نیسان 02, 2020

ریفراندۆمچییەكانی ئێرلەندا بردیانەوە

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئێرلەندا كرا، ئەمڕۆش ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشكرا كرا و شێن فەین سەرۆكی پارتی راستڕەوەكانی ئیرلەندا، توانی زۆرینە بە دەست بهێنێت، ئەمەش رۆژێكی مێژووییە بۆ ئێرلەندییەكان.

سەردەمانێك، ئەوكاتەی سوپای كۆماری ئێرلەندای باكوور دژی بەریتانیا چەنگی كرد و هەزاران كەسیان لە یەكتری كوشت، شێن فەین باڵی سیاسی ئەو سوپایە بوو، بۆیە كاتێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا زۆرینە بە دەست دەهێنێت، میدیاكان دەڵێن رۆژێكی مێژووییە بۆ ئێرلەندییەكان.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، كە پارتەكەی شێن فەین ٢٤.٥٪ی بە دەست هێناوە و ئۆپۆزسیۆنیش ٢٢.٢٪ و هەروەها پارتی دەسەڵات ٢٠.٩٪ و پارتی سەوزیش ٧.٤٪ی بە دەست هێناوە.
ئەگەرچی شێن فەین بەو رێژە دەنگە ناتوانێت بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرینەیە، پەرلەمان ئەو رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی حكوومەتێكی هاوپەیمانی دروست بكات.
شێن فەین لە پروپاگندەی هەڵبژاردنەكاندا، داوای لە خەڵك دەكرد دەنگی پێ بدەن، چونكە ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، هەموو هەوڵێك دەدەن تا لە بەریتانیا جیا ببنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمێكدا.
هەروەها تیشكی دەكردە سەر ئەو كەسانەی بێ خانوون و هەروەها كرێی خانووەكەیان زۆرە، ئەو دەیگوت بەو سیستەمەدا دەچینەوە و بێ شوێنی بۆ هیچ هاووڵاتییەك ناهێڵین.
ماڵپەڕی (BBC)_ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، هیچ پارتێكی سیاسی ئێرلەندا ئامادە نییە لەگەڵ شێن فەیندا بچێتە ناو حكوومەتی هاوپەیمانی، بۆیە ئەگەر زۆرە هەڵبژاردن دووبارە ئەنجام بدرێتەوە.
شێن فەین لە ١٩٧٠_دا ئەوكاتەی شەڕی بەریتانیا و ئێرلەندای باكوور گەرم بوو، ئەو باڵی سیاسی سوپای ئێرلەندانی كۆماری بوو، ئەو هەوڵی زۆریدا تا شەڕ كۆتایی پێ بێت و رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە پرسی چارەسەری نێوان بەریتانیا و ئێرلەندای باكوور.
لە ساڵی ١٩٩٨ توانی پارتێكی تازە دابمەزرێنێت، بەڵام هیچ كاتێك نەیتوانیوە بێتە دەسەڵات و بەردەوام ئۆپۆزسیۆن بووە.
لە دوا هەڵبژاردندا بەردەوام باسی لەوە دەكرد، كە داهاتی وڵات بە ناعەدالەتی بەسەر چین و توێژەكاندا دابەش دەكرێت، هەروەها باسی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كردووە، تا ئێرلەندای باكوور لە بەریتانیا جیا ببێتەوە، بۆیە بە بەهێزی دەركەوت و توانی لە هەڵبژاردندا ببێتە زۆرینە.

© 2017 Hawler