ئاب 14, 2020

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

سەختبوونی شەڕی نێوان سوپای سووریا و ئەو هێزانەی لەناو ئیدلیبن كە زۆرینەی هێزی تەحریر شامن كە توركیا هاوكاری لۆجیستی و سەربازیان دەكات، وای كردووە كە توركیا و روسیا نێوانیان تێك بچێت و لە ئێستاشدا روسیا ئاسمانی ئیدلیبی بەڕووی توركیادا داخستووە.

رۆژنامەی (حوریەت)_ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، توركیا لە ماوەی ٢ هەفتەدا ١١٠٠ كامیۆن چەكی بۆ ئیدلیب ناردووە، هەروەها ٥ هەزار سەربازیشی ناردووە، تا پشتگیری لەو هێزانە بكەن كە لەناو ئیدلیبن و دژی سوپای سووریا دەجەنگن، بەڵام سوپای سووریا بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا توانیانە پێشڕەوییەكی باش بكەن.
توركیا لە ئێستادا ٥ شاری سووریای لەژێر دەستدایە، بەڵام بۆ داگیركردنی ئەو ٥ شارە، فڕۆكەی جەنگی بەكارهێناوە، بە تایبەت ئەوكاتەی عەفرینی داگیر كرد، ئەوەی هاوكاری توركیا بوو فڕۆكە جەنگییەكان بوو، كە ئەوكات روسیا ئاسمانی عەفرینی بۆ توركیا كردەوە.
بە گوێرەی ئەو زایارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە، روسیا بە هەموو شێوەیەك ئاسمانی ئیدلیبی بەڕووی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا داخستووە، بۆیە توركیا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت بە فڕۆكەی جەنگی رووبەڕووی سوپای سووریا ببێتەوە.
ئایدن دەرە نووسەری دیاری باكووری كوردستان، لە نووسینێكدا لە پێگەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە دنیا بە ئاسانی گۆڕانی بسەردا دێت، سەردەمانێك روسیا ئاسمانی عەفرینی كردبووەوە تا توركیا بە ئارەزووی خۆی كورد بكوژێت و عەفرینیش داگیر كرا، بەڵام ئێستا ئاسمانی ئیدلیبی بەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا داخستووە و روسیا بەئارەزووی خۆی لە هاوپەیمانەكانی توركیا دەكوژێت.
تاوەكو ئێستا ١٥ سەربازی توركیا بە دەستی سوپای سووریا لە ئیدلیب كوژراوە، ئەگەر توركیا راستەوخۆش بچێتە ناو شەڕی ئیدلیب و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ سوپای سووریادا بكات، ئەگەر زۆرە ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی زیاد بكات. ئەمەش هەر بە گوتەی بەشێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی توركیا.
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، رەخنەی توند لە رووسیا دەگرێت و دەڵێت رێككەوتنی ئاستانەیان شكاندووە، بۆیە دەڵێت ئیدی توركیا ناچارە هێز بەكاربهێنێت لە ئیدلیب و شەڕی سووریا بكات.
ماڵپەڕی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر بێت و ئیدلیب بكەوێت و سووریا توانی كۆنتڕۆڵی بكات، ئەوكات نۆرەی عەفرین دێت و دەبێت توركیا لەوێش كۆتایی پێ بهێنرێت، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات تا ئیدلیب نەكەوێت.

© 2017 Hawler