شوبات 23, 2020

ئەمەریکا و عێراق، مۆڵەتی بەخشین و باشترکردنەوەی پەیوەندییەکان

 

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

لەکۆتایی ئەو حەفتەیەدا وادەی بەخشینی عێراق بۆ کڕینی گاز و کارەبا لەئێران تەواودەبێ، ساتەوەختی تەواوبوونی مۆڵەتی بەخشینی مامەڵەی وزە لەنێوان عێراق و ئێراندا لەکاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەهۆی گرژییەکانی لەگەڵ ئێرانەوە لەدۆخێکی زۆر باشدا نیە، بۆیە وەکو تاقیکردنەوەیەک لەسەر ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دادەنرێ.

بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی عێراق ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە ئەمەریکا ڕازیبوە ماوەی مۆڵەتی بەخشینی عێراق لەکڕینی گاز و کارەبا لەئێران درێژبکاتەوە.
ئەمەریکا لەماوەی ڕابردوودا چەند جارێک مۆڵەتی بەخشینی بۆ عێراق دەرکردوە بۆ هێنانی گاز لەئێرانەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی وزە و بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان.
ئێران سزای ئەمەریکای لەسەرە و ناتوانێ وزە هاوردەی دەرەوە بکات، بەڵام ئەمەریکا دۆخی عێراقی لەبەرچاوگرتوە و ئەو دەرفەتانەی داوەتە حکومەتی عێڕاق تا کاربکات بۆ پشتبەستن بەخۆی لەبواری دابینکردنی وزەدا بۆ پێداویستیەکانی کارەبا، ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشكرابێ دەڵێ، ئەمەریکا بۆیە ڕازیبوە ماوەی بەخشین بۆ عێڕاق درێژکاتەوە چونکە حکومەتی عێراق هەنگاوی هاویشتوە بۆ بەرەو سەربەخۆیبون یان پشتبەخۆبەستن لەپێداویستیەکانی وزەیدا و کەمتر پشت بەئێران دەبەستێ.
یەکێک لەو هەنگاوانەی ئەو حکومەتەکەی (عەبدولمەهدی) ناویەتی ئەوەیە وەبەرهێنان لەبواری گازدا بکات، بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق پشتڕاستیکردۆتەوە، درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە لەبەرئەوەیە کە حکومەت هەنگاوی گرنگ و بەرەوپێشوەچونی ناوە لەپێناو وەبەرهێنانی گازدا لەعێراق.
کارەبا پرسێکی هەستیارە لەعێراق:
کەموکورتی لەدابینکردنی کارەبا لەعێراق یەکێکە لەپرسە هەنوکەیی و گرنگەکان و، وێڕای ئەوەی کە عێراق دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو ئۆپێکدا بەڵام حکومەتەکانی ڕابردووی عێراق نەیانتوانیوە وەبەرهێنان لەبواری گاز و پێداویستیەکانی دابینکردنی کارەبادا بەشێوەیەکی بنەڕەتی بکەن.
هاوینان لەناوچەکانی باشووری عێراق بەهۆی نەبوونی کارەباوە خۆپیشاندانی گەورە سەرهەڵدەدەن و زۆرجار دەبنە مایەی توندوتیژی و زیانگەیاندن بەدامەزراوەکانی حکومەت، ئەوەش کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لەناو عێراقدا قوڵتردەکەنەوە.
عێراق گاز لەئێرانەوە هاوردەدەکات بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی، وە لەماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەیان بەڕێکەوتنێکی پێشوی عێراق و ئێران کردبوو کە لەساڵی (٢٠١٣) ەدا واژۆکراوە بۆ کرینی گازی ئێرانی و ڕەوانەکردنی بۆ کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەعێراقدا.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ڕۆژانە ئێران نزیکەی (٤٠ بۆ ٦٠ملیۆن مەتر سێ‌جا) گاز بۆ بەغدا و بەسڕە بنێرێ بۆ ماوەی شەش ساڵ، وە هەردوو وڵات نزیکەی (٢،٣ ملیار) دۆلاریان لەو وەبەرهێنانەدا تەرخان کردوە.
