەتێکی باو.
ئەو دەسەڵاتدارە کوردە سوننەمەزهەبانەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا حوکمی سووریایان دەکرد، رەچاوی خەڵکە شیعەکەی بندەستی خۆیانیان دەکرد و، خسن (مەزارگە) و گۆڕە پیرۆزکانی شیعەکانیشیان بۆ دەپاراستن.
بۆ نموونە گردێکی نزیک شاری حەلەبی سووریا، مەزارگەیەکی لێیە کە هەتا ئێستایش ماوەتەوە؛ سەدەی سێزدەهەمی زایینی، زایەر غازی (١١٧٢ – ١٢١٦ـی زایینی)، کوڕی سەلاحەدین ئەیوبی هەڵسا کردی بە یەکەم خسن و مەزاری سەرتانسەری شام (سووریا)؛ بە فەرمانی زایەر غازی کە خۆی کوردێکی سوننەمەزهەب بوو، سەردەری خسن (مەزارگە)کە هەم ناوی چوار خەلیفەی لێ نەخشێندراوە هەم دوانزە ئیمامی شیعەکان؛ لە بنەوەیشی نووسراوە: هاوەڵان و ئەسحابەی پێغەمبەر، خوایان لێ رازی.
ئەوە نموونەیەکی پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لەو سەردەمە ئاڵۆزەدا و، کورد گوتەنی مشت نموونەی خەروارە؛ ئەو دەسەڵاتدارە کوردە بەو کارەی خۆی شێعە و سوننەی لە شەڕ و تێکگیران دوورە دەخستەوە؛ جا بۆیە رەوا نیە بڵێین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا بووە هەروا بووە و هەرواش دەبێ!ئێڵخانەکان، بنەماڵەیەکی سەردەستی مەغۆل بوون؛ کە بوون بە ئیسلام دەستیان کردە بووژاندنەوەی وڵات و شێوازێکی وەکو رینیسانسەکەی ئیتالیایان گرتە بەر و ئاوەڕێکی چاکیان لە هونەر و زانست دایەوە؛ ئەو شێوازە هەتا سەروبەندی عوسمانیەکانیش مابوو؛ کە مۆدیرنیزاسیۆن و نوێبوونەوەی سیاسەت هاتە گۆڕێ، چێوەشێوکەدانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەستی پێکرد؛ شێعە و سوننە کەوتنە وێزەی یەکتر؛ دینەکان لێک هان دران؛ نەتەوەکانیان بەگژ یەکدا کرد و تۆوی ئاژاوە و دووبەرەکی و چەندبەرەکی چێندرایەوە.
سەدەی بیستەمی زایینی، ئەورووپا دوو شەڕی هەرە گەورەی هەڵگیرساند و، هەموو دنیای تێوە گلاند؛ بەڵام کەی رەوایە هەر لە سۆنگە و روانگەی ئەو دوو شەڕەوە، ئەرووپا هەڵبسەنگێنین؟ هەربۆیە نابێ بڵێین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە خۆی حەزی لە ئاژاوەیە و بە شتێکی خۆتەن (زاتی)ـی بزانین؛ ئەڵبەت نامەوێ بڵێم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ و ئاژاوە پاکە، مەبەستەکەم ئەوەیە کە نابێ و ناشبێ هەر لە سۆنگەی شەڕەوە، ناوچەیەک هەڵبسەنگێنین و حوکمی بەسەردا بدەین.

© 2017 Hawler