نیسان 02, 2020

کێ دەڵێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حەزی لە شەڕ و ئاژاوەیە؟

د. ڕزگار ئازەوانی - هه‌ولێر



مێژووی راستەقینەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو رادەیەش کە دەڵێن خوێنی لێ ناچۆڕێت؛ راستیەکەیتان دەوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەختی خۆی لانکەی پێکەوژیانی ئاشتیانە بووە.
 
سەربازەکانی ئەمەریکا لە بەغدا، 2006
مانگێ لەمەوبەر دیسان قەوانێکی سواو لێ دەدرایەوە و دەیانگوت: "خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە خۆیان حەزیان لە شەڕ و ئاژاوەیە، بۆیە لەکۆڵیان نابێتەوە!" رێک لەو سەروبەندەدا، رێکەوتی ٨/١/٢٠٢٠ـی زایینی کەی‌تی مەک‌فارلەند جێگری جارانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا هاتە سەر شاشەی کەناڵی فۆکس‌نیۆز و ئەویش قەوانەکەی لێ دایەوە و فەرمووی: "کورە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە چوارهەزار ساڵە لەناو خۆیاندا شەڕیانە؛ شەڕەنەتەوە و شەڕەهۆزە؛ شێتسەری و بەدبەختی! لێیان گەڕێن با هەروا بن وا خۆیان دەیانەوێ؛ ئەوان بەبێ ئاژاوە نایانکرێ و، شەڕیان بە لاوە ئاساییە!"
ئەوانەی حەزیان لێیە بە دنیای بسەلمێنن گوایە شەڕ و ئاژاوە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەر لە خۆتەن شەڕاشۆ و ئاژاوەگێڕن، زوو زوو ئەو کڵێشەیە دەهێننەوە گۆڕێ؛ بەڵام ئەگەر سەرنجێکی مێژووی ناوچەکە بدەین، چیرۆکەکە بەو شێوازە نیە وا ئەوان باسی دەکەن.
رادەی کوشتوبڕکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ناوچەکانی دیکە دنیا زیاتر نیە؛ سەرەڕای ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لانکەی سەرهەڵدانی ژیار و شارستانەت بووە، بە هەزاران ساڵ دین و نەتەوەی جیاواز، ئاشتیانە پێکەوە ژیاون و پێکەوە هەڵیان‌کردووە.
هەر ساسان (ئیمپراتۆر)ێک ناوەبەناوە حوکمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیکردبێ هەر لە خۆتەن یان لە ناچارییشدا بووبێ زانیویەتی حوکمی ئەو ناوچە بەبێ پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیان و لێخۆشبوون بەڕێوە ناچێت و بە کردەوە ئەو پرینسیپە ریكوپێک و جوانانەی پێادە کردووە.
راستە جیاوازی لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە و ئاژاوەی خەڵکی سەر بە ساسانێک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەیەکە بۆ هێزی سیاسی و ئابووری؛ هەڵبەت مەبەست ئەوە بڵێین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوسا شامی شەریف بووە و، وەکو دیمۆکراسیەکی هاوچەرخ بەڕێوە چوونە، بەڵام بۆ مانەوەی خۆیان ناچار بوون رەچاوی دابونەریت و بیروباوەڕی ئەو خەڵکە جۆراوجۆرەی بندەستی خۆیان بکەن، ئەگینا زوو لێک هەڵدەوەشانەوە.
ناوەڕاستی حەفتەم سەدەی زایینی، ئەو کاتەی وا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکڕا کەوتە دەست بسڵمانەکان و لەوپەڕی هیندستانەوە هەتا ئیسپانیا، حوکمیان دەکرد، خۆ زۆرینەی خەڵکی بندەستیان دیان (کریستیان) بوون؛ بسڵمانەکان بە گوێرەی قورئان، بە جوانی لەگەڵ جوولەکە و دیاندا دەجووڵانەوە.
تەنانەت ئەو ئازادی و ئاسایشەی بۆ خەڵکی جوولەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین کرابوو، لە ئەورووپادا هەر نەبوو؛ بە سەدان ساڵ لەو ئەورووپایە جوولەکەیان دەچەوساندەوە.

هێرشهێنانی مەغۆل
مەغۆل لە دڕندەیی و خوێنمژیدا بەناونگن بەڵام کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داگیر کرد و بوون بە یەکەم زلهێزی پانوبەرینی دنیا، زانییان بەبێ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئەو هەموو دین و نەتەوە جیاوازەی بندەستیان، وڵات بەڕێوە ناچێت؛ هەربۆیە 'ئاشتەواییەکی مەغۆلانی'ـیان راگەیاند و، لێ گەڕان هەرکەسەو بە گوێرەی دابونەریت و دینی خۆی بجووڵێتەوە و بژیێت.
ئێڵخانەکان، بنەماڵەیەکی سەردەستی مەغۆل بوون؛ کە بوون بە ئیسلام دەستیان کردە بووژاندنەوەی وڵات و شێوازێکی وەکو رینیسانسەکەی ئیتالیایان گرتە بەر و ئاوەڕێکی چاکیان لە هونەر و زانست دایەوە؛ ئەو شێوازە هەتا سەروبەندی عوسمانیەکانیش مابوو؛ کە مۆدیرنیزاسیۆن و نوێبوونەوەی سیاسەت هاتە گۆڕێ، چێوەشێوکەدانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەستی پێکرد؛ شێعە و سوننە کەوتنە وێزەی یەکتر؛ دینەکان لێک هان دران؛ نەتەوەکانیان بەگژ یەکدا کرد و تۆوی ئاژاوە و دووبەرەکی و چەندبەرەکی چێندرایەوە.
سەدەی بیستەمی زایینی، ئەورووپا دوو شەڕی هەرە گەورەی هەڵگیرساند و، هەموو دنیای تێوە گلاند؛ بەڵام کەی رەوایە هەر لە سۆنگە و روانگەی ئەو دوو شەڕەوە، ئەرووپا هەڵبسەنگێنین؟ هەربۆیە نابێ بڵێین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە خۆی حەزی لە ئاژاوەیە و بە شتێکی خۆتەن (زاتی)ـی بزانین؛ ئەڵبەت نامەوێ بڵێم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ و ئاژاوە پاکە، مەبەستەکەم ئەوەیە کە نابێ و ناشبێ هەر لە سۆنگەی شەڕەوە، ناوچەیەک هەڵبسەنگێنین و حوکمی بەسەردا بدەین.
سەرچاوە:
: https://time.com/5764119/middle-east-war-history/?fbclid=IwAR3oiKAzERu_ In1sVjFaPeQR6HBHr6iranrI3wlpobowmS6gFja3YBY
ئەو بابەتە وەرگێڕانێکی ئەو نووسراوەیە:
History Shows What’s Wrong With the Idea That War Is ‘Normal’ in the Middle East

© 2017 Hawler