ماوەی ئەو کۆنتڕاکتە کۆتایی هاتوە، بەڵام هێشتا عێراق نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی وەبەرهێنانی خۆی لەو بوارەدا گەشەپێدا، هۆکارەکان زۆرن و چاودێران گەندەڵی و شەڕ و ناکۆکیە سیاسیەکان بەگەورەترین بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی کەرتی وزەی عێراق و خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا دەبینن.
هەڵبەتە عێراق و ئێران بێجگە لەوەی کەسنورێکی درێژیان پێکەوە هەیە، هاوکات ئێران کاریگەری گەورەیشی لەسەر عێراق هەیە چ لەڕووی بازرگانی و چ لەڕووی سیاسیەوە. ئەمەریکا دەیەوێت عێراق پشت لەئێران بکاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕابگرێت بۆ ئەوەش ئامادەیی تێدا هەیە هەماهەنگی و یارمەتی عێراق بکات لەبوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیدا لەڕێگای کۆمپانیاکانی بواری وزەوە.
حكومەتەکەی (عادل عەبدولمەهدی) لە مانگی نیسانی (٢٠١٩)ەدا شەش کۆنتراکتی وەزارەتی نەوتی پەسندکرد، ئەو ڕێکەوتنانە بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانی گازن لەماوەی دوو ساڵدا، وە ئەو هەنگاوەی حکومەتی عێراق بۆ ئەمەریکا نیشاندانی هەوڵەکانی عێراقە بۆ پشتبەستن بەرەو سەربەخۆیبوون لەڕووی دابینکردنی پێداویستیەکانی وزەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ئێن‌بی‌سی‌ نیوز) ئەو ڕێکەوتنانەی بواری وزە کاریگەریان دەبێ بۆ دابینکردنی زیاتر لە (٧٥٠ ملیۆن مەتر سێ جا) لە گاز لەهەر ڕۆژێکدا بۆ ماوەی سێ ساڵ، بۆیە ئەەگر ئەو ڕێکەوتنانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا عێراق دەتوانێ سەربەخۆیی پێداویستیەکانی وزەی هەبێ.
شیاوی گوتنە، لەمانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا ئەمەریکا ماوەی بەخشینی بۆ ماوەی (١٢٠ ڕۆژ) بۆ عێراق درێژکردەوە هەتاکوو گاز و کارەبا لەئێرانەوە هاوردەبکات، ئێستا ئەو وادەیە لەبەردەم جارێکی دیکە درێژکردنەوەدایە و، بەگوتەی بەرپرسانی عێراقی ئەمەریکا ڕازیبوە ماوەی (١٢٠ ڕۆژ)ی دیکە بەخشین بۆ عێراق درێژبکاتەوە.
مەرجی ئەمەریکا بۆ پێدانی مۆڵەتی بەخشین بەعێراق بۆ ئەوەی هاوردەی گاز و کارەبای ئێران بکات ئەوەیە کە دەبێ عێراق هەنگاوبنێ بۆ پشتبەخۆبەستن لەبواری پێداویستیەکانی وزەدا، وە ئەو هەنگاوانەی حکومەتەکەی (عەبدولمەهدی) لەبواری وزەدا پێدەچێ کاریگەریان هەبێ لەسەر درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە.
درێژکردنەوەی مۆڵەتی بەخشین بەعێراق تاقیکردنەوەیەکیشە لەبەردەم باشترکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراقدا کە بەهۆی گرژییەکانی ئەمەریکا و ئێرانەوە توشی ساردی و تێكچون ببون.
عێراق داویکردبوو ئەمەریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە بەڵام ئەمەریکا وەڵامی داوەتەوە کە ناکشێتەوە، وە هەڕەشەی سزادانان لەسەر عێراق و لاوازکردنی ئابووریەکەی کردبوو.
هەڵبەتە لەو چەند حەفتەیەی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەرەوباشبوون ڕۆیشتوون و هەردوولایان لەلێدوانی توند کشاونەوە و، بەغداش لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدایە بۆیە چاودێران درێژکردنەوەی ئەو بەخشینە وەکو دەرفەت و تاقیکردنەوەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق تەماشادەکەن.

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    شوبات 23 2020
  • رۆژنامه‌كان
    شوبات 20 2020
  • رۆژنامه‌كان
    شوبات 19 2020
  • 1
  • 2
  • 3
© 2017 Hawler